سەردێڕ:

دیموکراسی لە پەرلەمانی کوردستان کوژرا

4/14/2021 1:39:22 PM
3753 جار خوێندراوەتەوە
شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین
+ -

 سادەترین بەڵگە بۆ درۆکردن بە دروشمی بریقەداری دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بێشەرمانە لەبەرچاوی گەل زۆر بە سانایی دەرگا بە ڕووی نوێنەری گەل لە ئەنجومەنی نوێنەران دادەخرێت، لەو ڕەفتارە قێزەونتر ئەوەیە کە ھاوپیشەکانیان بە جیاوازی بیروڕا کاسەی سەریان لە بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و پێکەوەژیان خاڵی دەکەنەوەو بە ھەمان بیری عەسکەرتارییەت بە ھەموو بڕیارێکی سەروخۆیان دەڵێن بەڵێ وایە،‌ گەورەم، ڕاستە، ئەمەش نیشانەی دەستەمۆبوون و زەلیلییە..

 

 بەڕاستی حکومڕانی ھەرێم زۆر لاوازە لە ڕووی ھۆشیاری سیاسی و یاسایی و مەدەنیەت و ھاوڵاتیبوون، ئەوە پاداشت و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئێمەیە بۆ پەرلەمان کە لە ئێستادا وەک دیوەخان بە ویستی خۆیان ئەم دێنن و ئەولا دەبەن، نەک ئازادی تاک بەڵکو ئازادی بۆ رۆژنامەنوسان و نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانیش خراوەتە ژێر ترس و تۆقاندن.

 

 شەرمەزارییە کەسێک بە ‌ خۆی بڵێت سەرکردە، بەڵام  نەتوانێت ھەزمی ڕەخنەو جیاوازییەکان بکات، رۆژێک ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بکرێت و رۆژیکش حەسانە لە پەرلەمانتارێکی تر وەربگرنەوە بە بیانووی ئەوەی گوایە تۆمەتی بۆ سەرۆکی حکومەت ھەڵبەستووە، لە کاتێکدا مێژووی تاڵان و دزیتان لای مللەت وەک ‌خۆری ڕۆشن دیارە، بە نمونە سەیری ژیانی خۆتان و کەسوکاری سەر‌بەرزی شەھیدان بکەن، ژیانی ڕۆڵەکانی ئێوەو ڕۆڵەیی شەھیدێکی  بێناز، ئیتر داوای بەڵگەی چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەستۆ پاکی خۆتان بسەلمێنن.

 

کەوابوو پەرلەمانم بۆچییە؟!‌ کە نوێنەری بەشێک لە خەڵک لەسەر تێگرتنی جوتێک پێڵاو گەلە ‌کۆمەکی لێ بکرێت و مافی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکاندا لێ وەربگرنەوە، حکومی پاشایەتی تیایدا ڕەنگ بداتەوە، ئایا بەردەوامیدان بەم جۆرە ڕەفتارە پێشبینی کاری توندوتیژی لێ ناکرێت؟! نابنە ھۆکار بۆ دروست بوونی تیرۆر؟ ئەی بڕیار نەبوو نوێنەرانی گەل داکۆکیکاربن لە ھەر چین و توێژێکی جیاواز! کەواتە بانگەشەی داھاتووی ھەڵبژاردنەکانتان چۆن و دەبێت و چ پەیامێک دەدەن بە خەڵک،‌ گەیشتووین بەو ڕاستییەی کە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی ھەرێم بە ئاڕاستەیەک ھەنگاو دەنێت کە دەیەوێت ھەمووان وەک یەکتری بیربکەینەوە، بەڵام مێژوو سەلماندویەتی کە شکۆی گەل زۆر لە ئێوە گەورەترە چۆکی بە ھەزاران زووڵم و ستەمکاریداوەو دەدات.

 

پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دژ بەو جۆرە بڕیارو رەفتارانەی پەرلەمان دەست پێبکەن، بۆ ئەوەی چیتر ھەنگاوەکان بەرەو سیستمی دیکتاتۆرییەت گەشە نەکات و لەبار ببرێت، بە پێچەوانەوە بێدەنگیمان لە ئاست ئەم پرسە لە داھاتوودا نەک خەم بۆ مەرگی ھەڵبژاردنی دیموکراسی و ئازادی دەخۆین، بەڵکو بەھۆی بەد کرداری چەند بەرپرسێکی باڵا بە مانای ووشە دەگەین بە قۆناغێک کە مرۆڤبوونیش لە دەست دەدەین، بۆیە دەبێت خەمێک بۆ ئێستاو ئایندە بخۆین.