سەردێڕ:

تەقینەوەکانی بەغدا چی بە جۆ بایدن دەبەخشێت؟

1/23/2021 10:27:57 AM
4963 جار خوێندراوەتەوە
هاوکار جەلال
+ -

یەکەم بەرەنگای (challenge) کە ڕووی لە ئیدارەکەی جۆ بایدن کرد، ئەمڕۆ تەقینەوەکانی بەغداد بوو. پاش ساڵ و نیوێک لە نەبوونی پشێوی لە بەغدا، لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، جۆبایدن گوێ بیستی ھەواڵی تەقینەوەکانی ئەمڕۆی بەغدا بوو، ھەروەھا دەبێت ئەوە بزانێت، کە دوایین خۆپێشاندانی جەماوەریی عێراقیەکان ساڵ و نیوێک لەمەو پێش لە ھەمان ئەو شوێنە بووە، زیاتر لەوەش دەبێت ھاوکارەکانی ئەوەیان بۆ باس کردبێت، کە شوێنی تەقینەوەکە تەنھا چوار کیلۆ مەتر لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە دورە. دەگونجێت بایدن باوەڕ بەوەش بھێنێت، کە دەڵێن بووە بە سەرۆکی قەیرانەکان. سەرەڕای قەیرانە تۆمارکراوەکانی چوار ساڵی کۆشکی سپی، کە ترەمپ بە سەرچاوەی بەشێک لەو قەیرانانە ناوزەند دەکرێت، لەسەروی ھەموویانەوە کێشەی عێراقە، کە کێشەیەکی میرات جێماوی جۆرج بووشی کوڕە، چونکە بایدن لە پێشنیارەکەیدا بۆ چارەسەری قەیرانی عێراق مامەڵەی بۆش لەگەڵ عێراق بە بێ ستراتیژ ناو دەبات و دەڵێت:

 "سەرۆک بۆش ستراتیژییەکی بۆ بەدیھێنانی سەرکەوتن لەعێراق نەبووە، ئەو دەیویست لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا دووچاری تێکشکان نەبێتەوە لەعێراق و پاشان کێشەکە جێبھێڵێت بۆ ئەوکەسەی لەدوای خۆی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەگرێتە دەست".

پڕۆژەکەی بایدن بۆ چارەسەری کێشەی عێراق بەگشتی دابەش بوونیەتی بۆ سێ ھەرێمی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتێکی سێنتراڵ، بە ئامانجی سەقامگیریی و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەڕێگەی ڕێکخستنی باڵانسی ھێز لە وڵاتەکە. ئەم پڕۆژەیەی بایدن لە مانگی مایسی ٢٠٠٦ پێشکەش بە کۆنگرێس کراوە، لەنێوان ئەو ماوە زەمەنییە تا ئێستا، سەرچاوەی کێشەکانی عێراق ھەمان سەرچاوەیە، میلیشیا چەکدارەکان ھەمان میلیشیان، ئەوانن کۆنتڕۆڵی زۆرترین ڕووبەری عێراقیان کردووە، و ئێرانیش ھەمان ئەو ئێرانەیە کە داینامیکیەتی میلیشیاکان دەستەبەر دەکات. بایدن-یش ھەمان ئەو بایدنەیە کە ئەو پڕۆژەیەی پێشنیاز کردووە، بیرۆکراسیەتی ئەمریکا ڕێگا نادات بڕیاری تاڕەوی لە کۆشکی سپی بدرێت، بەڵکو ئەوەی بڕیار دەدات سیستمێکی دیمۆکراسییە، بەڵام ئەو سیستمە پشت بە گۆڕانی بارودۆخی دەبەستێت لە ھەر بڕیارێکیدا سەربارەت بە ھەر ناوچەیەک. بۆیە بە پشت بەستن بە نەگۆڕیی کێشەکانی عێراق، دەتوانین بڵێین کارپێکردنی پڕۆژەکەی بایدن ئەگەرێکی زۆرە. سەبارە بە قەبارەو دەسەڵاتی سوننەو شیعە لە عێراق نادادییەکی زۆر ھەیە، کە لە پێشنیارەکەی بایدندا ھاتووە. ھەروەھا ئاماژە بە پێگەی ھەرێم دەکات و دەڵێت "کورد زیادەرەوی ناکات لەو دەستکەوتانەی لەچوارچێوەی حوکمی زاتی بەدرێژایی ١٥ ساڵ بەدەستی ھێناوە"