سەردێڕ:

ڕەشەبا

7/9/2020 11:35:11 PM
9598 جار خوێندراوەتەوە
پشکۆ ناکام
+ -

ھەر کە باس و خواستی لامەرکەزی و بە ھەرێم کردنی سلێمانی لەلایەن خەم خۆر و دڵسۆزانی ئەو دوو بابەتە کەوتە ناو خەڵک و سایت و میدیاکان ، دەسەڵات و میدیا گەجەر و گوجەرەکانی کەوتونەتە باو و بالۆرەی ئەوەی گوایا مەترسی !!لەسەر قەوارەی!!ھەرێم ھەیە ، ئەمەش بۆ ترساندنی خەڵک و پابەندبوونی شارەکانی ھەرێم بە پرینسیپە سواوەکەی یەک پارچەیی ھەرێم ، پێش ھەموو شتێک ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی قەوارەیەکەوە ھەیە و قوڕی کردووە بەسەر خەڵکدا ھەل و مەرجێکی تایبەتی دوای نەمانی ڕژێمی بەعس ھاتە کایەوە و ئەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە و ڕژێمەکەی ھەولێر موزایەدەی بە سەرەوە ئەکەن کە ئەمە بەرھەمی خوێنی شەھیدانە جگە لە قۆستنەوەی ناوی خوێنی شەھیدان چی تر نییە و ھەموو ئەزانین پێش ڕووخانی بەعس چەتەکانی ئەمڕۆی دەسەڵات لە کوێ بوون و گەر ئەوانە لە ناوھێنانی خوێنی شەھیدان جیاوازی لەنێوان کاک ئارام و تحسین شاوەیس نەکەن دیارە جیاوازی لە نێوان کەرامەت و سووکایەتی ناکەن ، جگە لەوەش قەوارەیەک ئەم و ئەو بۆت دروست بکەن زۆر ئاساییە ھەر ئەم ئەو و ئەوە لەژێر پێتا رایکێشن کەی بەرژەوەندیان لەوەیا بێ و ھەمووشمان " نۆرگێتا"ی "پەنەما" مان لەبیرە چون ئەمرکا بە ھەلیکۆپتەر بردیە کۆشکی کۆماری و ھەر ئەمریکاش بەھەلیکۆپتەر بردییەوە ئەمریکا بەڵام وەک زیندانیەک نەک وەک ھاوپەیمان.. 

ئەم قەوارەیەی ھەرێمیش خێر و بەرەکەتە بۆ بنەماڵە و چەن کەسێک و ھیچی تر نا ، قەوارەیەک سەرۆک بە ناو حکومەتەکەی بیست و حەوت ملیار دۆلاری لە قووتی خەڵک دزی بێ بەڵام بیست و حەوت سەعات لەسەریەک کارەبا نەبێ ، ئاو نەبێ مانەوەی بۆچی باشە ؟، بەو ھەموو داھاتەی ھەرێم ساڵ لای مووچە خۆری داماو سێ مانگ بە تەنزیلاتەوە بێ ئیتر ئەم قەوارە و ئەم بەناو حکومەتە بۆچی ھەبێ ؟ با بزانین ئەم قەوارەیە بازرگانیە ؟ نەخێر ، ڕاستە پڕە لە بازرگانی دز و چاو برسی و نا ئینسانی بەڵام قەوارەکە خۆی تەنھا خەریکی قاچاخچێتیە بە نەوتەوە بۆ زیاتر برسی کردنی خەڵک و دەوڵەمەند بوونی جەردە حوکمڕانەکان ، ئەی ئەم قوارەیە کشتوکاڵییە ؟استغفراللە،، ئەوەتا تەماتەش لە دەرەوە ئەھێنرێت وا بڕوا ماوەیەکی تر نانەواخانەی خۆماڵی نامێنێ و قارداشی ھاوردەکراو فێری نانی تورکیمان ئەکەن، تۆ بڵێی ئەم قەوارەیە مەڵبەندێکی زانستی بێ ، ئەمەش ھەر نەخێرە ، بزانە ڕاپۆرتی لایەن و دەزگا جیھانیە پەیوەندیدارەکان بە چ ئاستێکی نزم باس لە زانکۆ و سیستەم و ئاستی ئەکادیمی و میسداقیەتی بڕوانامەکانی ئەکەن ، ئەی قەوارە سەربەخۆش نییە ؟ بۆ ئەم پرسیارە با ئەو ھەموو لەشکر و جەندرمە تورکیە وەڵام بەنەوە،،لە ڕووی سیاسیشەوە بۆ مەسەلەی مافی مرۆڤ و مەسەلە دیموکراسییەکانی تاک و کۆمەڵگا ئەوەتا مانگانە ڕێکخراوە جیھانییەکان بۆ مافی مرۆڤ ئیدانەی قەوارەکە و بەرپرسیارەکانی ئەکەن ، لە ڕووی پیشەسازیشەوە مشەخۆرەکانی ھەرێم ھەرچی کارگەیە فرۆشتیبانە کەرتی تایبەت و پارەکەیان نارد بۆ بانکی " ھەڵک" بانکی بنەماڵەی ئەردۆغان ، گومان لەوشا نیە بۆ نەتەوەیی بوونی قەوارەکە بزانە دەسەڵاتی ھەرێم چۆن دژایەتی باکوور و رۆژئاوا و رۆژھەڵات ئەکەن جگە لە دژایەتی کردنی ناوخۆی ھەرێمیش ، لە باس کردنی نیشتمان پەروەریش ئەوانەی خۆیان سەپاندووە بەسەر خەڵکدا دوو مێژوو ھەیە کە پشتگیرییان لێ ئەکات ئەویش ئاش بەتاڵ و سی ویەکی ئابە !!!، لە باشترین حاڵەتا ئەتوانین جۆری حوکم و سیستەمی ڕژێمەکەی ھەولێر بە خێڵەکی گرێ دراو وەسف بکەین ، لە ناوەرۆکدا خێڵەکیە لە ڕووی سیادیشەوە بەستراوتەوە بە تورکیا... 

ئەوە مشتێکە لە خەرواری ئەو قەوارەیەی ڕەشابایەک ھانی و مسۆگەر ڕەشەبایەکیش ئەیبات ، لێرەیا جێی خۆیەتی ڕەشەباکەی سلێمانی لە ڕووە مێژوو و یاخی بوونیەکەیەوە بپارێزین و کە سوور بزانین عومری ئەو قەوارەیە بەدەست خۆی نیە با چیتر شارەکەی بابان تێکەڵ بەو ھەموو نەھامەتییە فەرزکراوەی لەسەرییەتی لەلایەن دەسەڵاتی بنەماڵە و ڕژێمەکەی ھەولێر نەبێ و شەھامەت و زەردەخەنەکەی پایتەختەتەکەی بابان بگێڕینەوە بۆ ڕەشەباکەمان......

بەڵێ بۆ بە ھەرێم کردنی شاری ڕەشەبا...