سەردێڕ:

پێویستی بەرەنگابوونەوەی ھاوبەشی جیھانی کۆرۆنا و لابردنی ئابڵۆقە ستەمکارانەکان

3/18/2020 4:47:45 PM
7066 جار خوێندراوەتەوە
مەھدی شوشتەری
+ -

*سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران - سلێمانی

لەگەڵ دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠١٩ی زاینی، ئەم وڵاتە رێکارگەلێکی بێ پێشینەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە گرتەبەر. لەسەرەتادا زۆرێک لە خەڵکی باوەڕیان وابوو کە ئەم ڤایرۆسە وەک سارس و ئیبولا لە ناوچەکانی دیکەی جیھان بڵاو نابێتەوە، بەڵام ڕەفتاری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردودا ئەوەی پیشان دا کە ئەم ڤایرۆسە بە پێچەوانەی ڤایرۆسەکانی پێش خۆی، سەرەڕای نەناسراوییەکەی، ھێزێکی زیاتری بۆ بڵاوبوونەوە ھەیە. ھەرچەندە ئەم ڤایرۆسە ڕەنگە نەتوانێت زۆرینەی دانیشتوانی جیھان توشی نەخۆشی بکات بەڵام بە دیدگایەکی خۆشبینانەوە، بەھۆی خێرایی گواستنەوەکەیەوە دەتوانێت کۆمەڵە خەڵکێکی لەبەرچاو بۆ ماوەیەکی نادیار توش بکات کە ئەم بابەتە دەتوانێت ژیانی ئادەمیزاد و تەندروستیەکەی ڕووبەڕووی مەترسی جیددی بکاتەوە و کاریگەری نەرێنی بەرچاور بخاتەسەر کاروبارەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤ وەک ئابووری و بژێوی خێزانەکان. بەم شێوەیە ئابووری جیھان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ ەوە ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە و وێرانکەر دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، بەرەنگاربوونەوە و ئیدارەدانی ئەم ڤایرۆسە پێویستی بە پێکھاتە و دامەزراوەی تەیارکراوی تەندروستی وەک نەخۆشخانە، کیت و پێداویستی پزیشکی ھەیە کە بەشێکی زۆر لە توانا ئابووری و سیاسیەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات.

پەڕینەوەی خێرای ئەم ڤایرۆسە بۆ وڵاتان و ناوچە جیاوازەکانی جیھان و توشبوونی زیاد لە ١٦٠ وڵاتی جیھان بەم ڤایروسە و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار توشبوو و ٧ ھەزار مردوو (تا ئێستا) دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم دیاردەیە پەیوەست بە یەک یان چەند وڵاتێکی تایبەت نییە. ئەمێستا ئەم بابەتە بە تەواوی ڕوون بووەتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ھیچ سنورێکی جوگرافی، نەژادی و ئایینی بە فەرمی ناناسێت. کۆرۆنا بووەتە ھەڕەشە و مەترسیەکی ھاوبەش و جیددی بۆ کۆمەڵگەی جیھان. 

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ھێڵی پێشەوەی بەرگری کردنە لەم ڤایرۆسە کوشندەیە. ئەگەرچی پیداویستی پزیشکی، پزیشکەکان، کادیری تەندروستی و چارەسەری ئێران، بەدانپیانانی زۆرێک لە پسپۆڕان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی جیھان، یەکێکە بە باشترینەکانی جیھان و گەلی دۆست و برای عێراق و خەڵکی بەشەرەفی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا سودیان لە خزمەتگوزارییە پزیشکی و چارەسەریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەرگرتووە، بەڵام ھەوڵ و ڕێکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دۆزینەوە و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان و ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و شکست پێھێنانیدا ڕووبەرووی ڕیگری تیرۆریزمی ئابووری و کردارە ستەمکار و دژەمرۆڤایەتییەکانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران بووتەوە. بەداخەوە، رژێمی ئابڵۆقە نایاساییەکانی ئەمریکا گەشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە ئاشکرا ناردنی دەرمان و پیداویستی پزیشکی بۆ خەڵکی ئێرانی خستوەتە بارمتەی خۆیەوە و ئاستەنگ بۆ وەدەستخستنی ئێران بە کەلوپەلی پێویستی پزیشکی بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا دروست دەکات.

چاوەڕوانیی بەجێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواوی ڕێخکراوە بەرپرسە نێودەوڵەتیەکان، حکومەتەکان و گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنە بێ لایەنەکان و ئازادی خوازانی جیھان ئەوەیە کە لەبەرامبەر کارە زۆرملێکانی واشینگتون بۆ ئابڵۆقەدانی ستەمکارانە و تیرۆریزمی ئابووری لە دژی گەلی ئێران بوەستنەوە و ھاوکاری حکومەت و گەلی ئێران بکەن بۆ شکست پێھێنانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

ئێستاکە کە ئەم ڤایرۆسە بووەتە پەتایەکی جیھانی و ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیش وەک ھەڕەیەکی جیھانی گشتگیر ناساندویەتی، بڕوامان وایە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری ڤایرۆسی کوشندە و بێ ڕەحمی کۆرۆنا پێویستی بە ھاوکاری و عەزمی شێلگیرانە و ھاوبەشی ھەموو حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ھەیە کە دور بێت لە دیدگا جیاکاری و تیروریستیەکانی وەک ئابڵۆقە دژبە مرۆڤایەتیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران.