سەردێڕ:

پرسی داگیرکاری زەوی لە سلێمانی، بۆ ئێمە پرسێکی گەورە و قورسی بەھەدەردان و گەندەڵییە

9/18/2020 10:09:32 PM
3621 جار خوێندراوەتەوە
دابان محەمەد
+ -

لێشاوێک لە داگیرکردن، ئیفرازکردن، دابەشکردن و فرۆشتنی زەوی لە سلێمانی دەستی پێکردوە، تەنانەت گەیشتوەتە ئەوەی، زەوی تەرخانکراو بۆ سەوزایی گەڕەکەکان و شوێنی قوتابخانە و مزگەوت و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، دەستی بۆ ببرێت! لە دوای خاڵە سنورییەکان لەم سنورەدا، ئەم پرسە بوە بە کەیسێکی قورسی بەھەداردان و گەندەڵی و  سەرچاوەی دارایی و دەوڵەمەندبونی چەندین بەرپرسی ئەمنی، سەربازی، حزبی وحکومی، کە ناوی بەرپرسەکان و بازرگان و تەنانەت دەڵاڵەکانیش لای ئێمە ئاشکرایە.

ئاوبارە (د.ت)
ڕێگای تاسڵوجە سوتاندنی سنەوبەرەکان زیاتر لە ١٢٠ دۆنم
تەنیشت و پشتی قەبرستانی عەواڵ بە ھاوبەشی ( د.ت) (ە.ح)
بەرامبەر محەتەی کارەباکە زیاتر لە ھەزار دۆنم ( ە.ح)
بەرامبەر دەرگای سەناعەی بەکرەجۆ ( ە.ح)
تەنیشت مەتاری سلێمانی (د.ت)
بەرامبەر دەرگای سەناعەی بەکرەجۆ (ە.ح)
زەوی تەرخانکراو بۆ خزمەتگوزاری گەڕەکەکانی بیستەکان و ...
تەنیشت دەواجنەکان (د.ت)
کانی گۆمە تا تانجەرۆ بە ھاوبەشی (د.ت) (ە.ح)
خوار بەکرەجۆ زەوییە کشتوکاڵیەکان (ە.ح)
خەلیفاوا (ە.ح) کە زیاتر لە ١٠٠ پارچە زەوی کراوە بەناوی یەک ئافرەتەوە

بە ئامێری پێشکەوتو و لە ئاسمانەوە زەوی ئیفراز دەکرێت! بە دەغڵ و دانەوە مامەڵە بە زەوییەوە دەکرێت، بە سەوزایی و دار و درەختەوە نەخشەی بازرگانی بۆ دەکێشرێت، فشار لە خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکرێت، یان ڕازیبن  بە پارچە پارچەکردن و دابەشکردنی  زەوییەکانیان، یان داگیر دەکرێت!  ڕشتنی ئەم ئاوە سەرچاوەکەی دیارە، کە زۆر کەس پێی تێخستوە، خەم ساردی و بێ دەسەڵاتی و چاوپۆشی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی خۆجێی لە ئاست ئەم دەستدرێژی و داگیرکارییە لە سلێمانی،  ئێمە دەباتە قۆناغێکی تر بۆ ڕاگرتن و چارەسەر،  کە سیاسیە. 

بۆ ئێمە پرسی وەبەرھێنان و زەوی و زار، پرسێکی گەورە و قورسی گەندەڵییە، زیاتر نەبێت کەمتر نیە لە پرسی نەوت و داھاتی ناوخۆ  و قاچاغی سنورەکان. داواکارم لە نوسینگەکانی خانوبەرە و ھاوڵاتیانیش، مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە زەوییانەدا نەکەن، بە یاسا لەم خولەی پەرلەمان زیادەڕۆ مەنع کراوە و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی ئەوان دەبن.