سەردێڕ:

شینەکان گەیشتن

6/6/2020 7:31:42 PM
10229 جار خوێندراوەتەوە
تەنیا کوردی
+ -

جیلی شین، کە جیلی تازەی کوردستانە و مەبەستم لە شین ھێزی رەقەمی تەکنۆلۆژییە کە ئەمە گەورەترین شۆڕشێکی رەقەمییە کە جیھانی شینپۆش کردووە، ئەم جیلە ئیدی لە کوردستان گەیشتن و پێگەیشتن، چیتر داھاتووی سیاسی ھیچ حزبێک بەبێ ئەم جیلە و خوێندنەوەی تەندروست بۆی ناگاتە حەقیقەتی رای گشتی، ھیچ حوکمڕانییەک بەبێ حسابکردن بۆ ئەم شۆڕشە فکرییە ناتوانێ زۆرینەی رای گشتی بێ، ھیچ یٔۆپۆزسیونێکیش بەبێ حسابکردن بۆ داوای لۆژیکی ئەم شۆڕشە تەکنۆلۆژییە ناتوانێ رەقەم بێ، ئەم جیلە رەقەمێکی گەورەی داھاتووی نێو گوڕەپانی سیاسی و فەرھەنگی و شارستانییە و بەرگی نوێی رەنگکردنی خواستی نوێی کوردستان دەبێ.

لە زانکۆی پەنسلیڤانیای ئەمەریکا لە توێژینەوەیەکدا لەسەر شێوازی گەیاندن و کاریگەری ئەم جیلە، دەرکەوتووە کە بۆرسە و فکر و تێڕوانینی ئێستای جیھان لەسەر شێوازی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جیلە خۆی رێکدەخاتەوە، ئەم شۆڕشە فکرییە تەکنۆلۆژییە سەرتاپای رای گشتی کوردستان دادەپۆشێ، ئەم شۆڕشە رەقەمییە، رۆژ لە رۆژ دەبنە زۆرینەی سیاسی و لە داھاتوودا گەورەترین ھێزی رەقەمیی دەبن.

یٔەم جیلە، پابەند نییە بە دوێنێ، بۆیە گرنگە خاکیانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، زیاتر کە رووییان لە داھاتووە کە چی پێدەگات گرنگە پرۆگرامی سیاسی و کەلتووریی و پەروەردە لە ئاست خواستی ئەم جیلە بێت لەسەر لۆژیک؟ ئەم جیلە بە حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆنەوە بەنج ناکرێ، لە سادەترین نمونەدا لە ٢٠١٥ یەکێک لە راوێژکارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور کە پرۆفیسۆرێک بوو، گوتی ترسم لە جیلی تازەیە و رەشبینم بە داھاتوویان، چونکە جگە لەنێو شتەکانی نێو مۆبایلەکەیان ئیدی شتگەلێکی دیکە نابینن، بەڵام چاوی ئەم جیلە لە نێو مۆبایلەکان کراوەیە و ئەوان لەشاشەیەکی بچوکی چەند ئینجی دیمەنە گەورەکان دەبینن.

لە کوردستان دەکرێ لەگەڵ ئەوەی چاوی جیلی تازە لەسەر ھاندەکەیتی، بەڵام دەکرێ زەمینە بۆ ئەم جیلە خۆشبکرێ و بیرکردنەوەی لۆژیکییان بەھەند وەرگیرێ، چونکە ئەمانە داھاتووی کوردستانن، گرنگە ئەم داھاتووە لە ئێستاوە وەک خەزێنەی فکری و پێشکەوتن کە ئەمانە لۆبی کوردستانن لە جیھانی نوێدا کەنارگیر نەکرێن.

ئەم جیلە پەیامی شەڕی پێنییە، بەڵکو خۆی بە کەرەستەی نوێ پرۆگرام کردووە، گرنگە لە ھەرێمی کوردستان ئەم شۆڕشە رەقەمییە لەگەڵ پرۆگرامی ھاوچەرخی جیھانی حساب بکرێن، ئەم شینپۆشانە کە ھێزی سۆشیال میدیا و ھێزی رای گشتیی و ھێزی بیرکردنەوەی نوێن، جیلی ئۆنلاینن، گرنگە وەک خۆیان بخوێنرێنەوە و ھەر ئەم جیلەشە وەک تۆوی درەختێک لە کێڵگەی فکری کۆمەڵگە بەخێرایی لەگەشەدایە و بۆ چوارساڵی داھاتوو، ئەوەی بایەخ بەم جیلە نەدا، بەری شینی ئۆنلاین ناخوات.