سەردێڕ:

ئەگەری ژیانەوەی قەیرانێکی سڕکراو

12/2/2019 10:53:58 AM
7171 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

ئەرێ بەراست بەشداریکردنی یەکێتی لەحکومڕانیی چیلێھات؟
کابینەی ئەمجارەی حکومەتی ھەرێم زۆر بەزەحمەت لەدایک بوو، گرفتەکانی بەردەم پێکھێنانی ئەم کابینەیە خۆی لە چوار خاڵی سەرەکیدا دەبینیەوە. یەکەمیان؛ دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی ھەرێم بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن و ھێز و تەرازوو تەریب لەگەڵ دانانی پارێزگارێکی کورد لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ کەرکوک. دووەم؛ بەشداریکردن لەبڕیاردان و کۆتاییھێنان بەھەژموون و بڕیاری تاک حزبیی. سێیەم؛ دانانی بنەمایەکی نوێ بۆ کارکردن و پێداچونەوە بەکۆی کاری حوکمڕانیی لەحکومەتەوە بگرە تا پەیوەندییەکانی ھەرێم و دامەزراوەی دادوەریی و ..تد. چوارەم؛ بەرنامەی چوارساڵی پەرلەمانی کوردستان، کە ھەر پرۆژەیەک رەھەندی نیشتیمانی ھەبێت، سازانی پێشوەختەی نیشتیمانیی لەسەر بکرێت.

بەتەماشاکردنی بنەماکانی رێککەوتنەکە، دەبینین ھیچ کام لەبەندەکانی رێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی جێبەجێنەکراوە! نەپارێزگار دانرا و نە بەرکەوتەی پۆستەکانی یەکێتی لەحکومەت پڕکراوەتەوە و نە دەسەڵاتەکان شۆڕکراوەتەوەو ..تد بەبێدەنگیش کاتەکە تێدەپەڕێت و کورد وتەنی کابینەی ئەمجارەش ھەمان تاس و ھەمان حەمامی جارانە! واتە ھیچ گۆڕانێک لەشێوە و شەراکەت لەحوکمڕانیدا نەبووە جگە لەگۆڕینی ناوی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ھەرێم! بگرە پرۆژەی چاککردنی حوکمڕانیی و پرۆژەی چاکسازیی کە بزوتنەوەی گۆڕانیش موزایەدەیان پێوەدەکرد و لەسەر شاشە باسی تەنیا دوو مانگیان دەکرد بۆ جێبەجێکردنی، ئەویش بێدەنگی لێکراوە و ئێستا پرۆژەکەی چاککردنی موچەی خانەنشین و دەرماڵەی فەرمانبەران بێدەنگی لێکراوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک "دۆ لێبڕاو" خۆی لێ بێدەنگ کردووە.

گرژبونی بارودۆخی عیراق و پرسی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، سەرھەڵدانی گرژیی نێوان پێکھێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتی دواخستووە، ئەگینا دەبوو لەگەڵ رازینەبوونی پارتی بە دانانی کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆکی دەستەی ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو گرژییە دەستی پێکردبا، بەڵام پێدەچێت بەشێک لەناوخۆی یەکێتی نەیانەوێت ئەو پرسە بێننە گۆڕێ نەکا ببێتە بیانوو بەدەست ئەوانەی ناخوازن کۆنگرە بکرێت! لەکاتێکدا یەکێک لەھۆکارە سەرەکییەکانی پێداگری رەعیلی نوێی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوارەم، خراپی دۆخی یەکێتییە لەحوکمڕانیی بەشێوەیەکی گشتیی! چونکە رەعیلی نوێ پێیانوایە بەشێک لە رەعیلی کۆن، رێگرن لەبەردەم بون و بەھێزبونی یەکێتی حکومەت و حکومڕانیی و گێڕانەوەی ھەژموونی ئەو حزبە بەسەر کۆی کایەکانی ژیان لەم ھەرێمەدا.

ئەوە سەرۆک وەزیرانی عیراق دەستی لەکارکێشایەوە، کۆنگرەی یەکێتیش گەیشتە لێوار و دیارنییە دەکرێت یان نا! بەڵام ھەرچۆنێک بێت بەمزوانە پرسی بەشداری یەکێتی لەحکومڕانی دێتەوە گۆڕێ. ئەوەی پێشبینی دەکرێت، ئەگەر کۆنگرە بکرێت ئەوا رەعیلی نوێ بەتێگەیشتنێکی نوێ دێنەگۆ و قسە لەسەر پرسی حکومڕانی لەھەرێمی کوردستان دەکەن، لەوانەیە تێروانینێکی نوێی یەکێتی بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ شەراکەت و حوکمڕانیی لەدایک ببێت، جیاواز لەو تێگەیشتنەی پێشوو بۆ چارەسەری کێشەکان ھەبوو، خۆ ئەگەر کۆنگرەش دوابکەوێت، ئەوا پرسی بەشداریکردن دواناکەوێت، چونکە باسێکی دیکە لەگۆڕێدا نییە، جگە لەو باسە نەبێت، لەوانەیە دەنگدەر و لایەنگرانی یەکێتی بپرسن ئەرێ بەراست مەسەلەی بەشداریکردنی یەکێتی لەحکومڕانی چی لێھات؟