سەردێڕ:

وردەباس

5/14/2020 10:34:51 PM
9579 جار خوێندراوەتەوە
پشکۆ ناکام
+ -

ھیچ شتێک ئەوەنە نامھێنێتە پێکەنین بەقەد ئەوەی کە باس لە یەکڕیزی کورد ئەکرێت بە تایبەتی لەلایەن بنەماڵە و پارتی پاشکۆیەوە کە بەردەوام دوای ھەر خروقات و فەزیحەیەکی سیاسی و نیشتمانیی دەست ئەکەن بە لێیانی دەھۆڵی یەکڕیزی بۆ لەبیربردنەوی فەزیحەکەیان، ئاخر تۆیەک کە ھەرچی داهاتی وڵاتە بەتاڵانت بردووە و بۆت بکرێت چەم و جۆگە و دارستانەکانیش ئەفرۆشیت و پارەکەی ئەخەیتە تەنکەی باخەڵتەوە داوای یەکڕیزی لەخەڵک ئەکەیت؟ یەکڕیزی تاکلایەنی؟ یەکریزی بەتاڵانبردن و دزینی قووتی خەڵک؟ یەکریزی بەگژاچوونی پارچەکانی تری کوردستان؟ یەکریزی وێرانکردنی ئابوری کوردستان؟ تۆ بە کام رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە داوای یەکریزی ئەکەیت لە کاتێکدا لە بەغدا جگە لە سەنگەری بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی ھیچ سەنگەرێکی ترت نییە.

تۆیەک کە ئامادەی لەسەر دانەنانی وەزیرێکی کۆیلەی بنەماڵەکەت دنیا وێران بکەیت دیارە ھەر بە قسە و ئامادەنەبیت نەوت رادەستی ناوەند بکەیت و میللەت و موچە و بژێوی خەڵک بخەیتە ژێر پێتەوە، چۆن داوای یەکریزیم لێ ئەکەیت؟ رەنگە ھەندێک بۆچوونت ھەبێت زەمانی رایات و گەڵاڵە بیخواردایە، بەڵام ئێستا ناخوات و ئەو چکلێتە با ھەر لە گیرفانتا بێ و دەریمەھێنە و وریابە تێکەڵی دۆلارەکان و نەوتاویی نەبێ.

پێوەری یەکریزی نیشتمانپەروەری و ئینسان دۆستیە، سەیرێکی خۆت لە ئاوێنەی مێژوو بکە بزانە ئەو پێوەرانە تۆ ئەگرێتەوە؟ ئەوەی داوای یەکریزی ئەکات ئەبێت جیاوازی نێوان ئاشبەتاڵ و ھەرەس، داگیرکەر و دۆستی بنەماڵە، دزی و خێر، خۆسەپێنەر و ھەڵبژێراو، تەزویر و سەرکەوتوو بزانێ تا جێی متمانەی خەڵک بێ لەو یەکریزییەدا، یەکریزی زەرورەتێکە بۆ دانانی میللەت لە پلەی یەکەما، کە بنەماڵە چووە پلەی یەکەم یەک ریزییەکە خزمەت بە بنماڵە ئەکات نەک میللەت، ئەو جۆرە یەک ریزییەش لای میللەت مەرفوزە و سەرچاوەیەکیشە بۆ خەوبینین بە یەک ریزییەوە. منێک خەڵکی شارێک کە زیاتر لە دووسەد ساڵە خوێنی لێئەتکێ و فرمێسک ئەرێژێ، وێران و کاول ئەکرێ، ئابڵۆقەی لەسەر دائەنرێ، بۆ لەگەڵ بنەماڵەیەک یەکریزبم کە بەتەنگ مێژووی پڕ شکۆی شارەکەمەوە نەیەت، بۆ؟

