سەردێڕ:

ووردە باس...

5/30/2020 7:41:30 PM
6562 جار خوێندراوەتەوە
پشکۆ ناکام
+ -

سەیرکەن ئەو عالەمە چاک خۆیان مەشغوڵ کردووە، ئاخۆ پارەکەی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەتی ھەرێم کورتی ھێناوە و بە ئیرادەی خوا لە قاسەکانی بەناو حکومەتدا نەماوە، ٢٧ یان ١٥ یان رەقەمێکی تر ملیار دۆلارە؟ ئاخۆ ئەو پارەیە بە دزی حسابە یان جەنابی بەختەوەر بۆ دروست کردنی چەن کۆمپانیایەکی تری بازرگانی پێویستی بە پارە بووە و کوردیش ئەڵێ: گۆشتی خۆت بخۆ و منەتی قەساب ھەڵمەگرە، جا بۆ ئەوەی قەرز لە بێگانە نەکات لە قاسەی قووتی خەڵک و داھاتی ھەرێم ئەو پارەیەی بردووە بە قیست، کە نرخی نەوت بەرزبووەوە ئەیگێڕێتەوە..

جگە لەوەش ھەر کاکە بەختەوەر بەشدار نیە لەو (حیلە شەرعی/دزییە شەرعی)یە بەڵکو ئامۆزا بەشووشەکەی کە بەسەری یەکتر سوێند دەخۆن، پێشتر ھیچ کەمتەرخەمی نەکردووە لە بەتاڵکردنەوەی دەغیلەی بژێوی خەڵکی ھەرێم، بەکورتییەکەی مەسەلەکە ئاوایە: دوو ئەندامی بنەماڵەی دەسەڵاتداری ھەرێم بۆ کاری تایبەتی خۆیان بیست و حەوت ملیار دۆلارییان بەناوی حکومەتی ھەرێمەوە لە قاسەی بژێوی خەڵک بردووە، دزیوە، ماشیوەتەوە، چی ناو ئەنێی بنێ، گرنگ ئەوەیە ئەو  پارەیە لە بەینی دوو ئامۆزادا گیانی بەخشی بە کورد و کوردستان، ھەر وەک چۆن لە ئاشبەتاڵدا ٢٥ ملیۆن دۆلاری ئەو کاتەی قاسەی بزووتنەوەی ئەیلول ئاودیو کرا و کەس ئاسەوارێکی نەبینییەوە، ئەم بیست و حەوتەش بە ھەمان شێوە، ھەبوو نەبوو بیست و حەوتێک ھەبوو! گەر پەلەش نەکەین چەن جارێکی تریش دە و پانزە و بیست ملیار دۆلاری وون دەبێت ودەبێت بەھەڵم و تا ئەو بنەماڵەیە دەسەڵاتدار بن کەس ھیچی پێ ناکرێت، جگە لە بۆڵە بۆڵ و نووسین و ئیدانە کردن، ئاخر پەرلەمانێک کە خۆی کارتۆنیە تا ئێستا نەیتوانیوە یەک مەسئولی دز، یەک وەزیری گەندەڵ، یەک کادری جەردە، تەنانەت لە یەک ئیستیعلاماتیش بپرسێتەوە، ئێستا ئەم پەرلەمانە ئەندامێکی بنەماڵەی دەسەڵاتدار بانگ بکا بۆ لێپرسینەوە! مەیخۆ تاڵە.. تا ئەم بنەماڵەیە بەم سیستمە سەقەتە و بەم حیزب و گروپە ئفلیجانە لە ئارادا بن ھەروا دەمێنێتەوە وەزعەکە. 

خوا کەریمە تەنھا وتەیەکە و دادی کەس نادات، کەرکوک کە سەر و بنی زمانی بنەماڵەیە و ناویان ناوە دڵی کوردستان! چەنی لەو دزییە بەرکەوتووە؟ ھیچ، چونکە ئێستا کەرکوک بۆ بنەماڵە "ڕیخۆڵە کوێرە"یە و بوون و نەبوونی وەک یەکە.. ئەی پرۆژەی بە دوبەی کردنی ھەرێم لەو بیست و حەوت ملیۆنە چەنی بەرکەوت؟ بیست و حەوت ملیار دۆلار لە پارە و قووت و دەغیلەی خەڵک ئەماشرێتەوە بەڵام لە رۆژێکی میحنەتا ھەژارانی ئەم ھەرێمە دەبێت چاویان لە خێر و سەدەقە بێ.. کەسیش چاوڕێی سبەی نەکات لە ئەمڕۆ باشتر بێت، بنەماڵەیەک خۆی لە میللەت و خاک و مێژوو گەورەتر ببینێت، دەیان بیست و حەوت ملیاری وون دەبێت و ھیچیش لە وەزعەکە ناگۆڕێت، تا ئەو کاتەی خەڵک بریاری گۆڕین دەدەن.

جاران لە سلێمانی پیاوێکی نیمچە ناتەواو ھەبوو بە ناوھێنانی وشەی "یاپراخ" توڕە دەبوو، تا رۆژێک جەماعەت لە ناو بازاڕ ڕێککەوتن ھەریەکەی بابەتێکی دروستکردنی یاپراخ بڵێت، یەکێک وتی سڵق، ئەوی تر وتی برنج، یەکێک لەولاوە ھاواری کرد گۆشت، لەولاشەوە یەکێک وتی پیاز و تا ھەموو بابەتەکان ووترا، کابراش ھاواری  کرد پیاوم ئەوێ بیپێچێتەوە، یەکێک لەولاوە وتی یاپراخ و بە پێکەنینەوە ڕای کرد، ئەم مەسەلەی ناوھێنانی یاپراخە وەک ترسی ئەمڕۆی دەسەڵتدارانی ھەولێرە لە ووشەی "خۆپیشاندان" رەنگە ناوھێنانی خۆپیشاندان لە شیعریشا ببێتە مایەی گێچەڵ بۆ ساحێبەکەی، مەگەر یەکێک بڵێ "خۆ" و یەکێکی تر" پی" و کەسێکی تر"شا" و دواجار یەکێک  بڵێ"نان" و ئیتر بزانە ئەو ھەموو پاراستن و پۆلیس و ھێزانەی بنەماڵە چۆن لەرزیان لێ یەت.

فرسەتی پارێزگاری ھەولێر فرسەتی ھێنا و بەناوی بنەماڵەوە ھەرەشەی کرد کە کەس ناتوانێت ئارامی شار تێکبدات و بە توندی دەچن بە گژ ھەر ھەوڵێک بۆ دروستکردنی نارەزایی لە پایتەختدا، لە بیرمان نەچێ ئەمە ھەمان فرسەتە کە لە سەروبەندی ١٧ی شوبات بەزۆر تەلەبەکانی خەڵکی سلێمانی سواری پاس ئەکرد و دەیناردنەوە بۆ سلێمانی لەترسی تەشەنەدانی خۆپیشاندانەکان بەرەو ھەولێر، کاتی خۆی زەمانی بەعسیش لە ترسی خۆپیشاندان ھاتوچۆ قەدەغە دەکرا، وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی ھەرێم بە ناوی کۆرۆناوە دەیکات، بەڵام با کاکە فرسەتەکەی ھەولێر بزانێت کاتێک خەڵک بڕیاری خۆی دا، بەعس ھیچ فرسەتێکی مانەوەی نەما، ئەوسا و ئێستاش دەسەڵات، پشتی بەھێز و قایم بوو، بەڵام خەڵک فرسەتی ھێزی نەدا.