سەردێڕ:

پرۆژەیەکی دیموکراسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی فەلەستین

5/4/2021 10:06:33 PM
3791 جار خوێندراوەتەوە
مەھدی شوشتەری
+ -

مزگەوتی ئەقسا، یەکەمین قیبلەی موسوڵمانانی جیھانە کە چەندین دەیەیە لە چنگی زایۆنیزم دا یەخسیر کراوە. لە سەرەتای داگیرکاری قودس و فەلەستینەوە، خەڵکی فەلەستین، موسوڵمانان و ئازادی خوازانی جیھان بەرھەڵستی ئەو کارەیان کردووە و لە ئاست کردەوە داگیرکاری و دوژمنکاریەکانی رژێمی زایۆنی بەرگریان کردووە. لە دەستپێکی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تاکو ئێستا.

دۆزی فەلەستین و پێویستی پشتگیری کردنی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین و بەرگری یاسایی ئەم گەلە لە دژی داگیرکاری و دوژمنکاری لە بنەما حاشاھەڵنەگرەکانی سیاسەتی دەرەوەی کؤماری ئیسلامی ئێران بووە؛ لەم چوارچێوەیەدا دامەزرێنەری گەورەی شؤڕشی ئیسلامی ئێران، حەزرەتی ئیمام خومەینی (ر.ع) بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی جیھان لەمەڕ چارەنوسی قودس و رزگارکردنی فەلەستین لە چنگی رژێمی تاوانکاری زایۆنیزم، تەنھا چەند مانگ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، کۆتا ھەینی مانگی پیرۆزی رەمەزانی وەک "رۆژی جیھانی قودس" ناولێنا بۆ ئەوەی زەمینەی یەکێتی موسوڵمان و تەواوی ئازادی خوازانی جیھان لە ئاست مافە یاسایی و مرۆڤایەتیەکانی گەلی فەلەستین دەستەبەر بکات و رۆژی قودسی نە تەنھا بە رۆژی فەلەستین بەڵکو بە رۆژی ئیسلام ناوزەد کرد.

قەیرانی ٧٣ ساڵەی داگیرکاری و زەوت کردنی سەرزەمینی فەلەستین و ئاوارەکردنی ملیۆنان فەڵەستینی لەسەر خاکی باوباپیری خۆیان و دیدگای دوژمنکارانە و تاوانکارانەی رژێمی داگیرکاری زایۆنی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا، قەیرانی فەلەستینی کردووە بە بەردەوام ترین و درێژترین و خەمناکترین قەیرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

بە رەچاوکردنی ئەزمونە قورسە بەدەستھاتووەکان لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا و روبەڕووبونەوەی ئەم راستیە تاڵەی کە رژێمی زایؤنی پابەندی ھیچ ڕێگەچارەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای مافە لەکیسچووەکانی گەلی فەلەستین و چارەسەری بنەڕەتی ئەم قەیرانە نییە، زۆرینەی خەڵک و گروپە فەلەستینیەکان بژاردەی بەرگریان ھەڵبژاردووە کە لە بنەما بنەرەتیەکانی مافە نێودەوڵەتیەکانە. ئەوان بەرگری ھەمەلایەنە تا ھەڵگرتنی تەواوەتی داگیرکاری سەرزەمینەکانی فەلەسەتین و پێکھێنانی حکومەتی یەکپارچەی فەلەستین کە پایتەختەکەی قودسی شەریفە، بە تاکە رێگەی بەردەم خؤیان دەزانن.

