سەردێڕ:

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران: فریودان، بەھەندوەرنەگرتن و نکۆڵیلێکردن

3/12/2020 11:14:58 AM
9507 جار خوێندراوەتەوە
کاوە جەلال
+ -

بەگوێرەی ھەڵوێستی فەرمی ھیچ پێشھاتەیەکی کۆرۆنا لە ئێران نەبووە، لێ پاشان ناوەڕاستی مانگی فێبریوەر کتوپڕ یەکەمین مردووەکان ڕاگەیەنران، لەو کاتە بەدوواوە ژمارەی تووشبووان سەرنجڕاکێشانە بەرزبۆتەوە، شارەزای ئێران، بەھروز خۆسرۆزادە، دەبێژێت، کە دۆخەکە لە ئێران زۆر جددییە.

ئیرەج ھەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، بەردەوام سەرلەنوێ ڕوخساری خۆی دەسڕێتەوە، بە دەسڕێک ئارەقەی ناوچەوانی ھەڵدەگرێت، ھەروەھا بەردەوام سەرلەنوێ دەکۆکێتەوە.

ئەمە ھەمووی لە پرێسکۆنفرانسێکدا بە بەرچاوی کامێراکانەوە ڕوودەدات، ھەریرچی بە ڕۆژنامەوانانی ئامادەی گۆت، کە ڕەوشەکە لە ئێران نزیکەی سەقامگیرە.

لێ پاشان، دوای ڕۆژێک لە ٢٥ ی فێبریوەردا، ھەریرچی بەڕێی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیدا بە ئاشکرا درکاندی: "من لە دوێنێ ئێوارەوە کۆرۆناویم". بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتیی ھەواڵەکان، "ئیرنا"، تێستکردنەکەی ھەریرچیی ٥٤-ساڵان پۆزەتیڤ دەرچووە.
لەو کاتەوە بەدەگەمەن دەوڵەتێک ھەیە ھاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوھا سەخت بە ڤیرۆسی کۆرۆنا پێکرابێت، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوە فەرمییەکان، تا نیوەڕۆی سێشەممە ٨٠٤٢ مرۆڤ بە ڤایرۆسەکە نەخۆشکەوتوون، ٢٩١ مرۆڤ مردوون و لە نێویاندا حەوت سیاسەتمەدار و فەرمانبەری باڵای حکومەت ھەن.

لێ ئایا تا چەند ئەم ژمارانە شایانی باوەڕپێکردنن؟ ئایا چۆن ئەو ڕژێمە ئۆتۆکراتییە مامەڵە لەتەک نەخۆشییەکەدا دەکات؟ ئایا مرۆڤان لەنێو ئێراندا چۆن پەرچەکردار دەنوێنن؟ ئێمە ئەم پرسیارانەمان ئاڕاستەی ڕامیاریناس و شارەزای ئێران بەھروز خۆسرۆزادە کرد.

بەھروز خۆسرۆزادە: حکومەت بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤیرۆسەکە فێرگە و زانستگەکانی لە سەرجەمی وڵاتدا داخستووە، ھەروەھا ئاھەنگە کولتووری و وەرزشییەکان و نوێژی ھەینیش ڕاگیراون – لێ ئەو ھەنگاوە زۆر درەنگ نرا!.

حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئاسایش و پارێزگاریی ھاوڵاتیانی خۆیەوە زۆر بێخەمە، حکومەت لە تەگژەکاندا زۆر شڵەژاو پەرچەکردار دەنوێنێت، پەیوەند بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەشارەزایی بێئەندازەی حکومەت دەردەکەوێت، بەرپرسان تەنانەت پەیوەند بەم تراژیدیا مرۆڤییەشەوە ھەر پابەندی دابونەریتی خۆیانن، واتا تا بکرێت: درۆکردن، فریودان، بەھەندوەرنەگرتن و نکۆڵیلێکردن بەردەوام بن.

ئایا نموونەیەکتان بۆ ئەم دەربڕینەتان ھەیە؟

بەھروز خۆسرۆزادە: وەزارەتی تەندروستی بە فەرمی ڕایگەیاند کە کۆرۆنا لە ڕۆژی ١٩ی فێبریوەردا گەیشتووەتە ئێران، لێ زیاتر لە ھەفتەیەک پێش ئەوە، لە ١٠ی فێبریوەردا، نەخۆشخانەیەکی تاران مردنی ژنێکی ٦٣ ساڵانی بە بەرپرسانی دەوڵەت ڕاگەیاند، کە گوایا گومان دەکرێت مردنەکەی بەھۆی کۆرۆناوە بووبێت.

