سەردێڕ:

پەیامێک چرای ئومێدی ھەڵکرد

5/25/2020 1:34:03 PM
18692 جار خوێندراوەتەوە
مەیادە نەجاڕ
+ -

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە پەیامێک، سەرلەنوێ ئومێد و ھیوای بەتەواوی کۆمەلگە بەخشی و ھەنگاوەکانی بەرەو نوێبوونەوەی چاکسازی و دروستکردنی ئیرادە خولقاند، وەڵامێکی  پوختی بەگوێی ئەو کەسانەدا دا کە دەیانویست تارمایی تاریکی و نائومێدی بچەسپێنن.

بونیاتنانەوە و خۆڕاگری
سەرۆکی حکومەت زۆر بوێرانە پەیامەکەی بۆ میللەت خستەڕوو، کە ھەرێمی کوردستان وەک سەرجەم وڵاتانی جیھان بەھۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت تووشی دۆخێکی سەختی ئابووری بووە، بەپڕۆگرام و نەخشەی درێژخایەن دەتوانرێت کۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە بھێنرێت، بەڵام لەھەمانکاتدا پێویستی بەخۆڕاگری ھەیە، چونکە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ماوەیەکی زەمەنی پێویستە و ئاسان نیە.

سەرۆکی حکومەت بەم پەیامە، ھەموویان بێ جیاوازی دەخاتە ژێر باری بەرپرسیاریەتی مێژوویی، ئەگەر لە حکومەتن، ئەوا لە جێبەجێکردنی پلانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی تەنگەژەکان پشتیوان و ھاریکاربن، ئەگەر لە ئۆپۆزسیۆنن، ئەوا دەتوانن ھێزی چاودێری ھەنگاوەکانمان بن.

چاکسازی ڕیشەیی
کابینەی نۆیەم ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، زۆر بوێرانە ھەنگاوی بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی ناوە، لەم پێناوەشدا سەرۆکی حکومەت، ھەوڵەکانی چڕکردۆتەوە، پێدەچێت لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا ھەنگاوی بوێرانە بنێت و شەپۆلی چاکسازییەکانی تەواوی گەندەڵکاران ڕابمالێت.

لەپەیامەکەشیدا، سووربوون لەسەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاکسازی و رێگریکردن لە بەھەدەردانی سامانی گشتی دووباتکردەوە.
بێگومان ھەندێک لایەنی سیاسی لە جێبەجێکردنی چاکسازیدا، بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە ھەوڵی پەکخستنی دەدەن، بەڵام سەرۆکی حکومەت رێزدار (مەسرور بارزانی) لە چاکسازی بەردەوام دەبێت.

سەرچاوەی  داھات
ھەروەھا سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد، یەکێک لە گەورەترین ھۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانی دارایی، لەئەنجامی سیاسەتی ھەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داھاتی ناجێگیری نەوتەوە دروست دەبێت، مەرجە کار لەسەر ھەمەچەشنەی داھات بکرێت، پێویستە لەرێگەی گەشەدان بەکەرتە جیاوازەکانی ئابووری، ھەرێمی کوردستان لە ھەڕەشە و مەترسییەکانی پشت بەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داھات رزگار بکرێت، بەڕوونی لەکابینەی نۆیەم ئەوە بەدیکراوە و ھەنگاوی جدیش بۆ پەرەپێدان بە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشتگوزار نراوە، بۆئەوەی بتوانرێت لەئایندەیەکی نزیکدا وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داھات ھەژمار بکرێن.

یەکڕیزی نیشتیمانی
ئەگەر زیاتر ووردبینەوە، سەرۆکی حکومەت ھەر لەسەرەتاوە جەختی لەوەکردەوە ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵەکانی بۆ رێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دەخاتەگەڕ، لەم پێناوەشدا، کابینەی نۆیەم ھەنگاوی ناوە، لەلایەکی ترەوە داوای لە نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە ھەوڵەکانیان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان تەرخان بکەن، ململانێی حیزبایەتی فەرامۆش بکەن، ئەمەش ھەوڵێکی نموونەیی دەبێت لەم کاتەدا، چونکە بەشێک لەبەناو نوێنەرکانی کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان خەریکی پەرتەوازەکردنی دەنگی کورد و دابڕاندنی ناوچەکانی ھەرێمن لە یەکتری. 

لامەرکەزی لەچوارچێوەی یاسادا
لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، ئاماژە بە چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداری پارێزگاکان کراوە، بەمەرجێک لەگەڵ سیستەمی یاسایی و کارگێڕی ھەرێمی کوردستان گونجاو بێت، بەشێوەیەک نەبێتە مایەی گۆڕینی ستراکچەری دەستووری و فیدراڵی ھەرێمی کوردستان بەڵام بەداخەوە ھەندێک لایەن دەیانەوێت بابەتی لامەرکەزی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان لەپێناوی بەرژەوەندی حزبایەتیدا بەکاربھێنن.

سەرۆکی حکومەت لەدرێژەی وتارەکەیدا ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەجێندای کوردستانێکی بەھێزی خستەڕوو، ھەر لەپیلانگێڕانی ناوخۆیی تا دەگاتە پیلانگیڕانی ھێزە ھەرێمییەکان، سەرۆک پێی ووتین، نیشتیمانیبوون ئەرکە و سەرکەوتنیش خاوەنی زۆرە، سەڕەڕای ھەموو ئەو قەیران و فشارانەی رووبەڕووی حکومەتی ھەرێم بوونەوە، بەڵام حکومەت لەکاتی ئەم قەیرانە مەترسیدارانە، زۆر بوێرانە ھەنگاوی ناوە، بە شایەتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، ئەزموونی حکومەتی ھەرێم لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەکان زۆر سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک ھەوڵ دەدەن ئەو ھەوڵانە کەمبایەخ و ناشرین بکەن، لەکاتی سەرکەوتندا ھاوڕێمان زۆرە، بەڵام لەکاتی تەنگانەدا بەتەنیاین.

لەکۆتایی دا ئەگەر ئێمە بە لۆژیکی پێوەرە بابەتییەکان بە میتۆدی شیکاری نێوەڕۆک، ھەڵوێستەیەک لەسەر ئەم پەیامە مێژووییە بکەین، دەگەینە ئەو راستیەی تەواوی ئەو پەیامە، گوزارشتە لە دڵسۆزی و خەمخۆری بەڕێزیان بۆ دروستکردنی ڕوانگە و ستراتیجی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی پێشھاتە مەترسیدارەکان، لەئایندەیەکی نزیکدا تەواوی قەیرانەکان چارەسەر دەکرێت.