سەردێڕ:

ئەمریکا لە عێراق جێگیر و داکوتراوە

5/30/2020 12:07:00 AM
4833 جار خوێندراوەتەوە
هێرش عەبدولڕەحمان
+ -

ئەمریکا و عێراق مانگی داھاتوو گفتوگۆ دەکەن لەسەر پاشەکشەی ھێزەکانی ئەمریکا، بەڵام ئێستا لە جاران زیاتر عێراق پێویستی بە مانەوەی ئەمریکایە، حکومەت و سوپاکەی توانای وەرگرتنەوەی ئەو ئەرکەیان نیە، کە ئەمریکیەکان لە ئەستۆیان گرتووە بە نەبوونی ئەوان داعش تا بەغدا دەڕوات.

ئەو ڕاپۆرتانەی لە دەزگا جیاوازەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، نمونەیان ئەوەی ڕەند فاوندەیشن، ڕاپۆرتەکە مەترسی کشانەوەشی خستوەتەڕوو، ھەر زوو لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، بێ تێگەیشتن لەوەی ئەو دەزگایە تەنیا بۆچونی خۆی نوسیوە، گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ھەیە و گوزارشت لە ڕای وەزارەتی دەرەوە و پلانی ستراتیژی بوونی ئەمریکا لە عێراقدا ناکات.

ئەوەی داوای ڕۆشتنی ئەمریکا دەکات چەند سەرکردەیەکی میلیشیاکانن، بەدەر لەوە لای ئەمریکیەکان ڕوونە کە گەلی عێراق پێوستی بە مانەوەی ئەوانە و ئێرانیەکانیش حەز ناکەن ئەمریکا بڕیاریوا بدات، کە نایدات چونکە ھێزە ئەمریکیەکان عێراقێکی ئارامی بۆ ئێران مسۆگەرکردوە، کە لە توانای ئێراندانییە خۆی ئەوە بکات، سەرەڕای ڕوچونی خۆی لەناو قەیرانەکان نایەوێت عێراق نائاارام بێت تا ئەو ئاسان ڕاوی  بەرژەوندییەکانی لێ بکات، ئەوەش کاتیە و بە بەرنامە دەستەکانی ئێران لە عیراق دووردەخرێتەوە، دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەو تەراتێنە دەیوەستێنن.

ھاتنی ئەمریکا بۆ عێراق بۆ ڕوخانی ئێران نیە، کە زۆر جار خوێندنەوەی ھەڵەی بۆ دەکرێت، بەڵکو بەشی زۆری بۆ ئەوەیە بازاڕێکی ئارام بۆ نەوت دروست بکات، بۆ سی ساڵی داھاتو و سەرچاوەی نەوتی عیراق لە خزمەتی خەڵک و پیشەسازیی و پێویستی مرۆیدا بێت، نەک ببێتە کەرەستە و سەرچاوەی داھات بۆ کاری تیرۆر.

ھیچ سەرۆکوەزیرانێکی عێراق بوێری واژۆکردنی ئەو بڕیارەی نیە، کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەردرا کە داوا لە ئەمریکا بکات ھێزەکانی لە عێراق بۆ یەکجاری پاشەکشە پێ بکات، چونکە وێنەکە ڕونە کە گەورەترین بۆشایی ئەمنی دروستدەبێت، بۆیە بە ڕۆیشتنی ئەمریکا ئاشوبێک دروستدەبێت کۆنترۆڵکردنی ئاسان نابێت.

ئەمریکا ئاگاداری حکومەتی تازەی عێراقیکردوە، کە بە ھیچ شێوەیەک دانوستان لەسەر پاشەکشە ناکات، بەڵکو دانوستاندن بۆ چاوخشاندنەوەیە بە ڕێکەوتنامەی ئەمنی نێوانیان، حکومەتی تازەش حەز ناکات ئەو ڕیسکە بکات، لە کاتێکدا بە قەیرانێکی زۆر دەوری دراوە، دواجار ئەمریکا تەنھا بەشێک لە ھێزەکانی وەک تاکتیک شوێن گۆڕکی پێدەکات و ڕێکەوتنامەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.