سەردێڕ:

دوانەی دەسەڵات و کەلتوری دژی ژن

11/25/2020 7:25:28 PM
9862 جار خوێندراوەتەوە
گۆنا سەعید و ئاسۆ کەمال
+ -

بەشێک لە وتاری هاوبەشی گۆناسعید و ئاسۆکمال بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاری دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.

حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە پاراستنی کەلتوری دژی ژندا، دەتوانن سود و قازانجێکی ماددی زۆر بەدەست بێنن، کە بەپێی بانکی جیهانی ١٤٪ ژنان لەسەر کارن.*١ ئەم ڕاپۆرتەی ٢٠١٩، ڕادەی بەشداری ژنانی کوردستان لە کاردا بە نزمترین ئاست دەزانێ لە جیهاندا. 

واتە ٨٦٪ ژنان بێکارن و ئەم ملێون ژنە بێکارەش دەبێ لەباری کۆمەڵایەتییەوە لە دۆخێکدابن کە فرسەتی ناڕەزایەتیان بەم ژیانە سەختەیان نەبێ و داوای بیمەی بێکاری و بیمەی کۆمەڵایەتی نەکەن و لە ماڵەوە وەک ژنی بێکار خزمەتی خێزان و پیاو بکەن تاکو وەک ژنی ماڵەوە پێناسە بکرێن و هیچ بەرپرسیاریەتیەکی مادی و مافیاکیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ حساب نەکرێ. 

هەربۆیە، کەلتورێک کە دەتوانێ ژن بە ژێردەستەی پیاو و کەم بایەخ و سوک سەیر بکات، دەبێتە مایەی قبوڵکردنی بێ مافی نیوەی کۆمەڵگەی کوردستان و بەمەش دەسەڵات لە ناڕەزایەتی نیوەی کۆمەڵگە ڕزگاری دەبێ. هەربۆیە دەبینین بودجەیەکی زۆر بۆ دەزگا ئیسلامیەکان سەرف دەکرێ، تا هەر ڕۆژەی فەتوایەک دژی ژنان بدەن و هەوڵ دەدەن یاسای فرەژنی و دژی ژن زیاتر پەرەپێ بدەن.

بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەی ئەم کەسانە دەتوانن بە ئاسانی لە کوردستاندا سوکایەتی بکەن بە ژنان، جگە لە پشتیوانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆیان، سەرچاوەکەی وا لە کەلتوری ڕەگداکوتاوی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، کە مێژوویەکی درێژتری هەیە لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و سەرهەڵدانی هێزە ئیسلامیەکان لە کوردستان.

شەریعەت و یاسا ئیسلامیەکان لەگەڵ کۆمەڵێک دابونەریت و بەهای پیاوسالارانە، پێگەی ژن و پیاوی لە نێو خێزاندا بە قازانجی سەرداری پیاو یەکلاکرۆدتەوە. ئەمەش لەباری کۆمەڵایەتیەوە تەواو قبوڵ کراوە نەک هەر لە لایەن پیاوەوە، بەڵکو لە لایەن ژنانەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوێزرێتەوە.

ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتییەی پیاوسالاری لە خێزاندا کەلتوری گشتی لە کۆمەڵگەدا پێک دێنێ. دەسەڵاتیش لەڕێگەی یاسا و ڕێساکانی بەڕیوەبردن و دامودەزگای دینی فەرمییەوە هەمان سیستەمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا یاسایی دەکاتەوە.

ئەم سێ کوچکەی پیاوسالاری و دەسەڵات و دین، هەمویان بونەتە ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و یاساییە و ئەو داب ونەریتە خێڵەکی و دژی ژنە جێکەوتوە لە کۆمەڵگەدا، کە گوتاری ئەمڕۆی ئیسلامی سیاسی ومەلاکان لە ئەساسەوە پشتیان پێ بەستووە. ئەمەش بوەتە ئەو کەلتور و فەرهەنگ و زانیاریانەی کە زۆربەی کۆمەڵگە هەیانە دەربارەی ژن، وە تا ئەمڕۆ نەک بەردەوامە، بەڵکو هێزی بەبەردا دەکرێتەوە و زیندوو دەکرێتەوە.

مانەوەی ئەم کەلتورە دواکەوتوانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا فرسەتی بە هەندێ مەلای کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتیش داوە کە هێرش و سوکایەتی بۆسەرژنان بکەنە کارێکی ئاسایی، کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا دژ بە ژنان دەکرێ.

ئەم کەلتوورە گشتی یە جگە لەوەی کە لەبەرژەوەندی پایە و دەسەڵاتی تاکی پیاوە بەگشتی، کاریگەری خۆی لەسەر تاکی ژنیش داناوە. بە پێی ئەم بەها گشتیە کە دانراوە بۆ ژن، باشترین نمونەی ژن دایکێکە کە ژنی ماڵەوەیە و خزمەت بەهەموو خێزان دەکات، دایکێکە کە مێردی نەماوە دانیشتوە بە دیار مندالەکانیەوە بۆ خزمەتکردن پێیان، ژنێکە کە بێ دەنگە شەرمنە و قسە لە قسەی پیاودا ناکات و ..هتد. ئەم جۆرە لە ژیان تەواو بە دڵی دەزگا دینیەکانە و بە دڵی دەسەلاتیشيە.

سەرمایەداری؛ ژنانی ڕاپێچی کارکردن لەدەرەوە کردوە و لە ماڵ دەری هێناون. بەڵام هێشتا ئاستی هوشیاری بە مافەکانیان و بە بەها کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستێکی کەمدایە. هاوکات دەسەڵاتی سیستەمی پیاوسالاری خێزان و سیستەمی عەشیرەتی و میلیشیایی حکومەت و دەسەڵاتی دین بەسەر یاسا و بەڕیوەبردن و ژیانی گشتیدا هێشتا بەهێزە و زاڵە لە کۆمەڵگەدا.

بەڵام ئەو گۆرانکاریانەی بەسەر پێگەی سیاسی و ئابووری راستەقینەی ژندا هاتوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا، پێچەوانەی خواست و ئارەزووی دەزگای دینی و ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتیانەیە کە خوازیاریەتی، و بەشێکی زۆر لە ژنان پابەند نیین بەو بەهایانە و بە شایەنی خۆیان نازانن، بەڵکو هەوڵ بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانیان دەدەن. کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات.

ژنان بە هۆی هاتنە مەیدانی کار و فشاری بێکاریەوە، دەستیان داوەتە کارکردن لە مەیدانی جۆراوجۆری کۆمەڵگەدا. هاوکات، گۆڕان بەسەر کەلتوری کۆمەڵگەدا هاتوە بە هۆی گەورەبونی خێرای شارە گەورەکانیشدا؛ لەئاکامی زیادبونی لەڕادەبەدەری دانیشتوان و دەست ڕاگەیشتنی هەموان بە ئەنتەرنێت و سۆشیال میدیا. ئەم دۆخە تازەیە هوشیاریەکی گلۆباڵی سەبارەت بە ژیانی مۆدێرن دروستکردوە، کە ئیتر ئەو کەلتور و دابونەریتە کۆنانە بونەتە ڕێگر، و چیتر ژنان ئەو کەلتورە کۆنە قبوڵ ناکەن و ڕوبەڕوی دەبنەوە.