سەردێڕ:

سرکێتەکە دابگرن!

5/28/2020 7:53:49 PM
12081 جار خوێندراوەتەوە
تەنیا کوردی
+ -

جۆزێف نای لە زانکۆی ھارڤارد بە داھێنانی چەمکی سۆفت پاوەر، ھێزی نەرم، توانی رای گشتیی ئەمەریکا بگۆڕێ، ئەم چەمکە کە بەر لە پرۆسەی ئازادی عێراق، جۆزێف فڕێیدایە نێو فەرھەنگی سیاسی جیھانی، ئەو دەیزانی کە ئەمەریکا جەنگی عێراقی لە پێشە، بەڵام ئەو وای بینی کە ئیدی ھێز لە کۆتاییدا ھەر ھێزی بازویی سەربازیی نییە، بەڵکو ھێزی نەرم وەسیلەیەکی دیکەیە بە پشتبەستن بە دیپلۆماسیەت، دوورکەوتنەوە لە رکوکین و دەمارگرژی سیاسی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیی مرۆیی، پێشکەوتنی پیشەسازی و ئابووری و ژێرخانی فکری و ئەدەب و رەوشتی دیپلۆماسی و گەڕانەوە بۆ لۆژیکی گەل، لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئەم رێگەیەی ھەڵبژارد کە جیھان زیاتر لە دەوری ئەمەریکا کۆدەکاتەوە و لە بژاردەی ھێزی سەربازیی کاریگەری زیاترە، لە ساڵی ٢٠١٤ ئەمەریکا تەبەنی ھێزی نەرمی کرد، چونکە بینی چین بە سیاسەتی ھێزی نەرم نفوزی ئابووریی گەیشتە نێو ئەمەریکا، دوای ئەوانیش ئەڵمانیا بە پیشەسازی، رووسیا بە ھەڵسانەوە لە رۆژھەڵاتی ناوین، فەڕەنسا بە گەڕانەوە بۆ رۆژھەڵاتی ناوین، بەریتانیا بە دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا و زۆر وڵاتی دیکە.

لە ھەرێمی کوردستانیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، تەبەنی ھێزی نەرمی کرد کە بە کەرەستەی دیپلۆماسی توانی ھەرێم لە نێو گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە تاڕادەیەکی زۆر بخاتە گەشەی دیموکراسی و پێکەوەژیان و ئاوەدانی و راگرتنی باڵانسی سیاسی نێوخۆیی و ئیقلیمی و دەولی، ئەم چەمکە کاتێ لە ساڵی ٢٠١٧ نێچیرڤان بارزانی لە دوای ریفراندۆم بە کردەیی جارێکی دیکە مومارەسەی کرد، سوودی زۆری بەھەرێم گەیاند، گەمارۆکانی بەبێ شەڕ لەسەر ھەرێم شکاند، دەرگای ئاسمانی و زەمینی بە سەردانی بۆ فەڕەنسا کردنەوە و لەگەڵ عێراقیش گەیشتە رێککەوتن و قەوارەی ھەرێمی کوردستانی لە سڕینەوە پاراست.

ئێستا جیھان لەسەردەمی کۆتایی مومارەسەی ھێزی سەربازی دەژی، بە نمونە ئەگەر ھێزی سەربازیی بە تەنیا ژمارەی سەرکەوتن بووایە، ئەوا کۆریای باکوور دەبووا پێشەنگی جیھانی لە کۆنتڕۆڵی جۆری گرتبا، بەڵام ئەمە روینەدا و لە کۆتایدا سازشی بۆ ئەمەریکا کرد، بۆیە ئەوەی لەم سەردەمە دەخوێندرێتەوە گۆڕینی روئیای سەپاندنی ھێزە و گۆڕینیەتی بۆ نفوزی دیپلۆماسی بە رێگەی وەسیلەی گەیاندن و دروستکردنی رای گشتی، ھەتا بیل کلینتن لەو ماوەیەی کۆتایی، گوتی ئەگەر لە سەردەمی خۆمدا مومارەسەی ھێزی نەرمم کردبا لە ژێر بیرکردنەوەی پەرتوکی "the end of power" کۆتایی سەردەمی ھێز، کە مەبەست لێی کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم پەرتوکەیە، کە پەرتوکەکە باسێکی لەسەر سەردەمی رەقەمییە، کلینتۆن دەڵێ، رەنگە زۆر شتی گەورەترم بۆ ئەمەریکا ئەنجام دابوا.. ئێستا لە ھارڤارد کە باس لە تەمەنی رەقەمی دەکرێ لە ئێستاوە سەرقاڵی داھێنانی چەمکێکی ترن کە لەماوەی دەیەکی تردا تەمەنی رەقەمی بکرێتە وەرقەیەکی خوێنراو لە فەرھەنگی سیاسی جیھانی وەک گەیاندن بە رێگەی خۆکاری سۆشیالی، ئەم تەمەنە رەقەمییە شوێنی راگەیاندن و سیاسەتی ئێستا و سیناریۆکانی ئێستا لەق دەکات.

لێرەش لە ھەرێمی کوردستان کە رای گشتی ھۆشیارە و ئێستا رای گشتی بارگرژی سیاسی ناوێ، گرنگە لە ھەرێمی کوردستان سرکێتی پێکەوەژیان دابگرن، بارگرژی سیاسی بکوژێننەوە و حزبە سیاسییەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دیالۆگ و چاوێک لە جیھان بکەن کە ئێستا مۆدێڵی سیاسی چۆن گۆڕاوە و فکری عەسکەرتاری و بارگرژی سیاسی خزمەتی ھیچ لایەک ناکات، گرنگە بگەڕێنەوە سەر دەستپێشخەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و بتوانن لەوێدا رێگە چارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە، چونکە ھیچ لایەک لە سەپاندن و فەرزی حساب سوودمەند نابێ.