سەردێڕ:

یەکێتی و کۆمەڵ لەبری شادی ماتەمینی رابگەیەنن

6/2/2020 2:49:28 PM
17874 جار خوێندراوەتەوە
شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین
+ -

ئێستا بارودۆخ و ژیان لە ھەرێمی کوردستان بە وێنەی دارستانێکی پڕ لە دڕندە ئاسایە، کە چوار دەوری مێگەلێکی ھەژاریان گرتووە و ھەر ساتێک و ژمارەیەکیان دەبنە قوربانی چنگی خوێناوی راوچییە دڵڕەق و بێویژدانەکان، ھاوکات  یەکێتی و کۆمەڵ وەک ساڵانی رابردوو ھەر وەک ئەوەی ھیچ رووی نەدابێت بێئاگا یان بە مەبەست ساڵیادی حزبەکانیان دەکەنەوە و پەیامی پیرۆزبایی نەیارەکانیشیان بە شانازییەوە بڵاو دەکەنەوە، کە پێویستە لە ئێستادا بۆ رێزگرتن لە ھەژاران ئەم پرۆپاگەندەیە رابگرن.

بێباکی دەسەڵات و شەریکەبەشی سامانی میللەت لەنێو بەناو کابینەی حکومەتی ھەرێم، ئەگەر لە رابردوودا نیشانەی سەرکەوتن بووبێت کە شانازی پێوە بکرێت، ئەوا لە ئێستادا مانەوە لە حکومەت و گوێنەگرتن لە خواستی شەقام شەرمەزارییە و دەبێت سەرجەم تاک و کۆی بەشداربووان لە پێکھێنانی حکومەت چاوەڕوانی وەرگرتنی سزا بکەن.
سوونەتی خوای تاقانە بۆ مرۆڤەکان وایە پاداشت و سزای ھەیە، بەڵام لەم جیھانە دۆزەخییەی ئێمەدا ئەوانەی دەیانەوێت بە زمانێکی تر بانگەشەی خوایەتی بوون بەسەر گەلەوە بکەن، تەنھا سیستمی سزا پیادە دەکەن.

ھەزاران باوک و دایک رۆژانە بەدەم داوای نازدارەکانیانەوە فرمێسک بۆ ھەژاری و بێچاری خۆیان دەڕێژن، ئەمەش ھەمووی بەھۆی سیاسەتی سەقەتی بەرپرسانی حزب و حکومەت و جیابوونەوە لە بەغدا و ئەنجامدانی ریفراندۆم و سیاسەتی سەقەتی نەوت روویدا.

لەگەڵ رازیبووون بە قەدەری خوا، ھاوکات گلەییەکی تاسەر ئێسقان لە بەندەکانی خوا دەکەین، کە لە ھەرێمێکدا دەژین رۆژانە لە بەرگی یاسادا سزای نوێ و تاکتیکی ژەھراوی بەعس ئاسا بەسەر گەلدا دەسەپێنن، ئەوەتا سەدام حسێن چی کرد لە رابردووشدا بەرپرسانی بەناو کوردبوون کردوویانە، ئەمانەش تۆوی نائومێدی لە دڵ و دەرونی گەنجانی سەردەم چاندووە و بیری سیاسییە بەساڵاچووەکانیان رەتدەکەنەوە و لە کاتی ڤایرۆسێکی جیھانی وەک کۆرۆناش، وەک مەلەوانە درۆزنەکە متمانە بە ھاوار و بانگەوازەکانی حکومەت ناکەن.

 بەعس سیاسەتی پاکتاوکردنی گوندەکانی جێبەجێکرد، ئەمانیش لەجیاتی ئاوەدانکردنەوەی لادێکان و گرنگیدان بە کشتوکاڵ و داھاتی ناوخۆیی، گەنجانیان کرد بە چەکدار بۆ بەھێزکردنی قاچی کورسییەکانیان، بەعسییەکان ئەنفال و رەشەکوژی و جاسوسییان لە ناو میللەتی ئێمەدا ئەنجامدا، ئەگەر بەعس بە جەستە کرداری جینۆسایدی ئەنجامدابێت، ئەوا ئەمان بە بەرنامە و پلان کاریان بۆ لەکارخستنی ژیان و ژیری خەڵک کردووە، ئەرێ لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵی ھەرێم، چ کەسایەتییەکی بوێرو پاک ماوە، دەیان تۆمەتی دەرونکوژ، یاخود چەندین بکوژی رۆژنامەنوس و نوسەر و چالاکوانی مەدەنیان ئەنجام نەدابێت؟ حکومەتی بەعس خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دابینکرد، بەڵام ئەمان گرانی و ساختەکاری لە بازرگانی ناوخۆییان ئەنجامدا لە رووی خۆراک و کاڵاو دەرمان...

قوربانییەکانی مێژوو رۆڵەی خەڵکی ستەم دیدەی ئەمڕۆن، ئەرشیفی وێنەکانی مێژووی بەرپرسان لە شاخ، بە دزییەکانی ئەو کاتەشەوە تۆمارن بۆ ئیستاش سەدان جار ژیانی خۆشتر بۆتان لای خەڵک جێگەی قبوڵ بوو بەڵام لە ئێستادا جیاوازی ژیانی بەرپرسان لە شاخ و شار بەھێندەی دەیان ملیار جار زیادی کردووە، چۆن دەبێت کوڕی بەرپرسێک لە ئەمریکا ساڵانە بە ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج بکرێت، لە کوردستانیش ھیچ بەھایەک بۆ خوێندنی باڵاو پەروەردە نەھێڵن!

سەیر بکەن و ببینن لەم ھەرێمەی ئێمەدا چ رەوایە سادەترین مافەکانی ھاوڵاتیبوون فەراھەم نەکرێت؟ موچەی کرێگرتەکانی حکومەت نەدرێت، ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەت دەیانەوێت نان بۆ ژیوار پەیدا بکەن و رێگری لە کاری رۆژانەیان بکرێت، سەرباری ئەوەش وەزیرەکان لە کۆشکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پلان بۆ چۆنییەتی داڕووتاندنی گیرفانی ھاوڵاتیان دابنێنن و ماوەی دە رۆژ دیاری بکەن بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان!

چەند شەرمە ھەر پارت و لایەنێکی سیاسی بەتایبەت بۆ یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵی ئیسلامی لەم دۆخەدا باس  لە ساڵیادی خەبات و تێکۆشان بکەنەوە، بە نەزانینی و شەرمنی یاخود شانازییەوە پەیامی لایەنەسیاسییەکانیتر بڵاو بکەنەوە...

بێباکی دەسەڵات و شەریکە بەشی سامانی میللەت لەناو بەناو کابینەی حکومەتی ھەرێم، ئەگەر لە رابردوودا نیشانەی سەرکەوتن بووبێت کە شانازی پێوە بکرێت، ئەوا لە ئێستادا مانەوە لە حکومەت و گوێنەگرتن لە خواستی شەقام شەرمەزارییە و دەبێت سەرجەم تاک و کۆی بەشداربووان لە پێکھێنانی حکومەت چاوەڕوانی وەرگرتنی سزا بکەن.

پێویستە سەیری ئازارەکانی خەڵک بکرێت و لە ناخی سەرجەم ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی خەڵک دەزانن، ئەگەر پرسەیەک و ماتەمینی راناگەیەنن شادی و شاییەکانتان رابگرن.