سەردێڕ:

پەروەردەی ئەخلاق لە تەمەندا

5/30/2020 3:39:50 PM
4340 جار خوێندراوەتەوە
وەستا جەلال
+ -

ئەخلاق پێش ئەوەی بابەتێکی زانستی بێت، زیاتر بابەتێکی فەلسەفی و ئاینییە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەردەمی ئێستادا تێگەیشتن و زانیاری زیاتر سەبارەت بە بەرەو پێشچونی ئەقڵ و ئەخلاق ھەیە، بەتایبەت پاش ئەو لێکۆڵینەوە زانستیانەی،  کە لەلایەن پیان ژەی، گول بێر و برێنتێلدراسل سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەقڵ و ئەخلاق کراوە، بۆیە دەرکەوتوە، کە ئاستی ئەخلاقی ھیچ مرۆڤێک لە ئاستی ئەقڵی زیاتر نییە، ئەمەش بەدەلیلی ئەوەی مرۆڤەکان پەیوەندیان بەیەکەوە ھەیە، شێوەی پەیوەندی نێوانیان لەسەر سێ بنەمای سەرەکی پێکھاتوە، کە بریتین لە "مافی ئازادی، مافی سروشتی و مافی سەروەری" لەسەر بنەمای ئەم سێ خاڵە،  مرۆڤەکان بەیەکەوە پەیوەندی دەبەستن، بۆ رێکخستنی ئەم پەیوەندیەش ھەندێک رەوشتی ئەخلاقی ھەیە، ھەموو مرۆڤێک دەبێت وەکو زەرورەتێکی حەتمی جێبەجێیان بکات.

بەبۆچونی ھەندێک لە زانایان، خاڵە بنەرەتییەکانی رەوشتی ئەخلاقی، زەروری و حەتمین، ئەو خاڵانە بەدرێژایی مێژوو پەیوەندیان بە کردار و گوتاری مرۆڤەوە ھەیە. کە پێکھاتوە لە چوار خاڵ.

١- داد و دادپەروەری
٢- ئازادی و سەربەخۆیی
٣- میھرەبانی و خۆشەویستی
 ٤- راستی و ھەقیقەت
٥-سەروەری و شکۆی مرۆڤ
خالی پێنجەم لە سەد ساڵی رابردوو زیاد کراوە و گرنگی پێ دراوە.

ئەم خاڵانە بۆ رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکان، گشتی و جیھانین، کە پەیوەندیان بە ھیچ شوێن و کاتی دیاریکراوەوە نییە، بەڵام جیاواز لە  بنەمای حەتمی رەوشتی ئەخلاقی، لە ھەندێک سیستمی کۆمەڵایەتیدا جیاواز لە ھەندێک بەھای ئەخلاقی دیکەدا پەسەنددەکرێت، لە جیاتی گرینگیدان  بە رەوشتی ئەخلاقی، گرنگی دەدەن بە بەھای ئەخلاقی، لە جیاتی گرنگیدان بە ھەقیقەت، گرنگی دەدات بەواقعیەت، بەنمونە، لە جیاتی ئەوەی گرنگی بدات بە زانست و لێکدانەوەی ئەقڵێکی زانستی، گرنگی دەدات بە خورافە و بیری نازانستی وناواقیعی، یان لە جیاتی گرنگیدان بە یەکسانی ژن و پیاو، جیاوازی ژن و پیاویان پێ گرنگترە، لە جیاتی ئەولەویەت بە ژیان بدات، مردنی پێباشترە.

 بەھای ئەخلاقی، بە پێچەوانەی رەوشتی ئەخلاقی، تایبەتە بە شوێن و کاتی دیاری کراو، بۆیە دەبینین سەرەرای ئەوەی ھەندێک لەو  کۆمەڵگایانەی کە جیاوازیشیان لەگەل یەکتر ھەیە، بەڵام لەبنەرەتدا بەگشتی لەسەر بەھای ئەخلاقی وەکو یەک بیردەکەنەوە. 

بۆیە پێویستە بنەما سەرەکیەکانی ئسولی ئەخلاقی لە رێگای پەروەردە و فێرکردن، بەتایبەتی لە رێگای پەروەردە، لە منداڵیەوە فێری مرۆڤەکان بکرێت، دەبێت ھەوڵ بدرێت ڕیشەی ڕەوشتی ئەخلاقی لە ناخی مرۆڤدا، لە منداڵیەوە بچێندرێت.

بۆچی پێویستە مرۆڤ لە رێگای پەروەردەوە فێری رەوشتی ئەخلاقی بکرێت؟

لەبەر ئەوەی ناتوانرێت لە رێگای یاساوە،  بەتایبەتی یاسای رەوشتی ئەخلاقی، رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دیاری بکرێت. زۆرمەسەلەی تایبەت و گرنگ ھەن ناتوانرێت لە رێگای یاساوە چارەسەر بکرێن، بۆیە دەبێت تەنھا لە رێگای پەروەردەوە رەوشتی ئەخلاقی فێری مرۆڤەکان بکرێت، بە نمونە: ناتوانرێت میھرەبانی و خۆشەویستی بکرێت بە یاسا، ناتوانرێت یاسایەک بەسەر مرۆڤەکان بسەپێندرێت ،بلێن ئێوە دەبێت لەگەڵ یەکتری میھرەبان بن، ئەگەر لەگەڵ یەکتری میھرەبان نەبن، یان رێز لەیەکتری نەگرن، ئەوە زیندانی یان سزا دەدرێن.

