سەردێڕ:

یەکێتی، چە کار می کند؟

3/15/2020 6:46:03 PM
22251 جار خوێندراوەتەوە
دابان محەمەد
+ -

تا ئێستاش، لای ھەندێک خەڵکی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی توحفەیە و بۆ جوانی دانراوە لەو شوێنەدا، ڕۆژێک بەناوی نیگەرانی لە سەرۆکی حکومەت و ڕۆژێکی تر بە نمایشەکانی بۆ تیک تۆک و سناپ چات و ئینستاگرام و فەیس بوک، خەریکی خاڵیکردنەوەی شانین لە بەرپرسیارێتی.
جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ گەیشتن بەو پۆستە و لە کەمپەینی ھەڵبژاندنەکاندا ملیۆنان دۆلاری بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بە کارھێنا، کە بەشێکی زۆری ئەو پارەیە مەکرەمەی ئەوکارانە بو کە نایاسایی و بە گەندەڵی لە کابینەی پێشوودا بۆ چەندین سەرمایەداری کردبوو.
زیاتر لە ٧ مانگە، بە نوسراو، بەڕاپۆرت و بە کۆبونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران، بەدەر لە گەندەڵی و قۆرخکاری کۆمپانیاکانی یەکێتی! داوامان کردووە قاچاغچێتی چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە خاڵە سنورییەکان ڕابگیرێت، وەزیری دارایی گەورە و بچوکی بەرپرسانی حکومی و حزبی، یەکێتی بینیوە بۆ چارەسەکردنی ئەم پرسە، بەڵام بە بێ گوێدانە گیانی خەڵک و مەترسی ئەو ڤایرۆسەی لە ئێران بڵاوبووەتەوە، ئەم دیاردەیە بەردەوام بوو، ناچار وەزیری دارایی خۆی سەردانی خاڵی سنوری باشماخی کرد و دایخست، پەروێزخانیش بەھەمانشێوە، بەمەش:
لە دوای داھاتی نەوت، کە نا شەفافە و سەرچاوەی گەندەڵییە، یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داھات بۆ دابەشکردنی موچە، داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکانە، بەردەوامی قاچاغچێتی چەند بەرپرسێکی یەکێتی، خاڵەسنورییەکانی بەداخستندا و ئەم داھاتە کەمی کردووە.
ئەم تەشقەڵەی چەند کەسێکی یەکێتی بە وەزیری دارایی، دوور و نزیک لە خەمخۆرییەوە نییە بۆ خەڵک، بەڵکو  داخستنی ئەم سنورانە، زیانی لە داھاتی ڕۆژانەی قاچاغچێتی چەند بەپرسێکی باڵای یەکێتی داوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، دوو ڕۆژ پێش ئێستا، سەرپەرشتی دواین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنای کردووە، لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی دەرکراوە، تا ڕادەیەک ژیان و ھاتوچۆ و دەوامی بانکەکان وەستا، بەوەش لیستی دابەشکردنی موچە گۆڕانکاری بەسەردا ھات، سەیر لەوەدایە:
ھاتوچۆ لە ھاوڵاتی قەدەغە دەکرێت، بەڵام گەشتی تاران بۆ سلێمانی و بەپێچەوانەشەوە بەردەوامە! 
وەزارەتی تەندروستی و پارێزگار و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس، وەک ئاردی ناو دڕک و تاک تاک بە دوای ئەوانەدا دەگەڕێن کە سەردانێکی ئێرانیان کردووە، بەڵام داخڵکردنی ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ بارھەڵگری شەوانە و سەدان ھاوڵاتی لە ئێرانەوە بەردەوامە!
قوباد تاڵەبانی با قەدەغەی ھاتوچۆ ھەڵبگرێت و فەرمانبەری بانکەکان بگەڕێنێتەوە بۆ دەوام و بانکەکان بکرێنەوە بۆ دابەشکردنی موچە، خۆ ئەگەر سەڵاحیات و دەسەڵاتی وەک چارەسەرکردنی غازی کۆرمۆر و تەندەری گواستنەوەی نەوتی حەسیرەیە،  با وەک بەشێکی حزبەکەی خۆی و پەرلەمانتارەکانیان! کەس چاوەڕوانی ھچی لێنەکات.