سەردێڕ:

​‎جیاوازی نێوان سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن و پەروەردەی نەریتی

2/25/2020 12:17:52 PM
8725 جار خوێندراوەتەوە
وەستا جەلال
+ -

 وەک بەرچاو ڕوونییەک بۆ خوێنەر، چەمکی خود لەم بابەتە، بەمانای  منی باڵا دێت، کە ھەندێک کەس پێی دەڵێن بەرزەمن، چونکە جەوھەری جیاوازی پەروەردەی نەریتیی و پەروەردەی مودێرن، بریتییە لە کارکردن لەسەر  خود، بە مانای منەباڵاکە، بە دوو ئاراستەی جیاواز. لەپەروەردەی نەریتیدا لە سەرەتاوە بە منداڵ دەوترێت، ڕوی ڕاستەقینەی خۆت، بەو شێوەیەی کە بۆ خۆت پێت باشە و باوەڕت پێیەتی، یان ئارەزوی دەکەیت بشارەوە و با ھەر لە ناخی خودی خۆت دابێت. ڕاستی و واقیعیەتی خودی خۆت ئاشکرا مەکە. دایک، باوک، خوشک، خزم، جیران، کۆمەڵگە، حیزب، ئاین و نیشتیمان چۆنن، تۆش دەبێت وەکو ئەوان بیت، تۆ ببە بە ھەموو ئەوانە، بەڵام تەنیا مەبە و خودی خۆت مەبە!

‎بنەمای ئەو جۆرە پەروەردە نەریتییە، بۆ ئەو تێڕوانین و بیرکردنەوەیە دەگەڕێتەوە، کە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو ترسی  لە لەدەستدانی ژیانی ھەبووە. ئەمە گەورەترین کێشەی مرۆڤ بووە.

‎ھەر بۆیەش لە پێناو مانەوەی لە ژیاندا، ململانێ، پێشبڕکێ، ناکۆکی، شەڕ، چاولێکەری، خۆپەرستی، لەخۆبایی بوون، دەسەڵاتخوازی،داگیرکاری، زیندانی کردن، ئەشکەنجەدان، ئەمانە لەسەرەتاوە لە ڕێگای سیستەمی پەروەدەی خێزانی، ڕاھێنان و فێرکردن  لەناخی مرۆڤدا لە منداڵیەوە دەچێنرێت و چەکەرە دەکات.

‎ئەم جۆرە پەروەردەیە بەھیچ شێوەیەک لەبەر بەرژەوەندی ڕێز، خۆشەویستی، باش و خراپی منداڵ نییە، بەڵکو بۆ شاردنەوەی خودی واقیعیەتی منداڵ و بێڕێزی بە سەروەری مرۆڤە، لە پەروەردەی نەریتیدا، خود ھیچ شکۆ و سەروەریەکی نییە، نەک بە تەنیا بەخودی خۆی ،بەڵکو  بە خودی مرۆڤیش بێبەھایە.

سیما و ئادگاری پەروەردەی نەریتی، لە نێوان دوو کەسی عاشق  زۆر  ئاشکرا دەردەکەوێت، کە مرۆڤ چەندە بێبەھایە، عاشق بە مەعشوق دەڵێت: " من لە پێناوی تۆدا ھیچم، من ئامادەم لەپێناو یەک خولەک سەلامەتی تۆ بمرم، من ئامادەم خۆم بکوژم بۆ ئەوەی تۆ بژی، زۆر کەس پێیان وایە ئەمە خۆشەویستی و میھرەبانییە، بەڵام لە پەروەردەی مۆدێرنا، ئەمە بێڕێزیە بە خود و بێبەھاکردنی مرۆڤە.

لە پەروەردەی نەریتیدا، دایک و باوک داوا لە منداڵەکانیان دەکەن،کە ڕەوشت، کار، کردار، بیرکردەنەوە، ئارەزوو و  ئاواتەکانی خودی خۆیان لا گرنگ نەبێت،  لای دایک و باوک   سەرنج و بیرو بۆچوونی خەڵکە سەبارەت بە منداڵەکەیان  گرنگترە.

بۆ نمونە، ھەندێک دایک و باوک ھەن، بەزۆر دەیانەوێت منداڵەکەیان فێری مۆسیقا بکەن، لەکاتێکدا نە مامۆستاکە ئەو توانایەیی ھەیە، نە منداڵەکە ئامادەیی، توانا و ئارەزووی بواری میوزیک فێربوونی ھەیە، نە دایک و باوکیشیان حەزیان لە  میوزیکە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەبینن ھەندێک کەس توانای فێربوونی میوزیکیان ھەیە و لەو مەیدانەدا سەرکەوتووبوون ، ئەوانیش دەیانەوێ منداڵەکەیان فێری ژەنینی میوزک بێت، لێرەدا مەبەستیان نە منداڵەکەیە، نە میوزیکە، تەنھا  مەبەستیان سەرنج و بۆچوونی خەڵکە، نایانەوێت لەخەڵک بەجێبمێنن.

زۆر جار دەبینین دایک و باوک بە جۆرێک وەسفی منداڵەکەیان دەکەن، کە بەھیچ شێوەیەک قسەکانیان لەگەڵ واقیعیەتی منداڵەکە نایەتەوە،بەڵام دەیانەوێ بە جۆرێک منداڵەکەیان بە خەڵک پیشان بدەن، بەو جۆرەی کە بۆ خۆیان پێیان باشە، یان ئارەزوی دەکەن. لێرەدا مەبەست ھەست و ئیحساس و ئارەزووی خودی منداڵەکە گرنگ نییە، مەبەست  سەرنج و بۆچوونی خەڵکە سەبارەت بە مندالەکە،  بۆیە لە پەروەردەی نەریتیدا منداڵ نابێت لایەنی خودیی ھەبێت، بەڵکو دەبێت کۆپی ھەموان بێت. ئەم جۆرە پەروەردە نەریتییە بە منداڵ  دەڵێت: " تۆ ببە بە ھەموو کەسێک، بەلام خودی خۆت مەبە".

کاریگەری خراپی ئەم جۆرە پەروەردەیە لەسەر منداڵ ئەوەیە، کە گەورە دەبێت، بە ڕوکەش وا خۆی پیشان دەدات کەسێکی میھرەبان، ئارام و باشە، بەڵام لە ناخی ئەو مرۆڤانەدا، خۆپەرست، خۆبە گەورەزان، لوتبەرز ، دەسەڵاتخواز، ھەروەھا رق، کینە و بێزاری لە خودی خۆی و و خەڵکی تر زۆر  بەھێزە، یان بە پێچەوانەوە،کەسانێکیان لێ دەردەچێت، زۆر گرنگی  دەدەن بەخۆیان و بەو شتانەش، کە  بە موڵکی خۆیانیدەزانن.

ھەرچەندە زۆر کەس پێیانوایە، کە زۆر گرینگیدان بە خود، میھرەبانی و خۆشەویستی بەرامبەر بە خودی خۆی ئەوەندە زیاد دەکات، لە ئەنجامدا کەسەیاتییەکی نێرگزی لێبەرھەم دێت، بەڵام لە لێکۆڵینەوەی زانستیی دەرونناسیدا دەرکەوتووە، ئەم جۆرە گرنگیدان بەخودە، ڕق و کینە لە خود و کەسانی دیکە، بۆیە دەبینین ئەو جۆرە کەسانە ھەوڵ دەدەن ھەمووشتێک لەژێر دەستی خەڵک دەربھێنن و بیخەنە ژێر دەستی خۆیان.

دەلیلی کاریگەری خراپی ئەم جۆرە بیرکردنەوە و پەروەردەیە لەسەر منداڵ، کە باوەڕی بە خودی خۆی  نامێنێ ئەوەیە، دایک و باوک ھەمیشە ئەو پەیامە بە  منداڵ دەدات و پێی دەڵێت "تۆ  کەسێکی باش نیت، تۆ کەسێکی خراپی، تۆ کەسێکی بێ دەسەلاتی، ئەگەر من نەبم، تۆ ھیچنیت، تۆ وەکو خەڵک نیت، تۆ کاروباری خۆت پێ بەڕێوە ناچێت" بەڵام نازانێت مرۆڤ تۆوی گوڵێکە، دەبێت لە ڕێگای پەروەردەوە بەباشی بچێندرێت و چەکەرە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەنگ، بۆن و جوانی خۆی نیشان بدات و نەشونوما بکات، ھەر مرۆڤێکیش کەسایەتی و تایبەتمەندی خودیی خۆی ھەیە.

ئەرکی سیستەمی پەروەردە و دایک و باوک ئەوەیە یارمەتی مندالەکەی بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت پراکتیزەی خودیی خۆی بکات، منداڵ دەبێت لە ڕێگای پەروەردەوە بگات بە ھەموو ئەو باشانەی کە بۆ مرۆڤ پێویستی پێی ھەیە.

‌بەپەلە