سەردێڕ:

فەرموون ئەم مافیا گەردانییە ڕابگرن!

5/10/2020 12:52:13 AM
9276 جار خوێندراوەتەوە
کاروان گەزنەیی
+ -

لە ئێستادا کۆمپانیایەک دروستکراوە بەناوی کۆریدۆرەوە خاوەندارێتی وەھمی و یاسایی لەلایەن کەسێکەوەیە کە پێی دەوترێت سەروەر پێداوی و یەکێکە لەکۆمپانیاکانی ستێر گروپ، و مۆڵەتی چەندان بەنزینخانەی پێدراوە لە ناو شاری ھەولێر، کە ڕووبەری ھەریەکێکیان نزیکەی (١٠٠٠) مەترە. ھەر مەترێک لەو شوێنانەی ھەولێر کەمتر نییە لە (٥٠) دۆلار. لەکاتێکدا خەڵکانی دیکە ھەن کە خۆیان داوای مۆڵەتی بەنزینخانەیان کردووە لەسەر زەوی خۆشیان، بەڵام داواکەیان ڕەتکراوەتەوە بەبیانووی سراتیجیبوونی شوێنەکان یان زەوییەکان.

ھەمان کۆمپانیا زەوییەکی (٤٠٠٠) مەتری لە شاری ھەولێر لە گەڕەکەی وەزیران کردووە بە بینا کە خۆی لە بنەڕەتدا موڵکی دەوڵەتە و دەبوایە لە ماستەرپلان بکرێت بە باخچەی گشتی. بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەم پارچە زەوییەی داوە بە کۆمپانیای کۆریدۆر و کراوە بە باڵەخانە کە مەترێک زەوی لەو ڕووبەرە بەھاکەی نزیکەی  (۱٠٠٠) دۆلارە!

لە ھەمان کاتدا، بەشێک لە (تەسریحاتی گومرگی) گومرگەکانی ھەرێمی کوردستان دراوە بە کۆمپانیای کۆریدۆر. پێشتر حکومەتی ھەرێم ئەمەی دەکرد و ھیچ تێچوویەکی نەبوو، بەڵام لە ئێستادا کۆمپانیای کۆریدۆر ئەم کارە دەکات و لە بری ئەوەش (١٥،٠٠٠) ھەزار لە ھەر ئۆتۆمۆبێلێکی بارھەڵگر وەردەگرن کە مانگانە ملیۆنان دۆلار دەکات بە بێ ئەوەی حکومەتی ھەرێم بە ھیچ شێوەیەک لێی سوودمەند ببێت.

ھەمان کۆمپانیا تەواوی دەروازەی (مەعبەر وەلید)ی کۆنتڕۆڵکردووە کە ھیچ کەسێک ناتوانێت ھیچ شتێک ئاڵوگۆڕبکات جگەلە کۆمپانیاکە خۆی. لە کاتێکدا ھیچ پارەیەکی ئەم دەروازەیە ناگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم و تەواوی پارەکەی دەچێتەوە بۆ گروپی کۆمپانیاکانی ستێر.

دروستکردنی کۆریدۆر بەناوی پێشمەرگە، کە گوایە تەمویلی پێشمەرگە دەکات، لە ژێر چەتری ستێر گروپ، ھەنگاوێکە بۆ بچوککردنەوەی ستێر گروپ و گەورەکردنی کۆریدۆر لە ئایندەدا. ئەم مافیا گەرێتییە گەورەترین زیانی بە ئابووری ھەرێمی کوردستان گەیاندووە. ھەر بە پارەی ئەم دوو کۆمپانیایە کە بە نایاسایی دەستیان دەکەوێت، دەتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابینبکرێت.