سەردێڕ:

یەکێتی بەتەمای چییە؟

5/6/2019 4:56:19 PM
2653 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

وەک پێشبینی دەکرا، پێدەچێت پێکھێنانی حکومەت بگاتە ناوەڕاست یان کۆتایی مانگی داھاتوو. رێوشوێنە پێویستەکانی پێش راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران دوو ھەفتەیەکی دەوێت، دوای راسپاردنیش ئەگەری بەھێز ئەوەیە نزیکەی یەک مانگ یان کەمتر پێویست بێت. سەرەنجام ئەم کابینەیە بۆ پێش یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە یەکی حوزەیرانە درێژە بکێشێت.

بۆیە باسی یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانم کرد، بۆئەوەی تیشک بخەمە سەر دوو تەوەری گرنگ، یەکەمیان بەشێک لەھۆکاری دواکەوتنی حکومەت، وەک دوپاتدەکرایەوە کە پێداگری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو لەسەر باشترکردنی حوکمڕانیی و راستکردنەوەی ئەو لاسەنگییەی بەھۆی تاکڕەویی یان ھەژمونی لایەنێکی دیاریکراو دروستبووە، ئەویدیکەشیان بۆ دوای پێکھێنانی حکومەت پلانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ باشترکردن یان نوێبونەوەی یەکێتی چی پێیە؟

لەباسی یەکەمدا ئەمجارە کۆبونەوە و مشتومڕی زۆر لەنێوان یەکێتی و پارتی و تەنانەت لەناوخۆی یەکێتیش دروستبوو، سەبارەت بەچۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی نوێی حوکمڕانیی و جێگیرکردنی ژمارەیەک پرەنسیپی نوێ بۆ کارکردن لە حکومەت و لەگەڵ پارتی، ئەمەش بۆ راستکردنەوەی بەشێکی لاسەنگییەکە و ھێنانەدی بەشێک لە داوا و خواستی کادران و دەنگدەرانی یەکێتی. ماوەتەوە ئێستا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ کاری نوێ خەڵکی نوێ بنێرێتە کابینەی نوێ. لێرەدا سەرنجی گرنگ ئەوەیە، یەکێتی بەنیازە کێ بنێرێتە ئەم کابینەیە و دەیەوێ چی بۆ بکات؟

بەدڵنیاییەوە دانانی کەسانی (لێوەشاوە، شارەزا، بوێر)، بۆ بەڕێوبردنی ئەو پۆست و جومگانەی حکومڕانی کە بەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەون گرنگییەکی گەورەی ھەیە، بەتایبەت ئەمجارە «گوایە!» جیاواز دەبێت لەرابردوو، بەو مانایەی نابێ ھەڵە و گرفتەکانی رابردوو بەردەوام بێت. کەوایە پێویستە بنەما و میکانزمێک دابنرێت تا بتوانرێت باشترین کادری حزب بۆ جومگەو بەرکەوتەکانی یەکێتی دەستنیشان بکرێت. ئەوەی دوومیان، دوای پێکھێنانی حکومەت یەکێتی چی دەکات؟ بەنیازە کۆنگرە بکات؟

ئەمە پرسیارێکی گرنگە، رەنگە زۆربەی کادرو بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بیانەوێ وڵامی ئەو پرسیارەوە بزانن، چونکە ماوەیەکی زۆرە بەسەر کۆنگرەدا تێپەڕیوە و واقعێکی نوێ ھاتۆتە پێش و یەکێتی لەسەر ھەردوو ئاستی ئاسۆیی و ستونی پێویستی بەگۆڕانی ریشەیی ھەیە، ئەمە جگە لەوەی لەھەردوو ھەڵبژاردنی عیراق و کوردستان بەشێک لەکاربەدەستانی یەکێتی پەیمانیان بە دەنگدەرانی یەکێتی داوە. کەوایە ھەموو چاوەڕێن تا بزانن یەکێتی دوای پێکھێنانی حکومەت بەتەمای چییە؟