سەردێڕ:

قەوانی موچە و سەنگی تاکی کورد

3/26/2020 9:59:30 PM
7736 جار خوێندراوەتەوە
سۆران نەقشبەندی
+ -

خۆشەویستان هەرکەسێک ئەم چەند دێڕەی من دەخوێنێتەوە، هیوادارم لە نییەتی وڵاتپارێزیمان تێبگات نەک وابزانێ ئاشوبین و سەردەستە و تاقمێکین.

مەسەلەی موچە لە ئێستادا ناشرینترین و بێماناترین باسە لەم وڵاتەیا، لە ساڵی ٢٠١٤ دوای هاتنی داعش، ماوەی دوو ساڵ پارە و پولی ئەم وڵاتە لە لایەن هەردوو پارتەکەی کوردستانەوە بێسەر و بێبەر کرا، لە شەو و رۆژێکدا هەرچی کاش و پارەی دانراو هەبوو دیارنەما و کەس نەیزانی چیلێهات.

ئەمریکا و هاوپەیمانان بە تایبەت ئەڵمانیا چەکیان نارد، لەسەر زمانی مەحمود سەنگاوی کە فەرماندەیەکی بەتوانای هێزی پێشمەرگەیە رایگەیاند یەک چەکمان پێناگات و بە چەکی کۆنی خۆمان لەگەڵ داعش دەجەنگین، دواتر ئەڵمانیا بە فەرمی رایگەیاند کە چەکەکەنی داومانە بە پێشمەرگە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێنەوە.

داعش تەواو بوو، لە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە بە مەرجی ئەوەی کە روبعە مەعاش بدەن، حکومەتە بێسەروبەرەکەی ئەوکاتیش، بڕیاریدا کە چیتر موچە نابێتە هەواڵی گەرمی میدیاکان، کەچی ئەوەتا ٥ ساڵ تێپەڕی، ئەمڕۆ کە بەرواری ٢٦/٣/٢٠٢٠ هێشتا گەرمترین هەواڵە و دنیا خەریکە کاول و کۆتا دەبێت دڵی کوردی داماو هێشتا بە حەسرەتەوە چاوەڕێی تەنها هەواڵی موچەکەیە نەک موچەکە خۆی.

تاکی کورد، تاکێکی زوڵملێکراوی مافخوراوی بەشخوراوی زۆر زۆر  پشتگوێخراوی لە خشتەبراوە، چینایەتی لە کوردستان وایکردووە کە تەنها دوو چین هەبێت، یان سواڵکەر کە سەرجەم کارمەندانی پلە نزم دەگرێتەوە بە خۆشمەوە، چونکە ئەو بەناو موچەیەی کە دەیدەن وەک سواڵی لێدێت ئەوەنە ناشرین و ناخۆش دەیدەن، یانیش بەرپرس و وەزیر و گزیرەکانن کە بزنسیان هەیە و هیچ باکیان بەم تۆزە پارەیەی حکومەت نییە.

من پرسیارێک لە ئێوە دەکەم، بیربکەروە بزانە بۆچی دەبێت هەموو مانگێک دابەشکردنی موچە نزیکەی مانگ و نیوێکی پێبچێت؟ ئەمە جگە لەو دابەشکارییە بێمانایەی کە دیسان چین و توێژەکانی پێدەخەڵەتێنن، بۆ نموونە، لە کاتی جەنگدا موچەی پێشمەرگە زووتر دەدەن تاکو باشتر خۆی بدا بە کوشت بۆ پاراستینی بەرژەوندیەکانی ئەوان، لە کاتی کۆرۆنادا موچەی تەندروستیی زووتر دەدەن، لە کاتی کێشەی خوێندن و مانگرتنی مامۆستایان موچەکانیان پێشدەخەن تاکو بچنەوە بۆ وانەوتنەوە و هەموو شتێک بەردەوام بێت.

لە کوێی دنیا وایە، لە عێراق کە نوقمی گەندەڵییە بەو جۆرە نییە، ئەمە تەنها بۆ شکاندنی کەسایەتی تاکی کوردە، بۆ ئەوەی تا ماوە موحتاج بێت و دەست لە حکومەت پانبکاتەوە، هەموو فەرمانگە و وەزارەتەکان خۆیان کارمەندیان هەیە و بەشی ژمێریار و داراییان هەیە، هەموویان دەزانن کە کەی دەبێت لیست ئامادەبکەن و بینێرن، هەموویان دەزانن کە معاش پێویست ناکات بپاڕێیتەوە واستە بکەی بۆ وەرگرنتی، کەچی هەموو مانگێک مانگ و نیوێکی پێدەچێت تا وەریدەگرن و دابەشیدەکەن.

دیقەتبەن هاوڕێیان، گۆڕان کە بنکڕی ئۆپۆزسیۆن بوو، دارایی تەسلیمکرا و کابرای کە ناردیان چاکیبکات تەسلیمی پارە بوو و وازی لە گۆڕان و داروبەرد هێنا و ئاو بێنە دەستبشۆ، کابرای ئەندام پەرلەمانیان نارد (حاسیبەکە) حساباتیان بۆ رێکبخاتەوە، ئەویش لەهێلکە چوەوە و تەسلیم بوو، ئێستە دەمڕاستی حکومەتە و پاکانە بۆ حکومەت دەکات.

