سەردێڕ:

دۆناڵد ترەمپ چ میراتێک بۆ جۆ بایدن جێدەھێڵێت؟

11/24/2020 9:28:18 PM
10284 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان حەوێز
+ -


میراتی یەکەم: گەلێکی دابەشبوو

ئەمەریکا بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناسراوە، بەڵام بەداخەوە لەم دۆخەی ئێستا دەشێت پێی بووترێت ویلایەتە شین و سورەکانی ئەمەریکا یان ویلایەتە دابەشبووەکانی ئەمەریکا، لە ئێستادا جەمسەرگیریەکی بێ وێنە و زۆر توند و دابەشبوونێکی جەماوەری زۆر گەورە ھەیە لەنێو گەل و نەتەوەی ئەم ووڵاتە، کە لەوەتەی دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکاوە لە ساڵی ١٨٦٥ بەم شێوەیە نەبووە.

لە سایەی ھەردوو حیزبە سەرەکیەکەی ئەمەریکا، پارتی کۆماری و حیزبی دیموکرات ئێستا گەلی ئەم ووڵاتە بەتوندی دابەشبووە بەسەر دوو بەرەی سەرەکی: بەرەی یەکەم موحافیزکارەکانن کە بەگشتی زۆربەی سپی پێستە ئەوروپیەکان و ئینجیلیەکان و نزیکەی نیوەی لاتینۆیەکان دەگرێتەوە، ھەموو ئەمانە لەژێر چەتری پارتی کۆماری کۆبوونەتەوە. بەرەی دووەمیش لیبرالیەکانن کە لە ھەموو ڕەنگ و ڕەچەڵەکێکن، بەگشتی ئەوان بریتین لە ھەموو چەپڕەوەکان کە ھەندێکیان بەڕەچەڵەک سپی پێستن، ھەروەھا زۆرینەی ڕەشپێستەکان و نیوەکەی تری لاتینۆکان و زۆربەی ھەرە زۆری کەمینەکانی تر لە کۆچبەرە نوێیەکان و نەوەکانیان پێک دێن.

ئەگەر بەمێژووی ئەمەریکادا بچینەوە دەبینین کە دابەشبوونی ئەم دوو بەرەیە لە زووەوە ھەر ھەبووە، بەڵام ململانێیەکان و توندیەکانی نێوانیان نەگەیشتووە بەم ئاستەی ئێستا. 
لەڕاستیدا سەرەتای دەستپێکردنی ئەم سەردەمە نوێیە لە ململانێی توند و نادروست لە سیاسەتکردن دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی بیستەم، دوای ئەوەی کەمینەیەکی ناو پارتی کۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەڕابەرایەتی نیوت گرینگیج ئەو کاتە ستراتیژیەتێکی نوێیان پیادە کرد لەدژی دیموکراتەکان، ئەویش بە تەخوینکردنیان و تۆمەتبارکردنیان بوو بەوەی کە ئەوان نیشتیمان پەروەر نین و ڕقیان لە ئەمەریکایە، تا ڕادەیەک ھەندێک جار بە کۆمۆنیستیش ناویان دەبردن، بێ گومان ئەو تۆمەتانە دور بوون لە ڕاستی و تەنیا وەکو ستراتیژیەتێک دەستکرا بە پەیڕەوکردنی بۆ ترساندنی ھەوادارەکانی خۆیان و ھاووڵاتیان بە گشتی بەتایبەتی سپی پێستە ئەوڕوپیەکان بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکان دەنگ بە دیموکراتەکان نەدەن.

بەڵام لە دوای ھەڵبژاردنی باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠٠٨ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا کە ڕەشپێست بوو و کوڕی کۆچبەرێکی ئەفریقی بوو، بەگشتی زۆربەی ھەرە زۆری سەرکردەکانی پارتی کۆماری لە کۆنگرێس کەوتنە پیادەکردنی ئەو سیاسەتە لە دژی ئۆباما و حیزبەکەی، دۆناڵد ترەمپ ھەر لەسەرتای دەستپێکردن بەھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن و خۆ پاڵاوتن لەساڵی ٢٠١٥ زۆر بە زەقی جەختی لەسەر ئەو سیاسەتانە کردەوە، ئەو نەوەک تەنیا ئەو سیاسەتانەی پەیڕەو کرد، بەڵکو دەیەھا جار لە چاوپێکەوتنەکان و جریوەکانیدا سەرکردەکانی دیموکراتەکان و ھەوادارەکانی بە دوژمنی ئەمەریکا ناوبردووە، لەوەتەی دەستبەکاریش بووە بەھۆی پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتانە ئەوەندەی تر ئەو دابەشبوون و جەمسەرگیریەی نێوان دوو بەرەکەی ئەمەریکا توندتر و زەقتر بۆتەوە.

