سەردێڕ:

سلێمانی چی بەسەردێت؟

5/31/2020 5:26:05 PM
7561 جار خوێندراوەتەوە
سیروان غەریب
+ -

تەنھا ١٠٠ توشبوو بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی بۆ سەلماندنی قسەکانمان وەردەگرین، ئەگەرچی بەپێی زانیارییەکان ھەر دوێنێ بەلێشاو توشبووی تر تۆمارکرا و ژمارەکە زۆر لەسەروو ١٠٠ توشبووەوەیە، دواتر خۆت ئامارەکە ھەڵبسەنگێنە بزانە شارەکە لەچ دۆخێکی تەندروستیدایە.

ئەگەر بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەڵسوکەوت بکەین، لەو ١٠٠ توشبووە ھەر یەکەو بەرکەوتەیان لەگەڵ چوار کەسدا ھەبووبێت و ڤایرۆسەکەیان بۆ گواستبێتەوە، ئەوا ڤایرۆسەکەیان گەیاندووەتە ٤٠٠ کەس.

ئەگەر ئەو ٤٠٠ کەسە توشبووبێتن ھەر یەکەیان بەرکەوتەیان ھەبووبێت لەگەڵ چوارکەسدا ئەوا ١٦٠٠ کەسی تریان توشکردووە، خۆ ئەو ١٦٠٠ کەسە کەرەنتینە نەکراون و بێگومان لەناو کۆمەڵگادان، ئایا ژمارەی تووشبووان دەگەیەننە چەند توشبوو؟

من لێرەدا دەوەستم، چونکە د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی قسەی مەترسیدارتری کرد کاتێک بە سایتی وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، ئەگەر دۆخەکە بەوجۆرە بڕوات و ھاوڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبن، ھەفتەی داھاتوو ھەموو ماڵێکی سلێمانی توشبوویەکی کۆرنای تیادەبێت.

ھەروەھا ناوبراو وەک زمانحاڵی تەندروستیی ئاماژە ‌بۆئەوەدەکات، کە تۆمارکردنی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە سلێمانی مەترسیدارن، ئەگەر بەم جۆرە رۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ حاڵەتی توشبوون تۆماربکرێت، لە ماوەی ١٠ رۆژدا دەگاتە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ حاڵەت، ئەمەش وادەکات لە ماڵەکاندا کۆرۆنا ھەبێت و ئەوان ھەستی پێنەکەن.

بوونی قەیرانی دارایی لەھەرێمی کوردستان و داواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، ھەڵوێستی دەسەڵاتدارانی تەندروستیی شاری سلێمانی لاوازکردووە، چونکە ناتوانن وەک گەڕی یەکەمی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەبەھاری ئەمساڵدا مامەڵە بکەن، تەنانەت لەبەر غەزەب و گومانی خەڵک ناتوانن رێنماییەکانیش وەک جاران بڵاوبکەنەوە.

باشە ئەگەر بەم جۆرە ئامارەکان بەرزببنەوە، دەسەڵاتدارانی تەندروستیی ئەم شارە چی دەکەن، شارەکە کەرەنتینە دەکەن؟ یاخود ژیان وەک ئەمرۆ بەرێوەدەچێت و بەیەکجار ھەمووان ئەو ڤایرۆسە دەگرین، ئەوەی مرد دەمرێت و ئەوەی چاکدەبێتەوە چاکدەبێتەوە. ھەردوو پلانەکە لەجیھاندا تاقی کراوەتەوە، دەکەوێتە سەر پلانی تەندروستیی و ھێز و تواناکانیان و قەناعەتی خەڵک بە مەترسییەکان.