سەردێڕ:

لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ‌

5/13/2020 3:29:43 PM
14918 جار خوێندراوەتەوە
بەهێز حسێن
+ -

قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی لە کوردستان ھاتۆتە ئاراوە و سەرکردایەتی نوێی یەکێتیش دەیەوێت ململانێکانی عەقڵانی تر و واقیعیانەتر برەو پێبدات، خواستی ئەوەشی ھەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراقیش بگەیەنێتە ئەوپەڕی دۆستایەتی.

یەکێتی و نەوەی نوێ لە رابردوودا پەیوەندییەکی تەندروستیان نەبووە و یەکێتی ویستوویەتی نەوەی نوێ کەناربخات و یەکێک بێت لە فەرامۆشکراوەکانی و بە رێگای جیاواز و ھەندێک جاریش بۆ موجامەلەی پارتی ھەوڵی سەرکوتکردنی داون و ویستوویەتی بێدەنگیان بکات، نەوەی نوێش لەرێگەی میدیا و پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش دژی یەکێتی بووە و ویستوویەتی ئەم ھێزە لە رووی ناو و ناوبانگەوە بشکێنێت و خەڵکی کوردستانی بکات بەگژدا، بەڵام دیسانەوە وەک ئەوانەی لەمێژوودا روویانداوە ھیچ لایەکیان لاواز نەبوون و یەکتریشیان پێنەسڕاوەتەوە، رێگا دروستەکە ئەوەیە کە مامەڵەی واقیعیی لەگەڵ یەکدا بکەن و لێکگەیشتن و ھەماھەنگی زیاتر لەنێوانیاندا بێتەئاراوە.

بۆ یەکێتی گرنگە پەیوەندی باش و ئاسایی لەگەڵ ھێزێکی وەک نەوەی نوێ بھێنێتە ئاراوە، چونکە نەوەی نوێ ھێزێکی واقیعی کوردستانە و خاوەنی ھەشت کورسی پەرلەمانی کوردستان و چوار کورسی پەرلەمانی عێراقە، واتا نوێنەرایەتی بەشێکی خەڵکی کوردستان دەکات، ناکرێت ئەم ھێزە لەبەرچاو نەگیرێت و وابزانرێـت ھیچ نییە، لەکاتێکدا یەکێتی ھەوڵی ئەوپەڕێ پەیوەندی باش دەدات لەگەڵ چەند حیزبێکی تر کە لەڕووی سەنگی پەرلەمانییەوە ئەوەندەی نەوەی نوێ نابن یان ھەر سەنگی پەرلەمانییان نییە.

لەرووی پێگەی جەماوەری و ناوچەییشەوە نەوەی نوێ دەنگی زیاتری لەو ناوچەیەدا ھێناوە کە یەکێتی بە زۆنی خۆی دەزانێت، کەواتە باشترە بۆ یەکێتی لە پێناو ئۆقرەیی و ئارامی زۆنەکە و دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی لە بەرژەوەندی زۆنەکە پەیوەندی تەندروست و باش لەگەڵ نەوەی نوێ بھێنێتە ئاراوە.

پێویستە نەوەی نوێش ئەو راستییە تێبگات کە دژایەتی کردنی یەکێتی ئاکامێکی نییە و باشترە بۆی ھێزێکی وەک یەکێتی بەم سەرکردایەتییە نوێیەیەوە بکاتە دۆست و ھاوپەیمان و لە بۆچوون و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانیاندا ھەماھەنگییان ھەبێت و پەیوەندییەکانی پەرەپێبدات تا ئاستی ھاوپەیمانی سیاسی لەگەڵ یەکێتی.

ناکرێت نەوەی نوێ خۆی گۆشەگیر بکات لەو بزاوتە سیاسی و ئیدارییەی لەکوردستان ھەیە و پێی وابێـت بە خۆ خزاندنە گۆشەیەکی تەسکی کارکردن و خۆ بە دوور گرتن لە ھاوپەیمانێتی سیاسی ھەم سەرکەوتوو دەبێت و ھەمیش پارێزراو دەبێت.

لە سەردانەکەی وەفدی یەکێتی بۆلای نەوەی نوێ دەستپێشخەرییەکی باشی یەکێتیە بە ئاڕاستەی ھێورکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندی سیاسی، نەوەی نوێش باشیکرد کە کۆبوونەوەکەی قبوڵکرد، داواکردنی پۆزش ھێنانەوەی یەکێتی بۆ نەوەی نوێ نابێت لە قەبارەی خۆی گەورە بکرێت و پێویستە دروست وەڵام بدرێتەوە، یەکێتی بەرامبەر بە دەیان رووداو و ھەڵوێست و کردار و پێشھات داوای لێبوردنی کردووە و ئەمەش یەکێک بووە لە خەسڵەتە جوانەکانی یەکێتی، خۆ ئەگەر بەرامبەر بە نەوەی نوێ و لەپێناو ھێنانە ئارای پەیوەندی باشی سیاسی و نزیکبوونەوە لەیەکتر پۆزش بھێنێتەوە کەعبە کەچ نابێت، لە کاتێکدا یەکێتی لە چەندان رێگاوە پۆزشی بۆ نەوەی نوێ ھێناوەتەوە و تەنانەت بژاردنی پارەشی بۆ کردووە.

بەھیوام نەوەی نوێ و یەکێتی پەیوەندییەکی ئاساییان ھەبێت و لە خزمەتی خەڵک و دۆزی ڕەوای کوردستان کاری ھاوبەش بکەن و ھەماھەنگی زیاتریان ھەبێـت.