کاری ھەرە سەرەکی جۆ بایدن دەبێت ھەوڵدان بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دابەشبوون و جەمسەرگیریە توندە لەنێو گەلەکەی، ئەمەش کارێکی قورس دەبێت بەتایبەتی ئەگەر پارتی کۆماری بەردەوام بێت لەسەر پەیڕەوکردنی ھەمان ئەو سیاسەتانە.

میراتی دووەم: تەشەنەکردنی پەتای کۆڕۆنا

بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕووداوێکی جیھانیە، بەڵام خراپترین دۆخی کۆڕۆنا لە جیھان تاوەکو ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە، ئەستەمە ژمارەی ڕاستەقینەی ھەموو توشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ھەر ووڵاتێک بزانرێت، بەڵام باشترین ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کۆڕۆنا لە ھەر ووڵاتێک ئەوەیە بزانرێت ڕێژە و ژمارەی ئەوانەی پێوستیان بە چارەسەرکردنی چڕ ھەیە چەندە، ھەروەھا ژمارەی گیان لەدەستدان بەھۆی ڤایرۆسەکە چەند بووە، لە ئەمەریکا لە ھەر یەک ملیۆن کەس لە دانیشتوان تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی ٧٥٠ گیان لەدەستدان ھەبووە بەھۆی کۆڤید ١٩ یان ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لە ووڵاتی کۆریای باشوریش بۆ نمونە تا ئێستا لە یەک ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئەو ووڵاتە کەمتر لە ١٠ گیان لە دەستدان ھەبووە، واتە دەتوانین بڵێین ڕێژەی خراپی دۆخی کۆڕۆنا لە کۆریای باشور ٧٥ جار باشترە لەوەی ئەمەریکا، ھەر بۆ بەراوردیش لە عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٣٠٠ کەس مردون بە کۆڕۆنا لە یەک ملیۆن کەس لە دانیشتوان، کەواتە کارێکی ھەرە سەرەکی دی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆ بایدن کۆنتڕۆلکردنی دۆخی کۆڕۆنا دەبێت لە ووڵاتەکەی.


میراتی سێیەم: مەنگ بوونی ئابووری

لەگەڵ ئەوەی بازاڕی پشکەکان لە ئەمەریکا بە گشتی لە دۆخێکی باشە، بەڵام ئەوە تاکە پێوەر و ھەڵسەنگێنەر نیە بۆ دۆخی ئابوری، بەھۆی دۆخی کۆڕۆناوە لە ئێستادا ئابووری ئەمەریکا بە دۆخی مەنگ بووندا دەڕوات. ڕێژەی بێ کاری ھێشتا زۆر بەرزە، ملیۆنەھا کەسی بێکار ھێشتا لەسەر بیمەی بێکاری دەژین. لەڕاستیدا ئەگەر یارمەتی حکومی نەبووایە لە مانگی سێ و چوار و پێنجی ئەمساڵ، کە ئەو یارمەتیە خۆی لە پتر لە ٢ ترلیۆن دۆلار بینیەوە بۆ زۆربەی ھاووڵاتیان و سێکتەرەکان، ئەوا داڕمانێکی ئابووری گەورە لە زۆربەی سێکتەرە ئابووریەکانی ئەمەریکا ڕوویدەدا. ئێستاش ئەگەر یارمەتیەکی تری حکومی بەم زووانە تێنەپەڕێنرێت ئەوا چاوەروان دەکرێت دۆخی ئابووری گەلێک خراپتر بێت لە ئێستا. ئەو ھەموو یارمەتیە حکومیانەش کە تەرخان دەکرێن دەبنە ھۆی زۆرتربوونی قەرزی نەتەوەیی ئەمەریکا، کارێکی سەرەکی تری جۆ بایدن تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئابووریە سەختەی ئێستا دەبێت.

