سەردێڕ:

جیاوازی خانەنشینی وەزیرانی ھەرێم ‌و عێراق بۆچی ؟

6/6/2020 6:10:24 PM
7242 جار خوێندراوەتەوە
مەزهەر کەریم
+ -

ساڵ بەساڵ ژمارەی موچەخۆرانی پلەی تایبەت و پلەباڵا زیاد دەکات و حکومەتیش ناتوانێت داھاتەکانی زیاد بکات، موچەشی پێنادرێت، موچەی موچەخۆرانی موستەھەق و ناموستەھەقی تێکەڵکردووە ‌و پێشینادرێت، ئەم کێشەیەش ھێندەی دیکە بووەتە مۆتەکە بۆ کابینە یەک لەدوایەکەکانی حکومەت، بەتایبەت موچەی وەزیرانی خانەنشینکراو. 

ھەر لەوکاتەی رژێمی سەدام، ھەرێمی کوردستانی بەجێھێشت و بەرەی کوردستانی پەرلەمانیان دروستکرد و یەکەم کابینەی حکومەتیان ڕاگەیاند، تا کابینەی پێشووش، واتا پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەت، سەد و نەوەد و شەش وەزیری خانەنشینکراویان ھەبوە بەپێی ئامارەکانی خۆیان، کە ژمارەیەکیان وەزیری خانەنشینکراوی بندیوارن.

پرسیارەکە لێرەدایە ھەرێمێکی بەناو پێنج ملیۆن کەسی دەبێت لەماوەی بیست و حەوت ساڵی ڕابردوودا ئەم ھەموو وەزیرەی بۆچی بوبێت، دەبێت حیکمەتەکە لەچیدا بوبێت و ئەم ھەموو وەزیرە چییان بۆ ئەو خەڵکە ‌و حکومەت کردبێت، وا دەبێت تامردن ئەو کەسانە مانگانە شەش ملیۆن و پێنج سەد ھەزار دینار موچەکەیان بێت.

بەوپێیەش بێت سەد و نەوەد و شەش وەزیری خانەنشینکراو بۆ یەک مانگ یەک ملیار و دوو سەد و حەفتا و چوار ملیۆن دینار موچە وەردەگرن، لەکۆی ئەو نۆ ملیار دینارەی، حکومەت بە پاشەکەوتی موچە، پێدانی موچە بە شەش مانگ جارێک بۆی کۆنابێتەوە، تا بیداتە فەرمانبەرەکانی.

ئەوەی کەبینیومانە ‌و ھەموومان دەزانین، لەدانیشتنەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا وەزیرانی خانەنشین دەسکاری موچەکانیان نەکراو یاسای چاکسازی ئەمانی نەگرتەوە، ئەمەش بەھۆکاری ئەوەی ئەم کەسانە لەئێستا و ڕابردوودا کەسانی دەستڕۆشتوی ناو حیزبەکانیانن، حیزبیش بەردەوام بەرگری لەم کەسانە دەکات جیاواز لەخەڵکی پلە نزم و بێدەسەڵات، واتا فەرمانبەرانی پلەنزم ‌و ئاسایی.

جا ئەگەر ئاوا بڕوات لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کوردستان دەبێتە مەیدانی لیوایە لە وەزیرانی خانەنشینکراو، چونکە ھەر چوار ساڵ جارێک حکومەت دەیان وەزیری خانەنشین کراو دەنێرێتەوە بۆ ماڵەوە بەموچەیەکی باش، ئەمەش ئەو ترسناکیەیە کە ئەوانەی خەمخۆری داھاتی ئەم وڵاتن، بێدەنگی لێناکەن ‌و ئاشکرای دەکەن بۆ ڕای گشتی.

ڕەنگە زۆربەمان ئەو پرسیارەمان لەلا دروست بوبێت، ئاخۆ دەبێت لەعێراق ‌و وڵاتانی دراوسێ بەھەمان شێوەی ھەرێم، ئەوانیش وەزیر و وەزارەتیان ھەیە دەبێت بەو شێوەی ھەرێم ئینتاجی وەزیری خانەنشینکراویان ھەبێت، بێگومان نەخێر، ھەرگیز رێگە بەوە نادەن کەسێک بەپلەی وەزیر چوار ساڵ لەوەزارەتەکەیدا موچەیەکی زەبەڵاح وەربگرێت، پاشان بەھەمان موچە خانەنشین بکرێت تا مردن.

ئەگەر نمونەی حکومەتێکی نوێی وەک حکومەتی نوێی عێراق بھێنمەوە، کە ھەڵبەت بۆیە دەڵێم نوێ لەچاوی وڵاتانی دراوسێ و حکومەتی ھەرێمیش حسابی بۆ بکەین بە نوێ ھەژمار دەکرێت، ھەرگیز شتێکی وەھا نیە بەو ناوە وەزیرێک لە دوای چوار ساڵ مانەوە لە پۆستەکەی و وەرگرتنی پارەیەکی مۆڵ خانەشینی بکەن.

حکومەتی عێراقی لەکۆنەوە کار بە یاسای قانونی خانەنشینی موەحدە دەکات بۆ وەزیرێک ‌و کارگوزارێک و سەرجەم فەرمانبەرانی، کە ئەمەش بەم شێوەیە دەبێت، کە سی و شەش مانگی موچەی وەزیرێک بە نمونە دابەشی سی و شەش دەکرێت، زەڕبی ماوەی خزمەتەکەی بەڕێژەی سەدی دەکرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەبێت تەمەنی پەنجا ساڵ بێت ‌و پانزە ساڵ خزمەتی ھەبێت، بەڵام لە کوردستان وەزیرمان ھەیە چوار ساڵ خزمەتی ھەیە و تەمەنی سی ساڵیشە.

لەگەڵ ئەوەشدا ھەرێمی کوردستان پێنج جۆر یاسای خانەنشینی ھەیە، لەیەکێک لەجۆرەکانی ئەو پێنج جۆرەدا، کەسانێکیان بەپلەی وەزیر خانەنشین کردوە، ئەمە لەکاتێکدا رۆژێک سەردانی ئەو وەزارەتەی نەکردووە، کە کردویانە بەوەزیری ئەو وەزارەتە.

حکومەتی عێراقی ھەیئەی خانەنشینی گشتی ھەیە، کە جیاوازە لەموچەی حکومەتی عێراقی بۆ خۆیان خاوەنی پارەی خۆیانن، لەئێستادا خاوەنی دوانزە ترلیۆن دینارن، لەوڵاتانی دەرەوە و ناوخۆ وەگەڕیدەخەن و سوودەکەی دەھێنەوە و وەریدەگرن و موچەی خانەنشینی پێدابین دەکەن.

لە کوردستانیش باسێکی لەو جۆرە ھەبوو کە ھەیئەی خانەنشینی دابمەزرێت، بەڵام تەنیا ھەواڵێک بوو ھیچی دیکە ئەو دەنگۆیانەشی ھەبوون باس نەکرانەوە و بەدواداچونی بۆ نەکراوە.