سەردێڕ:

دەرگاتان داخست، دەممان داناخەین

3/25/2020 2:05:30 PM
12380 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

ئێوارەی ئەمڕۆ لە دوکانێکی نزیک ماڵی خۆمان ویستم ھەندێک پێویستی بکڕم، پیرەمێردێک ھات نەمدەناسی وتی بای تەنھا ٣ ھەزار ئاردم بۆ بکێشە کە دەیکرد ٥ کیلۆ ئارد، زۆر بە بێنازیی گوتی ئاخر کەی ئەمە حوکمڕانییە، نە موچەمان دەدەنێ و نە شتێکیش ھەیە پێی بژین، بە کابرای دوکاندارم وت فەردەیەک ئارد بدەرە خاڵەو من بۆی دەبەمەوە، خاڵە زۆر بەعیزەتبوو، نیگەران بوو لەو قسەیەی من کردم، ھەرچەند وتم برازای تۆم و پارەکەی ئەوەندە نییە، بەڵام رازی نەبوو نەشمویست زۆری لێبکەم، نەوەک ئازاری دەرونیی بدەم.

ئەو چیرۆکە نمونەیەکی بچوککراوەی ئەم دۆخە نەخوازراو پڕ ئازارەی خەڵکی کوردستانە، کە ئەم حکومەتە بێبەرنامە و لەرزۆکە نە موچەی خەڵک دەدات و نەھیچ پلانێکی دیارە، دەرگای لەسەر خەڵک داخستوە و داواش دەکات دەممان داخەین. 

ئاخر ئێوە وتتان ئێمە نەوت دەفرۆشین و مانگانە ھەر خێزانێک بەستەیەک دۆلاری بۆ لەزەرفێکدا رەوانەی ماڵەوە دەکەین، ئەی ئێوە نەتانگوت عێراق موفلیسە و ماوەیەکی دیکەیە ئەگەر ئاو نەیبات ھوڕەی بیابان دەیسوتێنێت؟ ئەی بۆ ئێستا وەک سواڵکەر خەبەری ناردنی پارەکەی بەغدا (خەبەر عاجیل) وەک موژدە بەخەڵکی دەفرۆشنەوە؟ ئەوانەیشی کە باسی موچەی کابانی ماڵ و بیمەی بێکاریان دەکرد، جارێک دەرکران لە حکومەت کەچی ئێستا بونەتە عەڕابی پینەکردن و درۆ، کورد وتەنی عوزریان لە قەباحەتیان گەورەترە.

دیمەنی ئەو پیاوە پیرە زۆر بە ئازار بوو، وتم تۆ بڵێی ئەم دەسەڵاتە عەقلی بەوە بشکێت لە بری گرتنی رۆژنامەنوسێک کە داوای موچەی ئەو پیاوە پیرە و فەرمانبەرانی کردووە بچێت ئاشتی ھەورامیی دەستگیربکات کە قۆڵی ئەم میللەتەی بڕی و ھەر رۆژە درۆیەکی دەکرد، وەک پەرلەمانتارێک وتی درۆزنی وا لەتاریخ نەبووە نییە، یان ئەوانە بگرێت کە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویان ھەڕاجکردو تەسلیم بە تورکیایان کرد، ئەی ئەوانەی رۆژانە لە سنورەکان خواردن و خۆراکی ئێکسپایەر لە وڵاتان دەھێنن و دەرخواردی ئەم میللەتەی دەدەن، ئاخر ئەم دەسەڵاتە بەم ھەموو گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و غەدرە شەرم نەیگرێت، تۆ بڵێی بە نوسینی رۆژنامەنوسێک لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تەریقبێتەوە؟ ئەی ئەگەر دوعای پیرەمێردێکی خێر لە خۆ نەدیو نەتانگرێت کە پارەی فەردەیەک ئاردی نییە و بەعیزەتەوە و بەسکی برسیەوە سەرکەچناکات، نوسین و پۆستێکی فەیسبوک دەتانگرێت.

من نازانم بۆ بیرێک لەخۆ چاککردن ناکەنەوە، تۆبڵێی لە مێژوودا ئەوانەی ئازاری میللەتەکانی خۆیان دا کۆتاییەکەیان زۆر باش بوبێت؟ یان ئێمە عەرەب و تورکی شاخستانین، ئەی نەوتراوە زوڵم و ستەم لە ئەستوریدا دەپسێت؟.