سەردێڕ:

بە تەنیشت راگەیاندنى ناوى یەکەمەکانەوە

8/14/2020 9:57:59 PM
6896 جار خوێندراوەتەوە
سەڵاح سەعید ئەمین
+ -

ساڵانە وەک نەریتێک "کە پێویست دەکات پێداچوونەوەی بۆ بکرێت"، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم، ناوی یەکەمەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە بەشەجیاوازەکانی خوێندن رادەگەیەنێت، ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت لەسەری بوەستین، قسەکردن نییە لەسەر ئەوەی چۆن پێداچوونەوە بەو راگەیاندنەی ناوی یەکەمەکان بکرێت، بەڵکو دەمانەوێت باس لە قۆستنەوەی سەرکەوتنی ئەو قوتابی و خوێندکارە زیرەک و بە توانایانەیە بکەین لە لایەن ھەندێک مامۆستاوە وەک رێکلام و خۆناساندن و خۆ بە پاڵەوان کردن، ھەم بۆ خۆیان وەک مامۆستا و ھەم بۆ ئەو پەیمانگایانەی کە بە پارە وانەی تێدا دەڵێنەوە!.

ھەموومان رۆژانە ئاگاداری ئەو مەترسیی و زیانە گەورانەین کە لە ئەنجامی تێکەڵاوبوونی ھەردوو کەرتی تایبەت و گشتی لە تەندروستیدا رووبەڕوومان دەبێتەوە، کەم کەس ھەیە لەم روەوە چیرۆکێکی لانەبێت کە گوزارشتە لەو ماڵ وێرانیەی رووی لە کەرتی تەندروستیمان کردوە بە گشتی، تا ئەو ئاستەی نەخۆش لە ناو نۆرینگەدا تەقەی لە پزیشک کردوە، بمانەوێت یان نا، ئێستا وێنەیەکی خراپ بۆ پزیشک و نۆرینگە تایبەتەکان لە زیھنی تاک بە تاکی کۆمەڵگەدا ھەیە،ئەم چەند دێڕەمان لە بارەی تەندروستییەوە بۆ ئەوە بوو کە بڵێین کارەساتە کەرتی تەندروستی بە جۆرێکە پزیشک نەخۆشخانە گشتیەکان وەک ناوەندێک بۆ ناردنی نەخۆش بۆ نۆرینگە تایبەتەکەی بەکاردەھێنێت، بەڵام لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە کەرتی پەروەردە رووبەڕووی ئەم دیاردەی بە بازرگانیکردنە ببێتەوە!

چۆن؟

ھەموو کەس مافی خۆیەتی ژیانێکی شایستە بژی و ئەگەر موچەکەشی بەشی نەکرد، کاری دووەمیش بکات، بەڵام نابێت ئەوە لەسەر حسابی کەرتی گشتی بوارەکەی خۆی بێت کە ئێمە لێرەدا مەبەستمان پێی کەرتی پەروەردەیە، دەرفەتی کردنەوەی پەیمانگا بۆ وتنەوەی وانەکانی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن و وتنەوەی وانەی تایبەتی و چاپکردنی مەلزەمە بۆ بابەتە جیاجیاکان، زیانی گەورەی لە گیرفانی بەخێوکارانی قوتابیان و خوێندکاران داوە و ھەموویشی لەسەر حسابی کەرتی گشتی بووە، با سەرنج لەم خاڵانەی خوارەوە بدەین:

کە لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوی یەکەمەکانی پۆلی دوانزەھەمی ئامادەیی راگەیەنرا، کە دیارە سەرکەوتنی ئەو قوتابی و خوێندکارانە بە پلەی یەک بۆ خودی خۆیان دەگەڕێتەوە نەک بۆ مامۆستاکانیان، خوێندکارێک ئەگەر خۆی قابیلیەتی ئەوەی تێدا نەبێت سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات، بە مامۆستاکەی تۆمار ناکرێت، من نامەوێت بەم قسەیەم لە رۆڵی مامۆستا کەم بکەمەوە، بەڵام ئەوە حەقیقەتە، ئەگینا دەبوو ھەموو ئەو قوتابی و خوێندکارانەی مامۆستایەک وانەیان پێدەڵێتەوە، سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن، کە روونە تۆماری ناکەن و تەنھا چەند کەسێک دەبنە یەکەم، کارەساتەکە لەوەدایە تۆ زیرەکی و قابیلیەتی قوتابی و خوێندکارێکی زیرەک بگەڕێنیتەوە بۆ خۆت "وەک مامۆستا" و بیکەیتە رێکلام بۆ پەیمانگاکەت و وانە تایبەتیەکانت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پۆستی لەسەر بکەیت!.

بە داخەوە، ئێستا ھەندێک مامۆستا لە قوتابخانە و خوێندنگاکان مافی تەواو بە وانەکانیان نادەن و وەک پێویست روونی ناکەنەوە بۆ قوتابی و خوێندکارەکانیان، موسیبەتێکی گەورەیە، کاتێک قوتابی و خوێندکارێک بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە چەند پرسیارێک لە مامۆستاکەی بکات، وەڵامەکەی ئەوەبێت:"ئەگەر بتەوێت ھەموو شتێک لێرە (قوتابخانە و خوێندنگە) فێرببیت ئەوە زەحمەتە"، وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی پێویستە مامۆستایەک بگرێت و وانەی تایبەتی پێ بڵێتەوە!.

زۆرن ئەو بەخێوکارانەی کە دابینکردنی کرێی وانەی تایبەت بووەتە کێشەی گەورە بۆیان و باری سەرشانیانی زۆر قورسکردوە، نموونەی زۆر ھەیە لەم رووەوە، دۆستێکی نزیکم گێڕایەوە:"پێش تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ، لە یەکێک لە وانەکاندا، مامۆستایەک بۆ یەک کاتژمێر سەعیکردن بە کچەکەیان، نزیکەی یەک ملیۆن دیناری عێراقی لێوەرگرتوون!".

ھەندێک مامۆستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ریکلام بۆ خۆیان دەکەن و باس لە ئەزموونی خۆیان و ساڵانی خزمەتیان دەکەن، بە ئامانجی وتنەوەی وانەی تایبەت، ئیتر لای خۆیان بێت یان لە یەکێک لە پەیمانگاکاندا، ژمارە مۆبایلی خۆیان دادەنێن، من تەعەجوب لەوە دەکەم چۆن شەرم لە خۆیان ناکەن باس لە لێھاتووی و ئەزموون و سەرکەوتووی خۆیان دەکەن بەمجۆرە، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرەکەی و سەرپەرشتیارەکەی چاک دەزانن،  ئاستیان چۆنە!، ئەگەر ئێوە ئەوەن کە خۆتان باسی دەکەن، بۆ لە قوتابخانە و خوێندنگاکانتاندا ئەو توانایانەتان نابینرێت؟!.

مامۆستا ھەبووە مەلزەی چاپکردوە، بە روونی بیڵێم بۆ وانەی زمانی عەرەبی، بەھۆی بێتواناییەوە، ھەڵەی زمانەوانی زۆر سادەی بە سەردا تێپەڕیوە، بە جۆرێک مرۆڤ، توشی شۆک دەبێت چۆن جورئەتی بە خۆیداوە ئەو کارە بکات و چاپی بکات و بیخاتە بازاڕیشەوە!!.

سەرکەوتن خاوەنی زۆرە، زۆر ئاساییە لە ناو ھەزاران قوتابی و خوێندکاردا، ژمارەیەک ھەڵدەکەون سەرکەوتنی گەورە تۆماربکەن، ئەوەی ئاسایی نییە، کەسێک خۆی بکاتە خاوەنی ئەو سەرکەوتنە و رێکلامی بازرگانی پێوە بکات، کە من لێرەوە، لە پێش دەستپێکردنی دەوامی خوێندنی ساڵی نوێوە، داوا لە وەزارەتی پەروەردە و بەرپرسانی ئەو وەزارەتە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم، کە بەجدی بەرامبەر بە وانە تایبەتەکان و کردنەوەی پەیمانگا بۆ ئەو مەبەستە و چاپکردنی مەلزەمە ھەڵوێست وەربگرێت، چونکە مەترسیدارتر لە ھەر کەرتێکی تر، "پەروەردەیە"، بازرگانی پێوەبکرێت و گیرفانی قوڵی بۆ بدوردرێت.