سەردێڕ:

سودەکانی کۆرۆنا چین؟

3/21/2020 10:47:01 PM
23402 جار خوێندراوەتەوە
بڕوا عەزیز
+ -

"ڕووە پۆزەتیڤ و باشەکانی کۆرۆنا"

"کۆرۆنا"، ئەو ڤایرۆسە بەناوبانگەی ھەموو جیھانی ھێنایە ھەلەکە سەما، لە ھەموو جێگەیەک باس باسی خۆیەتی، تۆقێنەر و مەترسیدارە، تا ڕادەیەکی زۆر بێتاقەتی و بێھیوایی ڕووی لە ھەموو کەس و چین و توێژێک کردووە و مافی خۆیانە کەبەم شێوەیە لێی بڕوانن، بەھۆی خێرا بڵاو بونەوەکەی و نەبونی ڤاکسینی تایبەت، بەڵام، پێویستە بزانین و بیرمانبێت لە ساڵی ١٦٦٢ز،  ئەو کاتەی کە تاعونی ڕەش ھەموو ئەوروپای گرتەوە، زانکۆی کامبریج داخرا و ئیسحاق نیوتنی زانا لە ماڵەکەی مایەوە و توانی بگات بە بیردۆزی ھێزی ڕاکێشانی زەوی!

ڕاستە ترس و شڵەژاوی ھەموو دنیای تەنیوە، بەڵام من ھێشتا گەشبینم و بڕوام وایە ھەموو شتێک لایەنی باش و خراپی خۆی ھەیە، لەبەر ئەوە، من بڕیارم داوە لایەنە باش و گەشبینەکە ھەڵبژێرم و ڕوو بکەمە سیما جوانەکەی، ناکرێت کاتەکانمان بەھەدەر بڕوات و لە ترسانا خۆمان بڕەنجێنین، ئەمەوێت بە کورتی چەند خاڵێکی باش و پۆزەتیڤی کۆرۆنا باس بکەم:

١.ژینگەیەکی خێزانی لە جوانی بەرھەم ھاتووە: تێگەشتن و تێڕوانینێکی جوانتر کراوە بە ڕۆحی خێزانی پێکەوە بوون، بەھۆی تەکنەلۆجیا و سەرقاڵ بوون و چوونە دەرەوە و ..ھتد، کەمترین کاتمان لەگەڵ خێزانەکانمان بەسەربردووە.

٢.گیانی ھاوکاری و پێکەوە بوون: لەماوەیەکی زۆر کەمدا چەندین گروپی خۆبەخشی و خۆنەویست دروستبوو بۆ ھاریکاری و یارمەتی لەوانەش، (چەند چێشتخانەیەک بێبەرامبەر خواردنی بەسەر چەندین ماڵدا بەخشی، چەندین گەنجی خۆبەخش خۆنەویستانە ھەستان بە ھاریکاری براکانی ھاتوچۆ و ناخۆ و شارەوانی و نەخۆشخانە و پاککردنەوەی شەقام و باخچەکان).

٣.وەک یادھێنانەوەیەکی مرۆڤایەتی (مرۆڤ دۆستانە) و وانەیەک بۆ مرۆڤە لوت بەرزەکان بەوەی کە زەنگیین و ھەژار، کورد و عرب و فارس ئینگلیز ..ھتد، سپی و ڕەش پێست، ھەموو یەکسانن و بەرانبەر ڤایرۆسێکی زۆر بچوک دەستەوەستانین.

٤.ژیرانە کاتەکەت بەکاربھێنە: زۆرمان بیانو گوێ لێبوو، کە ئەوترا "ئاخ ئەگەر مەجالم ئەبوو خۆم ئەمزانی چیم ئەکرد"، دەی کەواتە تۆی پاڵەوان دەتوانیت خۆت فێری زمانێکی تر بکەیت، کتێب بخوێنیتەوە ھەرچەندت بوێت، خولییای مۆسیقات ھەیە؟ ڕاھێنان بکە، بنووسە، سەیری دۆکۆمێنتەریەکان بکە، بیر لە ئیشەکەت بکەرەوە و پەرەی پێبە و پێشبکەوە.

٥.پاک بوونەوە و پشوودانێک بە زەوی و ژینگە: چەند وێنەیەکم بینی کە تییایدا پشیلە و سەگەکان زۆر ئاسوودانە دەگەڕان و دەخەوتن، وەک پشوویەک بوو بۆیان، دووکەڵی سەیارە، کارگەکان و ژاوەژاو بوونی نەبوو، بەڵکو جریوەی چۆلەکەکان و لەرینی دارەکان جێی گرتبوونەوە!

ئەمانەو چەندین خاڵی تر ھەن ئەگەر ئێمە بڕوانینە ڕووە پۆزەتیڤەکەی، وەک وتراوە "ھەموو بارودۆخێکی سەخت شتێکی شاراوە و گەشبینی تیایە، ھەتاکو کاتژمێری وەستاو و لە ئیش کەوتووش، لە ڕۆژێکدا دوو جار خۆی نیشان دەدا".