سەردێڕ:

"رێبەر گێت"

4/8/2020 12:28:26 PM
5651 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

بەم کەرەنتینە و لەرۆژی شەممە، حکومەت داوای لابردنی حەسانەی پەرلەمانتاران دەکات.

زیندە خەو (٩)

 لەوانەیە خەوی سەردەمی کەرەنتین جیاواز بێت لەرۆژان و سەردەمانی دیکە، ئەگەرچی لەماڵ ناچینەدەر بەڵام ھەرجارێک لەخەو رادەبین جگە لە تۆمارکردن و راگەیاندنی حاڵەتی نوێی کۆرۆنا، لەخەوەکەشدا خەونێکی ناخۆش بەحکومڕانانی کوردستانەوە دەبینی! بەتایبەت ئەم عەیامە کە یەک دووانێک بوونەتە بارێکی گران بەسەر دڵی خەڵک و ھەر رۆژە مەلەفێکیان لەسەر ئاشکرا دەبێت.

ئەم ئێوارەیە ویستم سەرخەوێک بشکێنم، خەوێکم بینی زیندە خەو! لەو خەوەدا بەم کەرەنتین و قەدەغەی ھاتن و چوونە، سەرۆکی حکومەتی (میللەتێکی ھەشبەسەر) ئامانی لێبڕابوو. سەرباری نەبوونی دەوامی حکومەت، لەوە خراپتر رۆژی شەممە کە لەھیچ شوێنێکی ئەم مەملەکەتە دەوام نییە، نوسراوی فەرمیی بکات و داوای فەرمیی لەسەر دوو پەرلەمانتار تۆماربکات و داوای ھەڵگرتنی پارێزبەندیی سەریان بکات تا روبەرووی دادگا بکرێنەوە لەسەرچی؟ لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵیی و فەسادی ئەم حکومڕانییە! 

لەڕێی کێ؟ لەڕێی داواکاری گشتیی کە لەبری داواکاربێت لەسەر داواو حەقی خەڵک بۆ نەھێشتنی فسق و فەسادی ئەم مەملەکەتە، بووەتە داردەست و نۆبەداری بەشێک لە دەسەڵاتداران و ھەموو خەمیان بووەتە تۆمارکردنی داوا لەسەر ھەرکەسێک کەباسی گەندەڵییەکانی ئەم دەڤەرەبکات! بەڕاستی ئەوەی داواکاریی گشتیی ئەم ماوەیە دەیکات، جگە لە بێبەھاکردنی دامەزراوەی دادوەریی لەکوردستان ھیچیتر نیە.

لەو خەوەدا سەرۆکی حکومەت لیری لێھاتبوو، بەرۆژی قەدەغەی ھاتوچۆ و بەرۆژی شەممە نوسراوی کردبوو تا پەرلەمانی کوردستان دابنیشێت، بۆچی؟ بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دوو پەرلەمانتاریی یەکێتی و کۆمەڵ! لەسەر چی؟ بێگومان لەسەر گەندەڵی ملیار دۆلارەکە!

خەوێکی زۆر ناخۆش بوو، بەرلەوەی خەبەرم بێتەوە لەبەرخۆمەوە دەموت؛ باشە ئەوانە بۆ نوسراو لە دژی پەرلەمانتاران دەکەن؟ بۆ قسەیەک لەسەر لەبارەی "رێبەر گێت" ناکەن؟ تا بزانرێت بە چ یاسایەک وەزارەتەکەی نوسراوی کردووە بۆ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی تا ھاوکارییەکانی تەسلیمی رێکخراوێکی حزبیی بکەن، تا لەوێش ھەمووی حەپەلوش بکەن.

تێبینی: وشەی واترگێت (Watergate scandal) بەگەورەترین ئابڕوچوونی سیاسی دادەنرێت لەمێژووی ئەمریکا، کاتێک لەساڵی ١٩٧٢ریچارد نیکسۆن ھەستیکرد سەرکەوتنی زەحمەتە بەسەر دیموکراتەکان یان رکابەرەکەی (ھمفری) لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ریچاردنیکسۆن سیخوڕی بەسەر نوسینگەکانی حزبی دیموکراتی ئەمریکا کرد و لێی ئاشکرابوو. بەو رووداوە وترا واترگێت، واتەر گێت ناوی ئەو باڵەخانەیە کە ئابڕوچوونە سیاسیەکەی لێ روودا. دوای ئاشکرابوونی ئەو ئابڕوچوونە ناچار نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧٤دەستی لەکارکێشایەوە.