تەواوی گفتوگۆکان و ئەو پڕۆژانەی کە بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە لە ماوەی چەند دەیەی کۆتایی دا پێشکەش کراون، بەھۆی رەچاونەکردنی ریشە بنەرەتیەکانی قەیرانەکە، پابەندنەبوونی رژێمی زایۆنی بە ھەرجۆرە ھەوڵێکی ئاشتی خوازانە بەھۆی ماھیەتی پشت ئەستور بە دوژمنکاری، داگیرکاری و فراوانخوازیەکانی ئەم رژێمە و ھەروەھا پشتگیری ئاشکرای دەسەڵاتە گەورەکان و ناوبژیوانە رۆژئاواییەکان لە رژێمی زایۆنی، لەبارچووە و شکستی خواردووە. پڕۆژە و پێشنیارەکان دەبوو بەشێوەی شێلگیرانە ڕەچاوی ریشەکانی قەیرانەکە بدات. داگیرکردنی سەرزەمینی فەلەستین و ئاوارەبوونی ملیۆنان فەلەستینی و بەردەوامی کردەوە توندئاژۆ و رۆژانەکانی رژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەلەستین کۆمەڵێکن  لە ریشە و ھۆکارەکانی بەردەوامبوونی قەیرانی فەلەستین. 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە تەنیشت رەچاوکردنی ریشەکانی قەیرانەکە، دەبوو بە شێوەی شێلگیرانە میکانیزمێکی گونجاو بۆ رێگەگرتن لە بەردەوامی کردەوە تاوانکاریەکان و تیرۆریزمی رێکخراو و حکومی رژێمی زایۆنی لە دژی فەلەستینیەکان ئامادە بکات. تا کاتێک ئیسرائیل ئەو ھەستەی ھەیە کە ھەر جۆرە کردەوەیەک لە دژی فەلەستینیەکان و گەلانی ناوچەکە بەبێ سزا دەمێنێتەوە، ھیچ گەرەنتیەک بۆ وەستانی ئەم کردەوانە بوونی نابێت. ھەروەھا بۆ گەرەنتیکردنی رێگەچارەیەکی شایەنی جێبەجێ کردن بۆ قەیرانی فەلەستین، رۆژئاوا و لە سەرویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبوو کۆتایی بھێنێت بە پشتگیری کردنی تاکلایەنە لە رژێمی زایۆنی کە لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا ئەنجامی داوە.

لە تەواوی پرۆژە پێشکەش کراوەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی داگیرکاری فەلەستین بچوکترین ئاماژە بە جێبەجێ کردنی مافی بنەڕەتی چارەی خۆنوسین بۆخەڵکی فەلەستین نەکراوە. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە سالآنی رابردوودا پڕۆژەیەکی چوار مادەیی لەمەڕ چارەسەری قەیرانی فەلەستین لەسەر یٔەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لە نێوان فەلەستینیەکان ئامادەکردووە و خستووەتەڕوو کە بەپێی بنەمای دیموکراسی و مافە نێودەوڵەتیەکان لە لایەن تەواوی وڵاتان و گەلانەوە بە تایبەت مافی دانپێدانراوی چارەی خۆنوسین پەسەندکراوە و لە سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دا بە فەرمی تۆمارکراوە.

ئێمە بڕوامان وایە ئەم پڕۆژەیە ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاوە لە بەرامبەر پڕۆژە شکستخواردوەکانی پێشوودا.

ئەم پڕۆژەیە لە خۆگرتەی ئەم خاڵانەی خوارەوەیە: 
١- جێبەجێ کردنی مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەکان بۆ سەرزەمینی میژوویی خۆیان.
٢- ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لەنێوان خەڵکی ڕەسەنی فەڵەستین کە لە پێش بەیاننامەی بیلفۆر لە فەلەستین دا نیشتەجێ بوون؛ لەخۆگرتەی شوێنکەوتووانی ھەموو دینەکان (موسوڵمان، یەھودی و مەسیحیەکان) بەمەبەستی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنوسین و جۆری سیستەمی سیاسی.
٣- پێکھێنانی سیستەمی سیاسی جێگەی خواستی زۆرینەی خەڵکی فەڵەستین.
٤- بڕیاردان لەسەر بارودۆخی دانیشتوانی غەیرە فەڵەستینی لەلایەن سیستەمی سیاسی ھەڵبژێردراوی زۆرینەوە.