بۆیە پێویستە ئەو بنەما سەرەکییە ئەخلاقیانەی، کە ناتوانرێت لە رێگای یاساوە جێبەجێ بکرێت، دەبێت لە رێگای پەروەردەوە فێری مرۆڤبکرێن.
ریشەی ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە ئەخلاق، لەسەر بنەمای ئەو باوەرە دێت، کە مرۆڤ کائینێکی ئازادە، ئەگەر پێمان وانەبێت مرۆڤ کائینێکی ئازاد نیە، مەسەلەی رەوشتی ئەخلاقی ھیچ زەرورەتێکی نامێنێ. کەس ناتوانێ یەخەی ئاژەڵێک بگرێت بڵێ تۆ بۆ وات کرد. لەبەر ئەوەی ئاژەڵ بونەوەرێکی ئازاد نیە، کەس ناتوانێ یەخەی میوەیەک بگرێت بلێ تۆ بۆ وا تاڵی، مرۆڤ ئەگەر لە ھیچ شتێک ئازاد نەبێت، بەڵام لە روی  ئەخلاقیەوە ئازادە.  

منداڵ لە رۆژی لەدایکبونیەوە تاکو تەمەنی دەگاتە چوار ساڵی، خاوەن ھیچ سفەتێکی ئەخلاقی نیە،  کە دوو منداڵ، یان خوشک و برایەک لە  تەمەنی٣ ساڵیدا کە لەسەر یاریەکی بچوک لەگەڵ یەکتری شەڕ دەکەن، لێکدەدەن، زۆر بە خراپی رقیان لەیەک دەبێتەوە، ھەندێک جارئارەزوی مردنی یەکتری دەکەن، لەبەرئەوەی ھێشتا ھەڵگری ھیچ سفەتێکی ئەخلاقی نین.

ئەخلاق لە تەمەن چوار ساڵییەوە لەلای منداڵ دەست پێدەکات، لە تەمەنی ٤  بۆ ٧ ساڵی منداڵ لەبەر دوو ھۆ فێری ئەخلاق دەبێت، یەکەم لەترسان، دووەمیان لەبەر تەمبێکردن یان سزادان، لەو تەمەنە منداڵ بۆیە راست دەڵێت لەبەرئەوەی دەترسێت، بۆیە ھەقیقەت دەڵێت، لەبەرئەوەی سزا نەدرێت. 

ئەخلاق لە تەمەنی ٧ بۆ ١٠ لەبەر پێویستی و داخوازیەکانە، منداڵ پێویستی بە دایک و باوک ھەیە، داخوازی، داواکاری و نیازەکانی خۆی ناتوانێت دابین بکات، ئەگەر راستی نەلێت و درۆ بکات، پێداویستیەکانی دەکەوێتە مەترسییەوە، لەوەیە منداڵەکە راستگۆ نەبێت، بەڵام لەبەر نیازەکانی راستی بڵێت.

ئەخلاق لە تەمەنی ١٠ بۆ ١٢ ساڵی لەبەر ئابڕووە، کێشەی مرۆڤ کێشەی ترس، سزا، پێویستی و ئابڕووە. مرۆڤ بۆیە کاری باش دەکات و کاری خراپ ناکات، لەبەرئەوەی لە ناو خەڵک ئابڕووی نەچێت، تاکو پێی بڵێن کەسێکی بەئەخلاقە، ئەو کەسانە، نەک خاوەنی رەوشتی ئەخلاقی نین، بەڵکو کەسی ھەلپەرستن، بەڵام لە ترسی ئابروو، بەرژەوەندی و سزا ئەخلاقین. ئەوکەسانەی ئاستی تێگەیشتنی ئەخلاقیان لە ئاستی تەمەنی١٠ بۆ ١٢ ساڵیدایە، ئاستی وشیاری ئەخلاقیان لە ١٠ بۆ ١٢ یە. 

ئەخلاقی تەمەن ١٢ بۆ ١٤ ساڵی، پەیرەویکردنە لە یاسا، جا ھەر یاسایەک بێت، ئەو وڵاتانەی ئاستی ئەخلاقیان لەسەر ترە، پەیرەوی زیاترلە یاسا دەکەن و جێبەجێ دەکەن.

بە پێچەوانەشەوە لەو وڵاتانەی ئاستی وشیاری ئەخلاقی لەخوارترە، زولم، زۆرداری و جیاکاری زۆرترە.

ئەخلاق لە نێوان تەمەنی ١٤ بۆ ١٨ پەیڕوەی لە یاسا دەکات، بەڵام نەک ھەموو یاسایەک. ئەم قۆناغە پەیڕەوی لە یاسایەک دەکات، ئازادیخواز، دادپەروەر و یەکسانیخواز، لە دژی ھەموو یاسایەک نابەرابەر رادەوەستێتەوە.

ئەخلاق لە تەمەنی ١٨ بۆ ٢٠ ساڵی پەیڕەویکردنە لە رەوشتی ئەخلاقی. رێزگرتن لە سەروەری مرۆڤ بە بێ جیاوازی، خۆشەویستی ومیھرەبانی، دادپەروەری و ئازادی.

ریشەی جیاوازی لێکدانەوە باش، خراپ و تاوانی مرۆڤ ئەقڵ و زاناییە، مرۆڤ تاکو ئاگا، وشیار و ئاقڵ نەبێت، ناتوانێت خاوەنی رەوشتی ئەخلاقیی بەرز بێت.