سەردێڕ:

ئاستەنگەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی خوێندن لە زانکۆ حکومیەکان

5/7/2020 12:32:51 AM
8752 جار خوێندراوەتەوە
بێوەی نەقشبەندی
+ -

خوێندن لە زانکۆ حکومیەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە ھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ڕاگیراوە، وەزیری خوێندنی باڵاش لە دواین لێدوانیدا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، پاڵپشت بە باشبونی دۆخی تەندروستی ھەرێـمی کوردستان و بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، لە پلاندایە لە (١٦/٥/٢٠٢٠) بەدواوە خوێندنی ئاسایی نێو کەمپەس لە زانکۆکان دەستپێ بکاتەوە، ئەگەر ھیچ گرفتێکی تری پەیوەندیدار سەرھەڵنەدات. 

لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی خوێندندا، چەندین ئاستەنگ ڕوبەڕوی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دەبنەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

١. بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی زانکۆکان، دەستپێکردنەوەی خوێندن پێش جەژنی ڕەمەزان بە ھەفتەیەک زەحمەتە، خوێندکاری زانکۆ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە ناتوانن تەنھا بۆ ھەفتەیەک پەیوەندی بە زانکۆکانیان بکەنەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بە شێوەیەکی کرداری خوێندن دوای جەژن دەستپێبکاتەوە.
 
٢. خوێندن لە وەرزی گەرما وھاویندا پێوستی بەوەیە کە ئامادەکاری تایبەتی بۆ بکرێت، بۆ نمونە بەشە ناوخۆییەکانی مانەوەی خوێندکاران ھەمیشە بە دەست گرفتی سیستمی ساردکردنەوە دەناڵێنن، بۆیە ھەر لە ئێستاوە لایەنی پەیوەندیداری زانکۆکان دەتوانن کە کەموکوڕییەکان زۆر کەم بکەنەوە و خوێندکاران ھەم لە بەشە ناوخۆییەکان و ھەم لە زانکۆش ڕوبەڕوی کەمترین گرفت ببنەوە.

٣. لە ئێستادا فەرمانبەرانی حکومەتی ھەرێم موچەی چوار مانگیان وەرنەگرتوە، کاسب و خاوەن پرۆژە بازرگانیەکانی تر لە ژێر فشارێکی گەورەدان کە بەرھەمەکانیان لە کۆگاندا ماونەتەوە، خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت مامۆستایان و خوێندکاران لە قەیرانێکی دارایی سەختدان، لەبەرئەوە زۆر زەحمەتە کەشێکی گونجاو دابینبکرێت بۆ مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ کە بتوانن بە سەرکەوتویی ئەمساڵی خوێندن تەواو بکەن، باشکردنی باری دارایی مامۆستایان و خوێندکاران لە ڕێگەی موچە و دەرماڵەوە تاکە چارەسەرە و گرنگە حکومەتی ھەرێم کاریگەریە ئەرێنیەکانی ئەم ھەنگاوە لەبەرچاو بگرێت.

٤. ساڵی ئەکادیمی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ بۆ ھەر سێ سیستەمی خوێندنی ساڵانە و وەرزی و بۆڵۆنیا تەواو نەبوە و دەبێت قەرەبوی چەندین ھەفتە خوێندن بکرێتەوە، لە ئێستادا خوێندنی ئەلکترۆنی بەشێوەی پاڵپشتیکار بە ئاستێکی زۆر لاواز بەڕێوە دەچێت، ئەنجومەنی زانکۆکان و کۆلێژەکان ھیچ نوسراوێکی فەرمیان ئاڕاستەی بەشە زانستیەکان نەکردوە کە بە چ شێوەیەک قەرەبوی خوێندن بکەنەوە، چۆن تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدرێن، ھەروەھا چۆن نمرەی خوێندکاران ڕێکبخرێت.

ئەوەی تا ئێستا دیارە و ھەندێک لە زانکۆکان کاری لەسەر دەکەن ئەوەیە کە ئەمساڵی خوێندن لە ١/٨/٢٠٢٠ کۆتایی بێت بە ھەموو پرۆسەکانی تاقیکردنەوەی خولی یەکەم و دووەم و ماوەی تانەگرتنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی پشوی مانگێک بدرێتە خوێندکار و مامۆستا و پاشان لە ١/٩/٢٠٢٠ دەستبکرێتەوە بە ساڵی نوێی خوێندن، ئەگەر بەم خشتەیە کاربکرێت ئەوە ھەندێک کێشە دروست دەبێت و زۆر بابەت بە ناڕونی ماونەتەوە، بۆ نمونە تاقی کردنەوەی تێرمی دووەمی سیستەمی ساڵانە، تاقی کردنەوەی ناوەڕاست و کۆتایی وەرزی دووەم و سیستەمەکانی بۆڵۆنیا کەی ئەنجام دەدرێن؟.

ماوەتەوە بڵێین کە گرنگە سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی زیاتر بداتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتی زانکۆکان بۆ ئەوەی باشتر و بەبێ دواکەوتن بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بن، پێکەوە کاربکرێت بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندن بە کەمترین زەرەر و گیروگرفت تەواو ببێت لە تەواوی زانکۆ حکومیەکانی ھەرێمی کوردستاندا.