یەکەمین ھەواڵەکان لەبارەی گەیشتنی ڤایرۆسەکە پێش ئەوەش، لایەنی کەم لە کۆتایی جەنیوەرەوە، بڵاوبووبوونەوە، لێ دامودەزگاکان سەرسەختانە سەرجەم گەشتی پزیشکانیان بە نھێنی ھێشتەوە، نکۆڵییان لە کێشەکان دەکرد، تەنانەت ئەو ڕۆژنامەوانانەیان دەگرت کە لەبارەی ڤایرۆسەکەیان دەنووسی.

وا دیار بوو ئەوان نەیاندەویست ئاھەنگە گەورەکانی ١١ی فێبریوەر بە بۆنەی ٤١ -ھەمین ساڵیادی کۆماری ئیسلامییەوە تێکبدەن. وەزارەتی تەندروستی تەنانەت ویستی بە بۆنەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانەوە لە ٢١ ی فێبریوەردا ئاشکرابوونی حاڵەتەکانی ڤایرۆسەکە بە نھێنی بھێڵێتەوە، سەرۆککۆمار ڕۆحانی گفتی ئەوەی دا، کە گۆیا لە ٢٢ی فێبریوەردا ڕەوشی ئاسایی سەقامگیر دەبێتەوە، لێ ئەو گفتە تەواو جێی گومان بوو، حکومەت بەھۆی ئەم دژبێژی و درۆیانەیەوە ئابڕووی خۆی دەبات.

ئایا تا چەند مرۆ دەتوانێت باوەڕ بە ژمارەی فەرمیی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ئێران بکات؟

بەھروز خۆسرۆزادە: بە ھیچ شێوەیەک شیاوی بڕواپێکردن نییە، بێگومان ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە، ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەیەکە ھەر ٣١ پارێزگاکەی ئێرانی گرتۆتەوە، ھەروەھا بە گوڕێکی خێرا بڵاودەبێتەوە، ئەمە ھەروەھا لە ڕووی بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووەکانەوە.
ئیرەج ھەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەنگژەکان لە تاران، لە میانەی پرێسکۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، کە تا ئەو کاتە ١٥ پەتاگرتوو مردوون، لێ لە ھەمان کاتدا لە شاری قوم، کە نێوەندی بڵاوبوونەوەی ڤیرۆسەکەیە، پەرلەمانتارێک ڕایگەیاند کە ٥٠ پەتاگرتوو مردوون، ھەروەھا ڤیدیۆیەک لەبارەی ڕەوشی قوم بڵاوکراوەتەوە کە چۆن مەیتخانەی شارەکە پڕبووە لە لاشە، زۆر کەس گومانی ئەوە دەکەن کە ئەو مردووانە قوربانیی کۆرۆنان، مرۆڤ ھەروەھا گریمانەی ئەوە دەکات کە ژمارەیەکی لە ڕادەبەدەر ئێرانی دەمرن پێش ئەوەی فریای ئەوە بکەون تێستیان بۆ بکرێت، زۆر لە نەخۆشخانەکانی ئێران بەدەگمەن دەستوێژی تێستیان لە بەردەستدایە یان بە ھیچ شێویەک نییانە.

ئایا بەگشتی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ئێران چۆنە؟

بەھروز خۆسرۆزادە: زۆر خراپە. کارمەندانی نەخۆشخانەکان بەدەگمەن پۆشاکی پارێزگارییان ھەیە، بە تایبەتی دەستوێژەکانی تێستکردن کێماسن، ماسکی پارێزگاری کێماسە و لە بازاڕی ڕەش بە نرخی چەندجارە گرانتر دەفرۆشرێت. دەتوانین ببێژین، کە ئێرانییەکان لەم تەنگانە پڕمەترسییەدا بۆ خۆیان جێھێڵراون.

