سەردێڕ:

بۆ جیاکردنەوەی حزب لە دەسەڵات؟

5/12/2020 5:39:58 PM
3711 جار خوێندراوەتەوە
فایەق گوڵپى
+ -

لە ھەموو وڵات و ھەرێمێکدا، بنەما سەرەکییەکانی سیاست لە رێگەی دەستور و کلتوری نەتەوەیی و کلتوری دیموکراتییەوە دادەڕێژرێن وجێگیر دەکرێن، ھیچ دەزگایەکی دەوڵەت  و ھیچ حزبێکی سیاسی ناتوانێت لەو بنەمایانە لابدات، ئەگەر لایدا، بە تاوانبار و خیانەتکار دەژمێردرێت. 
ھەرێمی کوردستان دەستوری نییە، سیاسەتی سنوردار و جێگیری نییە، دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ئامادەکردنی رەشنوسی دەستور و راپرسی لەسەری، خۆیان دەدزنەوە.

 سیاسەتی ھەرێمی کوردستان بە رێکەوتنی نێوان حزبە سیاسیەکانی ھەرێم دیاریدەکرێت، واتە حزب شوێنی دەستوری گرتوەتەوە، بڕیاری حزبەکان شوێنی بڕگەکانی دەستوریان گرتوەتەوە، بەڵام بڕیارەکانی حزب نھێنین، وەک بەندەکانی دەستور بۆ خەڵک ئاشکرا نین، بڕیارەکانی حزب کاتیین، وەک بەندەکانی دەستور دورمەودا و ستراتیجیی نین، بڕیارەکانی حزب لە بەرژەوەندی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم و دۆستە دەرەکییەکاندان، لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نین، بۆیە لە ھەرێمی کوردستاندا سیاسەتی رون و ستراتیجی و سەربەخۆ نییە، سەیری دەمی حزبەکان و دۆستە ئیقلیمییەکانیان دەکەین تا سیاسەتی رۆژانەمان بۆ دیاری بکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی بە دەسەڵات و بە ئەزمونی ھەرێمی کوردستان، بۆ پێکھێنانی پەرلەمان و کابینەی ٩ی حکومەت، لەگەڵ ھەر یەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیدا رێکەوتنی کرد، دوای رێکەوتنە حزبییەکان، پارتی وا ھەڵسوکەوت دەکات کە ھەرێم خاوەن دەستور و یاسای تایبەتی خۆیەتی و بە گوێرەی دەستور و یاسا حوکمی ھەرێم دەکات، گوێ لە رەئی و پێشنیازی دۆستەکانی ناگرێت.

ھەرچی سەرکردایەتی نوێی یەکێتیشە، نەک ھەر دەیەوێت بە گوێرەی رێکەوتنە حزبیەکان سیاسەت بکات، بەڵکو دەیەوێت چاو بە رێکەوتنە حزبییەکانی نێوان خۆیان و پارتیشدا بخشێننەوە، لەبەرئەوەی وایبۆدەچن لە رێکەوتنی پێش کۆنگرەی چواری یەکێتیدا کە بە رابەرایەتی سەرکردایەتی پێشوو کراوە، سازش بۆ پارتی کراوە، بۆیە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی ھەر رۆژە و بە فشارێکی سیاسی دژی سیاسەتی پارتی دەوەستێتەوە، دژی جێگیرکردنی ھیزی پێشمەرگە لە زینی وەرتێ وەستایەوە، باسی لامەرکەزی پاریزگاکان دەکات، رەخنە لە کۆبوونەوەی رۆژی ٧ی ئایاری پەرلەمان دەگرێت و بە مەترسیدار وەسفی دەکات.

ئەگەر لە ھەرێمی کوردستاندا دەستور ھەبوایە و سیاسەت جێگیربوایە، پدک و ینک و ھیزەکانی تریش، نەیاندەتوانی بەو شێوەیە بە ئارەزووی خۆیان، بۆ بەرژەوەندی خۆیان،بێ رەچاوکردنی بەرژەوەندی خەڵک، ھەر رۆژە و سیاناریۆیەکی سیاسی  دابرێژن و گاڵتە بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکەن.

خەڵکی کوردستان بە تەواوی لەم جۆرە سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بێزار بووە، دەزانێت ئەم جۆرە سیاسەتە زیانبەخشە و ھیچ خێرێکی بۆ خەڵک نییە، بەڵام نازانێت چۆن روبەروی ئەو جۆرە سیاسەتە بوەستێتەوە.

ئەگەر خەڵکی کوردستان سەیری سیاسەتی عێراق و دەستوری عێراق بکات، دەبینێ سیاسەتی عێراق لەسەر بنەمای بڕگەکانی دەستوری عێراق دارێژراوە، بە گوێرەی رێکەوتنی حزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق دانەڕێژراوە، بۆیە  تارادەیەک سیاسەتی عێراق درێژخایەن و جێگیرە، حزب یەک جار، تەنھا لە دەستنیشانکردنی پاڵیوراوانی پەرلەمان و ئەندامانی کابینەی حکومەتدا رۆڵی ھەیە، دوای ئەوە حزبەکان لە حوکمڕانی دووردەکەونەوە تا ھەڵبژاردنێکی تر خۆیان مت دەکەن، وەک حزبەکانی ھەرێمی کوردستان نین خۆیان لە ناو پەرلەمان و حکومەت و دادگا و راگەیاندن و ئابوری وڵاتدا  نوقم کردبێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بھێنن.

بۆ کۆتاییھێنان بە سیاسەتی رۆژانە و ناجێگیری حزبایەتی ھەرێم، بۆ دوورخستنەوەی  دەستی حزب لە ناو دەزگاکانی حوکمڕانیدا، بۆ جیاکردنەوەی حزب لە دەسەڵات، ئامادەکردنی رەشنوسی دەستور و راپرسی لەسەری، باشترین بژاردەیە.