سەردێڕ:

داھاتی زۆر و خراپی دابەشکردن

9/2/2019 8:44:55 PM
3148 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

چەند رۆژیکە لەسنوری ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە بووم، پرسی ئاوەدانکردنەوەی شارو شارۆچکەو شوێنە جیاوازەکان جێی تێبینی و سەرنج بوو، بەشێوەیەکی گشتیی دەستی ئاوەدانیی کەمتر لە وسنورە دەبینرێت، بەڵام سەرباری بارودۆخی ئابوری و ئەو دۆخە سیاسییە ناسەقامگیرەی کوردستان، بەڵام ئاوەدانیی و ئیشوکارو پرۆژەی نوێ جگە لە سلێمانیی بەشارو شارۆچکەکانی دیکەوە دیارە، یان لانیکەم پرۆژەکان لەناوچەکانی دیکەوە باشتر بەڕێوە دەڕوات.

رەنگە بۆ ئیمەو ھەمووان جێی پرسیار بێت باشە بۆ سلێمانی چەقی بڕیاردان و ئیدارەیە لەسنوری سەوزدا کەچی گلەیی و گازندەی زۆرو گرفتی زۆر لەسەنتەری پارێزگای ئەو شارە بەدیدەکرێت، لەکاتێکدا دەبوو پێچەوانە بوایە.

دەکرێت لەچەند سوچێکەوە تەماشای کێشەو گرفتەکانی بەردەم ئیشوکارەکانی ئاوەدانیی لەو ناوچانە بکەین، یان بەشێک لەھۆکارەکان دەستنیشان بکەین.

بەشێک لەھۆکارەکان بریتیە لە ناعەدالەتییەکی زۆر گەورە لەپرسی دابەشکردن یان جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لەھەموو کوردستان. بەپێی ئامارێکی نا رەسمیی کە بۆ قەرزی دەرەکی کراوە، دەبینین لەکۆی دوو ملیارو ٢٧ ملیۆن دۆلار کە بەقەرز لە بانکی جایکای ژاپۆنیی و بانکی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە. لەو پارەیە بۆ سنوری ھەولێر و دھۆک یەک ملیارو ٥٧٥ ملیۆن دۆلار خەرجکراوە! بەڵام بۆ ھەموو سنوری سلێمانی و گەرمیان ٤٥٢ ملیۆن دۆلار! واتە سنوری ھەولێر لە ٧٨% بۆ خەرجکراوە، کەچی ھەموو سلێمانی بەگەرمیانەوە لە ٢٢%ی بۆ خەرجکراوە! لەکاتێکدا بەپێی رێژەی دانیشتوان و تەنانەت پێویستی ئاوەدانکردنەوەی سنورەکە بێت یان بەپێی ئەو دابەشکردنەی پێشوو ھەبوو (٥٣% بۆ ھەولێرو ٤٧% بۆ سلێمایی) ئەوا لانیکەم دەبوو ٩٥٢ ملیۆن دۆلار بۆ سنوری ئیدارەی سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان خەرجکرابوایە!

لەبارەی ھۆکارەکانی لاوازیی ئیشوکاری ئاوەدانیی و جێبەجێکردن یان خراپی ئاوەدانیی لەسەنتەری شاری سلێمانیی، دەتوانین بڵێین ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆئەو ململانێ توندەی لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوو لە سلێمانیی ھەبووە، ئەمە وایکردووە ئەوەندەی لایەنەکان چاویان لەململانێی سیاسی بوبێت ئەوەندە بەریان لەئاوەدانیی و ئامادەکردنی پرۆژەو بەدواداچوونی بەرکەوتەی سنورەکە لەداھاتی پارە نەبوبێت بۆ ناوچەکە، بۆیە دەبینین وەزیری دارایی لەکابینەی رابردوو لەسەر شاشەی تەلفزیۆن وتی دەبوو چەند ساڵێک بەر لەئێستا پرۆژەی شەقامی ١٠٠مەتری لەسلێمانی جێبەجێکرابا، بەڵام پارێزگای سلێمانی خۆیان پرۆژەکەیان ئامادەنەکردووەو کێشەی ھەبووە، ئەمەش مانای ئەوەیە یەکێک لەکێشەکان پرسی ئامادەکردنی پرۆژەو بەدواداچونی بووە لە حکومەت لەھەولێر. بەپێچەوانەی سلێمانیی، شارو شارۆچکەکان و ئیدارەی گەرمیان و ھەڵەبجە رەنگە کەمیک باشتر ببینرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ھۆکارەی کە ئەو ناوچانە لەرووی ئیدارییەوە یەک دەست بووەو کەمتر ململانێ حزبیی لەوناچانە تۆخ بووە.

دابەشکردنی داھات لەکوردستان یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی نێو رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو، لەمەودوا تیمی نوێی یەکێتی لەحکومەت دوو ئەرکی سەرەکیان دەکەوێتە ئەستۆ، یەکەم دابڕینی داھاتی سنورەکانی کوردستان بەھەموو شارو شارۆچکەکان لەزاخۆوە تادەگاتە خانەقین بەبێ جیاوازیی، بەھەردوو دیویەوە، یەکەم دابینکردنی عەدالەت لەخەرجی فەرمانگەو دامودەزگاکانی میریی، واتە نابێت فەرمانگەیەکی دیاریکراو لەزاخۆ پارەی خەرجی مانگانەی ١٠٠ ملیۆن دینار بێت و ھەمان فەرمانگە لەکەلار ١٠ ملیۆن دینار بێت، دووەم دابەشکردنی پارەی ئاوەدانی بەپێی ژمارەی دانیشتوان و پێویستی بەوپەڕی عەدالەت، نەک سنورێک زیاتر لە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن ببات و سنورێکیش تەنھا ٤٥٠ ملیۆن!

ئەرکی دووەمی تیمی یەکێتی لانیکەم خۆ سازدان بۆ وەرزێکی نوێی ئاوەدانیی و ئامادەکردنی پرۆژە بۆ سنورەکە، لەپاڵ ئەم ئەرکە پێویستە لیژنە یان تیمێکی دیکە ھەبێت بەدواداچوون بۆ کۆی پرسی دابەشکردنی داھات و پرۆژەکان بکات.