کۆرس لە گۆرانیدا ئەو کەسانەن لە پشت گۆرانیبێژەوە کۆپلەی گۆرانییەکە وەک خۆی ئەڵێنەوە و ھونەرێکی باوە، بەڵام کە لە سیاسەتدا کۆرس ھەبوو مەسەلەکە ئەگۆڕێ وەک ئەوەی لە گاڵتەجاڕی  پارلەمانە کارتۆنییەکەی ھەولێر دیمان کە چۆن کۆرسێک بەناوی "کۆتا کورسییەکانی پێکھاتەکان" رێک ئەوەی بنەماڵە و پارتی ویستیان ئەوانیش بێ کەم و زیا ھەمان کۆپلەیان وتەوە! ئاخر کەسێک بە ٣٠٠ دەنگی تەزویر بکرێتە کۆرس لە پارلەماندا چ مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی و سەربەخۆیی بیرکردنەوە و بڕیاردان، جا بنەماڵە کە خۆیان بە تەزویر لە پارلەمان زۆرینەن ئەم کۆرسەش بەتەزویری ئەوان چونەتە پارلەمان بەڵام وەک کۆرس لە ریزی پشتەوە ئەبێ چ مەھزەلەیەک لەو پارلەمانە ڕووبات؟ گەر دیموکراسی بە غەڵەت خۆی پیاکرد شکم نیە خۆی ئەکوژێ. خۆ سبەی بنەماڵە بریاری ئەوەی ھەرێم بخرێتە سەر تورکیا بخاتە پارلەمانەوە بە ھەمان دەنگی گروپی کۆرس تێئەپەرێنرێت..یان سیستەمی پاشایەتی/ بنەماڵەیی بخرێتە دەنگ یانەوە بە ھۆی گروپی کۆرسەوە جارێکی تریش ڕووی مێژوو و دیموکراسی ڕەش ئەکەنەوە ، پارلەمانێک خۆی کارتۆنی بێ ، ئەو گروپی کۆرسەش جگە لە "کاغەز" چی تر نیە لەناو ئەو کارتۆنەدا.

جوزەلەژەن و شایەرەکانی دەسەڵاتی ھەرێم ئەوەنە بە ھاتنەکایەی مەسەلەی لامەرکەزی بۆ سلێمانی سەغڵەت بوون کە جاروبار قسەی زۆر عەنتیکە ئەکەن، وەک: پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ھەرێم وەک ئەوەی تاپۆی ئەم خاکە وا لە قاسەکانی بنەماڵە و لەگەڵ داھاتی نەوتا ھەڵگیراوە! تێناگەم ئەی ھەر ھەمان خاک نیە کە پڕکراوە لە سوپای تورکی؟ ھەر ھەمان خاک نیە کە ٣١ی ئاب کرا بە میوانخانەی سوپای بەعس؟ ھەر ھەمان خاک نیە لە ریفراندۆمی جوانەمەرگدا تا پردێ رایانکرد؟ دۆست و ئاشنا نەبونایە ھەولێر ئەخرایە سەر مادەی ١٤٠.

کە دوو برا لەیەک ماڵدا ئیدارەیان نەکرد پێکەوە ئەبێ ھەر یەکەیان ماڵی خۆی ھەبێت، جا ئێمە کە براش نین بۆ ئەبێ ھەر لە یەک ژوورا بین کە بە درێژایی مێژوو ھەوڵ دراوە و ھەموو ئەگەرەکان تاقی کراونەتەوە و سەرئەنجام ھەر بە ڕێکنەکەوتن تەواو بووە، ئێمە لەسەر قسەکەی سەرۆکی بنەماڵە کە وتبوی، ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئەوانیش لە ماڵی خۆیان ئەڵێین: زۆر سوپاس ئەزبەنی بۆ ئەو ئامۆژگاریە و بۆ یەکجار بە قسەت ئەکەین و ئێمە ئیتر لەماڵی خۆماندا دائەنیشین و بە لامەرکەزییەتت دەسپێرین.

‌بەپەلە