ئایا ناجەختی لەنێو دانیشتواندا بڵاوبۆتەوە؟

بەھروز خۆسرۆزادە: دانیشتوان بە ھیچ شێوەیەک بڕوایان بە بەرپرسان نییە، دانیشتوان زیاتر لە نەشارەزایی و بەدبەڕێوەبەرایەتیی حکومەت دەترسن وەک لە خودی ڤیرۆسەکە، ئەوجا تیۆرییە باوەکانی پیلانگێڕی دێنە پاڵ ئەو ڕەوشە.

بۆ نموونە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی و سەرۆککۆمار حەسەن ڕۆحانی دەبێژن، کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پشت بڵاوبوونەوەی ڤیرۆسەوەکەن، خامنەیی گۆتی، کە ئەمەریکا و دژکارانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ھەڵەکەیان قۆزتەوە بۆ ئەوەی ژمارەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا کەمبکەنەوە، گەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام بتەنێتەوە، ئەوا گەرەکە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی خۆی بە پەرۆشەوە ڕاستەوخۆ بۆ ئێران تەرخان بکات، تاکو ڕێ لە کارەساتێکی مرۆڤی بگرێت.

لەنێو مردووە ئێرانییەکانی کۆرۆنادا ھەروەھا کەسانی دیار ھەن، وەک حوسەین شەیخولئیسلام کە پێشتر جێگری وەزیری دەرەوە بوو، یان فاتیمە رەھبەر کە پەرلەمانتار بوو، ژمارەیەکی زۆری دیکەی بەرپرسانی دەوڵەت مردوون یان بارگاوی بوون، ئایا ھۆی ئەم پەرەسەندنە ئاشکرایە چییە؟

بەھروز خۆسرۆزادە: قوم نێوەندی تەشەنەی کۆرۆنایە لە ئێراندا، لەوێوە ڤایرۆسەکە بە سەرجەم وڵاتدا بڵاوبۆتەوە، گوایا ھۆی تەشەنەی ڤیرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەدان فێرخوازە چینییەی شەریعە کە لە سەنتەری شەریعەی ئەوێ دەیانخوێند.

بە ھەرحاڵ لێ ھەروەھا سیاسییەکانیش بەھۆی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانەوە لە سەراپای وڵاتدا، بە تایبەتی لە قوم کە نێوەندی دینیی وڵاتەکەیە، خەریکی کۆڕبەستنی بانگەشەی ھەڵبژاردن بوون، ئەوان بۆ ھەموو جێیەک دەڕۆشتن، بەبێ ئەوەی بزانن کە ڕەنگە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر نزیک بێت لە ئەوانیشەوە، بنەمای شاردنەوە و فریودان ھاوشێوەی بومەرانگ (Bumerang) گەڕایەوە بۆ لای بەرپرسیاران.

حکومەت ژمارەیەکی زۆر شاری ئێرانی خستە ژێر بڕیاری کاراتێنەوە، لە باکوری ئێران، پارێزگای مازاندەران لەسەر دەریای قەزوین، دانیشتوان ھەڕەشەیان کرد: یان ڕێگەکان بەرەو ئەوێ دادەخەن یان ئەوان خۆیان دایاندەخەن، لێ قوم ھێشتا ھەر بەدەرە لە بڕیاری کارانتێنە بۆ؟

بەھروز خۆسرۆزادە: ھۆی بڕیارنەدان بۆ دانانی قوم لەژێر بڕیاری کارانتێنەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرھەڵستیی گەورەئایەتوڵڵاکان و پیاوانی دینیی شارەکە، ئەوان، بە تایبەتی ئایەتوڵڵا سەیدی، کە نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی خامنەییە لە قومی شارە پیرۆزی شیعی، بەتەواوی دژی ئەوەن کە شارەکە بخرێتە ژێر بڕیاری کارانتێنەوە، ئەوان کارێکی بەو شێوەیە وەک ھەستبریندارکردن دەبینن، چونکە شەخسەکەی ئەوێ پیرۆزگەیە و بۆیە دەشێت پەرجویەک بنوێنێت.

کەواتە گەرەکە زیارەتکەران دەرفەتیان ھەبێت ھەردەم بێن بۆ قوم. لێ بەم ھەلوێستە دەردەکەوێت کە ئاڕاستە ئیدیۆلۆژییەکەی کۆماری ئیسلامی بەڕاستی ترسناکە.