یەکیەتی قوڕکرا بەسەریا و ئاوای لێهات کە لێیهات، جێگری سەرۆکی حزبەکە دنیای کرد بە دز و دەیویست چاکیبکاتەوە و ریکیبخاتەوە، دنیایەک ئاواتی لەسەر هەڵچنرا، پۆستێکیان دایە و بێدەنگ چووە کۆشکێکەوە و گوێی خۆی لێداخست نە دز ماوە و نە تاڵانچی.

وتیان دەچین حکومەت رێکدەخەینەوە لە هەولێر، خەڵکیان بۆ دانا و برادەرێکیان دەستنیشانکرد و ناردیان، هەر خەریکی چالێنج و یاپراخ و موقابەلەیە، بە ئاشکرا سلێمانی دواخرا و دواکەوت، ئەم برادەرەی کە نوێنەرایەتی یەکێتی و ئەم دەڤەرەی دەکرد هەر سەیردەکات، تەنانەت یەکێک لە تویتەکانیشی تەرخان نەکرد بۆ گلەیی و گناشت لە بەشی شارەکە.

هەڵیانخەڵەتاندین بەوەی سلێمانی شاری رۆشنبیریە و شاری کلتوریە، ٨٠ لە سەدی چالاکی و فێستیڤاڵە نێودەڵەتییەکانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچن و دیسان کەس هیچی نەوت، بەم دواییانە تەشکیلەی تیپەکەیان گۆڕیوە و کەسێکی دیکەیان بۆ سەرۆکی حزبەکە داناوە و هەندێک هیوا و ئاواتی لەسەر بونیادنراوە با جارێ ئەویش ببینین بزانین چیدەبێت.

با بێنیەوە سەر مەسەلەی موچە، بەڕاستی پێویست ناکات نە من و نە کەسی تر هێندە باس و خواسی موچە بکەین، ئەم شتە رۆتینێکی زۆر زۆر زۆر دووبارەیە، ناکرێ هەتا هەتایە (لانیکەم تا ئێستا پێنج ساڵە وایە) ئەمان هەر موچە بکەنە هەواڵ و ئێمەش چاوەڕیی هاتنی بین، ئاخر ئەمە توانایەکی دەوێ بەرگەی بگریت زۆر تاقەتپڕوکێنە، بە درێژایی مانگەکە کە موچە دابەشدەکرێت، هەموو رۆژێک هەواڵێکی لەسەر بڵاودەکرێتەوە، کە ئەم هەفتەیە سەرەی فڵان وەزارەت و دەزگایە، زۆر بێمانایە بەڕاستی.

هیوادارم هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک ئەم قسانەم بە لاڕێدا نەبات، من قسەی دڵی خەڵک دەکەم، خەڵکێک کە چەپۆکی ئێوەی لەسەرە، خەڵکێک کە ناوێرێ قسەبکات، خەڵکێک کە لەبەر فڵان مەسول و فڵان خزم و فڵان ئیمتیاز ناتوانێ قسەبکات، من دەیکەم، چی دەبێ با ببێت.

بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە دەستلەناودەست ئەم وڵاتە رێکبخەینەوە، چونکە لە فەوزا و بێسەروبەرەییدا تەنها باڵادەستەکان و خاوەن بەرژەوەندییەکانی ناو ئەم حزبانە سوود وەردەگرن، ئەوان نایانەوێت باشترببێت، باشبوونی ئێمە خراپیی ئەوانە، هەرکەس لەلای خۆیەوە دەستپیبکات جوڵەیەکی زیندووی دەوێت، ئێوە دوو ساڵ پارە و موچەیان خواردن، نەمردن، بە مانگ و دوو مانگ هیچ روونایات، کاتێ کە موچەیاندا ئیتر دامەمرکێنەوە و بیرتان بچێتەوە، مانگی داهاتوو هەمان تاس و هەمان حەمامە.

من ناتوانم بەتەنیا وڵات چاکبکەم و رێکیبخەمەوە، ئەگەر هاوڕای منیت و وادەزانیت ئێمە دەتوانین باشتر بژین و باشتری بکەین، ئەوە ڕا و سەرنجی خۆتان بخەنەڕوو، ئەمڕۆ میدیا و سۆشیال میدیا دوو مینبەری زیندوون و بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و هاودەنگی کۆڵمەدەن و بەردەوامبن.

ئەوان نایانەوێت ئێمە دەستی کار و هێزی بەرهەمهێنانی ناوخۆمان بەهێز و پتەوبێت، چونکە وەک نەوتەکە نییە کە زۆربەی زۆری داهاتەکانی بۆ ئەوان بێت، نەوت ئەو سیحرەیە کە خەویان پێوەدەدی، لەبەر ئەوە هەنگاوی یەکەممان بونیادنانی هێزی ناوخۆیی کارە، ئاغاکانیان هیچ پێیانخۆشنییە لەسەر پێی خۆمان بووەستین، بۆ ئەوەی هەمیشە وەک چۆن ئێمە دەست لەوان پاندەکەینەوە ئەوانیش دەست لە گەورەترەکان پانبکەنەوە و سەربەخۆ نەبین.