میراتی چوارەم: کزبوونی متمانەی ھاوپەیمانان و کەمبوونەوەی ڕۆڵ وکاریگەری ئەمەریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

لەچوار ساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەھۆی کێشانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی ئەمەریکا لە ھەندێک شوێن وەکو ڕۆژئاوای کوردستان و ئەفغانستان و ئەڵمانیا متمانەی ھاوپەیمانان کزبووە بە پابەندبوونی ئەمەریکا بە پاراستنیان لەدژی ھەڕەشە و مەترسیەکان. پشتکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا کە ھاوپەیمانێکی دڵسۆزی ئەمەریکا بووە باشترین نمونەیە، جگە لەمەش لەو ماوەیەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کشایەوە لە کۆمەڵێک ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ کۆمەڵێک ووڵات. ھەروەھا لە کۆمەڵێک ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتی وەکو ڕێککەوتنامەی پاریس بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی گۆڕانی کەش و ھەوا لەسەر ڕووی ھەسارەی زەوی، ئەمانەش چەند میراتێکی ترن کە جێدەھێڵرێن بۆ جۆ بایدن مامەڵەیان لەگەڵ بکات. گێڕانەوەی ئەو متمانانە و ئەو ڕۆڵ و کاریگەریەی جارانی ئەمەریکا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی کارێکی تری سەرۆکی ھەڵبژێردراو دەبێت.

میراتی پێنجەم: خراپتربوونی دۆخی ژینگە

یەکێک لە کارەکانی سەرۆکی ئێستا دۆناڵد ترەمپ ڕاگرتنی کارکردن بوو بەو یاسا و ڕێسا ژینگەییانەی کە سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما خستیە بواری جێبەجێکردنەوە لە بواری پاراستنی ژینگە، ئەمەش بووە ھۆی خراپتربوونی دۆخی پیسبوونی ھەوا و ئاو، ھەروەھا ژینگە بە گشتی.

میراتی شەشەم: مانەوەی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی درێژخایەنی ھەڵپەسێردراو بەچەقبەستویی

دەیەھا ساڵە کۆمەڵێک کێشە ھەیە لە ئەمەریکا پێویستی بە چاکسازی و چارەسەرکردنە. گرنگترینیان چاکسازیە لە بواری کۆچبەری و کۆچکردنە بۆ ئەمەریکا، ھەروەھا کێشەی بەرجەستەنەکردنی سیستەمێکی تۆکمەی تەندروستی یەکجارەکی بۆ ھاووڵاتیە کەم دەرامەتەکان یەکێکی ترە. کێشەیەکی تر بەربڵاوی دیاردەی کوشتنە لەڕێگەی چەکە لەنێو کۆمەڵگای ئەمەریکی بەھۆی کەمی بەربەستە یاساییەکان بۆ بەدەستھێنانی ئەو چەکانە، بەتایبەی لەلایەن تاوانباران و ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان ھەیە. ئەم کێشانە و ھەندێکی تریش پێویستە لەلایەن کۆنگرێسەوە تاوتوێ بکرێن و چارەسەربکرێن و یاسا و ڕێسای نوێیان بۆ دەربکرێت، بەڵام سەرکردەکانی پارتی کۆماری و بەتایبەتیش لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ زۆربەیان ئاستەنگ بوون لەپێش ئەنجامدانی چاکسازی و تاوتوێکردنی ئەم کێشانە لەلایەن کۆنگرێس. بەتایبەتیش لە سەردەمی ترەمپ ئەو کێشانە بەردەوام گەیەنراون بە دادگای باڵا و لەوێ یان بەشێوەیەکی کاتی یەکلایی کراونەتەوە یان بەھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەکاتێکدا ئەمە کاری کۆنگرێسە و کاری دادگا نیە بڕیاری چارەنوسساز لەو کێشانە بدات.

میراتی حەوتەم: بەھێزبوونی گروپە رەگەز پەرستەرستەکان

زۆربوون و بەئاشکرا کارکردنی گروپە ڕەگەز پەرستەکان سیمایەکی بەرچاوی ئەم چەند ساڵەی دواییە لەئەمەریکا. ئەو گروپانە بەگشتی بڕوایان بە پێشەنگی ڕەچەڵەکی سپی ھەیە، ھەروەھا بۆ نمونە بڕوایان بە ڕووداوەکانی ھۆلۆکۆست نیە و بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێ و ھەواڵ و تیۆری پیلانگێڕی و ھەڵبەستراو بڵاودەکەنەوە. پێشتریش ئەو گروپانە ھەبوون بەڵام وەک ئێستا ژمارەیان زۆر نەبوو، لەوەتەی ساڵەکانی شەستەکانی سەدەی بیستەمیشەوە ئەو گروپانە وەک ئێستا ئەوەندە زۆر و بەھێز نەبوون. دۆناڵد ترەمپ تا ئێستا یەکەم سەرۆکی ئەمەریکایە ئیدانەی ئەو گروپانە نەکات.