سەردێڕ:

حکومەت دوربین بە، تا لە قەیران دور بیت

4/1/2020 5:05:29 PM
5747 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد هادی
+ -

بە حوکمی ئەوەی ھەم رۆژنامەنووسی ئابووریم ھەم قوتابی خوێندنی باڵاشم لە ئابووری ھەروەھا زانستی ئابووریش دەڵێت جوڵەی بازار و خولانەوەی پارە لە بازاڕ ھۆکارێکە بۆ گەشەکردن و پێشخستنی ئابووری لە ھەر وڵاتێک بێت.
زیاتر لە دوو ساڵە لە ئیستەنبۆڵ پایتەختی ئابووری تورکیا دەژیم وەک قوتابی ماستەر لە ئابووری نێودەوڵەتی، جگەلە من دەیان ھەزار قوتابی دیکە لە وڵاتانی جیھان لەو شارە ھەن و دەخوێنن. 
یەکێک لەسەرچاوەکانی داھات بوونی خەلکی بیانییە لە وڵات! چۆن؟ ھەموو وڵاتێک بەشێک لە داھاتە ئابوورییەکەی لەسەر دراوی بیانی دەستدەکەوێت کە رۆڵی لە جوڵەی پارە دەبینێت لە ئابووری ئەو وڵاتانە جگە لەوەی لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەم داھاتە رۆڵی زۆری ھەیە لە بەرگریکردن لە بەھای دراوەکەی، چونکە ھەموو کات دراوی بیانی بە تایبەت ( دۆلار و یۆرۆ ) بەھۆی ئەم خەڵکانە دێتە وڵات.
 ئەم شیکارییە کورتە بۆ بابەتێکی مەبەستدارمە کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم لێرە، لە دوای ۲٠۱٤ ەوە ئێمە لە قەیرانێکی ئابووری و دارایی گەورە دەژین تەنھا لە ماوەی ئەم دوو سالەی کە من لە تورکیا بووم (۲٠۱۸ـ ۲٠۱۹)نزیکەی ٥ ھەزار قوتابی لەم ھەرێمە بچکۆلانەی خۆمان بە مەبەستی خوێندن ھاتوون بۆ تورکیا و قوبرس( وڵاتانی دیکە باس ناکەم) بە رێژەیەکی مامناوەندیش ھەر یەک لە ئێمە ۲٠٠٠٠ دۆلار واتە دوو دەفتەر خەرجی ژیان و خوێندن و چوون و ھاتنییەتی، ئەمە دەکاتە نزیکەی ۱٠٠ ملیۆن دۆلار ! واتە تەنھا بەھۆی سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا لەبەر نەبوونی پلانی ستراتیژی ۱٠٠ ملیۆن دۆلار لەم ھەرێمەمان چووەتە دەرەوە (تورکیا و قوبرس) ئەگەر ئەو پارەیە لەو ماوەیە بخرابووایە بازاری خۆمان (۱٠٠٠٠٠٠٠٠$) تەکانێکی گەورە دەدا لە بازار و دەتواندرا جگە پێشخستنی پرۆژە و بازرگانی بچوک و مامناوەند  کاریگەری باشیش لەسەر رێژەی ھەژاری، بێکاری و ھەڵئاوسان دروستبکات و کاریگەری باشیشی لەسەر داھاتی تاک دروست دەکرد.
ھەموو حکومەتێک بۆ ئەوەی بژی دەبێت ستراتیژی و ئابووری بەھێزی ھەبێت ھیوادارم سود لە قەیرانی ۲٠۱٤ وەربگیرێت و ببینە ھەرێمێکی ستراتیژی تا بتوانین خۆش بژین.