سەردێڕ:

حکومەت و حیزب بۆ ڕزگاربوون لە کۆرۆنا چییان کردووە؟

3/24/2020 5:07:57 PM
4598 جار خوێندراوەتەوە
ئیدریس کاریتانی
+ -

لە ھەموو دونیا حکومەت و حیزب وەسیلەن بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتییان، بە تایبەتیش بۆ بە ھاناوەچوونی گەل و میللەت لەکاتی لێقەومان و تەنگەتاوی، بەڵام ئەوەی سەیرە لەو ھەرێمەی ئێمە کە بۆماوەیەکی زۆرە کەموکوڕی لە دابەشکردنی موچە و خزمەتگوزاری و ھەژاری و نەخۆشی و ملاملانێی ناشەریفانەی سیاسییەکان بەرۆکی ئەم میللەتەی گرتووە، ئێستاش بەھۆی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن حاڵی ھەژار و لێقەوماو و نەخۆش و بێکارەکان زۆر خراپتربووە، کەچی نە حکومەت و نە حیزبەکان لە غەیری بەیاننامە و ڕوونکردنەوە و ڕاگەیندراو ھیچی تریان نەکردووە، لەوانەیە بڵێن ئێمە چیمان پێدەکرێت، لە وەڵامدا دەڵێم:

یەکەم- ماڵ هەبووە پەیوەندییان بە منەوە کردووە بۆ یەک سەلەی خواردن، خۆی نابینایە خێزانەکەی تێکچووە و خوشک و برایەکیشی نابینان، باوکیان ئیش کەریان بووە مردووە، ئێستا لە لای دایکیان دەژین، نانی رۆژانەیان نییە، دوای چ وەڵامی خودا دەدەنەوە، ئەگەر بڕواتان نییە چ وەڵامی مێژوو ویژدان و مرۆڤبوون و کوردایەتی دەدەنەوە.

دووەم- ئەرێ خاوەن حیزب و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییەکان، ئەم ھەموو ماڵ و سەروەت و ڤێللا و نەخۆشخانە و بەنزینخانە و پارەی بانکەکانی دەرەوەتان لە کوێ ھێنا، ئەدی ھەمووی بەناوی قەزییەی میللەتی کورد دەستتان نەکەوت.

سێیەم- حکومەت، لە ھەموو دونیا موچە پێشخراوە نەک نەدرابێ، جگە لە زیادکردن و دابینکردنی خواردن و ھەندێ پێداویستی، تۆ تەنھا خەڵکت کەرەنتینە کردووە، ئێ خۆ مردن ھەر مردنە، چ برسیەتی چ کۆرۆنا، دەزانین ١٠ ساڵی تر ئێوە نەیەنە دەرەوە ھەر دەژین، چونکە سەروەتتان زۆرە ئەی ئێمە چیبکەین.

چوارەم- ئەگەر میلەت نەما ئێوە حکومەت و حیزب و پارە چی لێدەکەن، دەوەرنە مەیدان ئەمڕۆ رۆژی کوردایەتییە بەعەمەل نەک بەقسەی زل و بەیاننامە.

پێنجەم- ماڵ و پارەی شەخسیتان بێننە دەرەوە، ئەم میللەتە ھەژارە رزگاربکەن وەک وڵاتانی دەور و بەرتان، با خەڵک لە برساندا نەمرێ دوایی مێژوو بەماڵ و سامانەکەتانەوە دەتان خاتە زبڵدانەوە، ئەگەر ھەندێ حیزب دەڵێ خێرم کردووە ئەمە بە پارەی خێرخوازان بووە من باسی پارەی خۆتان دەکەم.

شەشەم- مرۆڤ لە ھەموو کەل و پەل و حیزب و حکومەت گەورەترە، دە تۆزێک بارەگا و پاسەوان و نەسرییە و مەزرەعە و میوانخانەکانتان کەم کەنەوە، بۆ ھاوڵاتییانی نەداری سەرفکەن با خەڵکیش تەنھا بتوانێ ژیانی رۆژانەی ھەبێت.

حەوتەم- کورد گوتویانە (برسیەتی ڕەگێکی لە ھارییە)، دەزانم ئێوە ھەر دەوڵەمەند و سیاسەتمەدار و پیاوانی پلە باڵاتان لایە و ھەست ناکەن ھەژار ھەبێ، بەڵام دڵنیابن ھەژاری لەم مانگەدا زۆر زیادیکردوە، زوو وەرنە سەر خەت و خۆتان و میللەتیش رزگارکەن با ڕزگارتان بێت.

ھەشتەم- شەرمە لە وڵاتێک، ھاوئایین و ھاونیشتیمان و ھاوزوبانت، نان نەبێ بیخوات تۆش لەسەر حیسابی ئەم ھاونیشتیمانە دەوڵەمەند بووی، ئێستا رەسیدی بانکیت ھەبێ، سەروەتت بووەتە زیادبونی ژمارەی زەبەلاح، ئەویش لە برسا سکی بگوشێ و لەبەر کۆرۆناش نەتوانێ نان پەیدا بکات، ھەروەک لە راپرسییەکەی دەستەی ئاماری ھەرێم ھاتووە کە بەھۆی کۆرۆناوە لە ٧٣%ی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بواری ئابوریان خراپبووە.

نۆیەم- ئەگەر لە ١%، پارەی بەرپرسە دەوڵەمەندەکان سەرفبکەن ھیچ ھەژارێک سکی برسی نابێ، توانای روبەڕوبونەوەی کۆرۆناشی دەبێت.

دەیەم- دەزانم نارەحەتن بەم نووسینەی بەندە، بەڵام بەخودا ئەگەر ئەوەی ئێمە لەنێو تەلەفۆن و خەڵکی ھەژار و نەخوش ھەستی پێدەکەین، ھیچ عوزرێکم ناداتێ تا لێی بێ دەنگ بم ئەگەر سەریشم تیا بچێت.