سەردێڕ:

لە نێوان فەتوای مەلاکان و گەلەکۆمەی فیمینیستەکاندا

1/27/2020 9:20:05 PM
12518 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەبدول
+ -

ھەمیشە دژی ئەوەم ھەر شەپۆلێک دەرکەوت تۆ سواری بیت و بۆ ھەموو باسێک قسەت ھەبێ چاکیش دەزانم ئەم قسانەم کاردانەوەی خراپیان دەبێت لەسەر ھەندێ ھاوڕێ و کەمێک بەزەحمەت دەتوانین حاڵی بین لەیەک، من ھەمیشە دژی دوکەرتبونی کۆمەڵگابووم ھەرگیزپێم ڕاستنیە بەھەشتیەکان و دۆزەخیەکان لێرە یەکلایی ببنەوە، ئێرە و ئەم سەر زەمینە و ئەم دۆخە ناجێگیرە سایکۆلۆژیەی تاکی کوردی پێدا تێپەڕ دەبێت ھەرگیز بە شیاوی ئەوەی نابینم کە بە ناوی پاراستنی (ئاین و ئایدۆلۆژیا و کلتورو نەریتەوە) دۆخەکە زیاتر بشێوێنیت و فو لە ئاگرەکە بکەیت، بەڵام ئەو دۆخە ناڕێک و شێواوی کۆمەڵگاکەشمان ھەندێ جار مرۆڤ دەباتە کۆتا پلەی نائومێدی و تاریکی گەورە ترین حاڵەتی نائاگایی ھەر ئەوەیە ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمە دەگوزەرێت.

ئێمە بەردەوام خەریکی بە فریشتە و شەیتانکردنی ئەوانی ترین دڵمان ئەو کاتە ئاسوودەیە کە تیرەکەمان زۆر ترین نێچیر بپێکێت و ژمارەیەکی نوێتر لە قوربانی تۆمار بکەین، ھەر پاڵپشتیەک بۆ ئاین و ئایدۆلۆژیا و تێڕوانینەکانمان و زۆر بوونی ژمارەی لایەنگرانمان بۆمان دەبێتە سەرکەوتن و بەزاندنی بەرامبەر.

ئیتر لەم دۆخەدا ڕوون نیە ھەق و ناھەق لای کێیە، تەنھا ئەوەمان پێویستە ژمارەیەکی زیاتر لە (باوەڕدار یان بێ باوەڕ یان ھاوئاوازەکانمان) تۆمار بکەین، بۆ ئەمەش بیانوی گونجاومان ھەیە و بۆمان گرنگ نیە کێ وورد و خاش و ڕیسوا و نابوود دەببێت و بەئەندازەی شکانی ئەوانی تر ئێمە دڵخۆش دەبینئەمەیە دۆخە ترسناکەکە، کە بەناوی سەرخستنی ئاین و مەزھەب و ئایدۆلۆژیا و نەتەوە و کلتور و دەیان ناوی ترەوە بەردەوام ئەم ئاگرە لە کڵپە سەندندایە.

بە کورتی ئەو ٣٠٠ ڕێکخراوە فیمینیستەی کۆبونەتەوە تا (مەلایەک) پەلکێشی دادگا و لێپرسینەوە بکەن لەسەر تێڕوانینێکی تایبەت، دەبێ بپرسن ئایا خۆیان چییان کردوە بۆ دروست کردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ جیاوازیەکان و ڕێز گرتن لە بەھا و پیرۆزیەکانی ئەوانی تر؟

ئایا ڕۆڵی ئەوان چی بوە لە کەمکردنەوەی تەلاق و خۆسوتاندن و سوکایەتی بە مێینە و سەدان گرفتی کوشندەی خێزانی کە ئامارەکان بەردەوام داتای خراپترمان دەخەنە بەردەست؟

 ئایا خۆیان چییان کردوە بۆ دروست کردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ جیاوازیەکان و ڕێز گرتن لە بەھا و پیرۆزیەکانی ئەوانی تر؟
ئایا ڕۆڵی ئەوان چی بوە لە کەمکردنەوەی تەلاق و خۆسوتاندن و سوکایەتی بە مێینە و سەدان گرفتی کوشندەی خێزانی کە ئامارەکان بەردەوام داتای خراپترمان دەخەنە بەردەست؟

ئایا بەتەنھا گوتاری ئاینیە کە سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگای ھەڵتەکاندوە و ناھێڵێت کچان و ژنان بە ماف و ئازادییەکانی خۆیان بگەن؟

باشە ھەر ئەم ھەنگاوە نابێتە ھۆی فیتنە و دوور کەوتنەوەی چینەکانی کۆمەڵگا و ڕێگا خۆش ناکات بۆ جیا کردنەوەی بەرەی خێر و شەڕ، یان فریشتەو شەیتان؟

لە بەرامبەردا ئەی مامۆستایانی ئایینی کاریان ھەر ئەوەیە خەڵکی بکەن بە شەیتان و دەعبا و دڕندە؟

بەڕاستی پەیامی ئیسلام بەم جنێو و سوکایەتیە بڵاودەبێتەوە و گەشە دەکات؟

باشە کێ مۆڵەتی داوە پیاوی ئاینی کۆمەڵگا فێری جنێو و سووکایەتی بکات؟

ئەی ئەمەش جۆرێک نیە لە ستەمکاری؟

ئێمە لەم دۆخەدا دەبێ ڕۆڵی گرنگ ببینین بۆ کۆتایی ھێنان بەھەردوو جۆرە گوتارەکە دەبێ بە ئاگاییەوە دۆخەکە بخوێنینەوە چەپڵە لێدان و قەرەباڵغ کردنی بەرەکان و ھاندان بۆ لایەنگری ھەر یەکێک لەو دوو گوتارە، کۆی بابەتەکە بە لێڵی دەھێڵێتەوە.

ئێمە دەبێ کار بۆ قەبووڵکردنی جیاوازیەکان بکەین و ھەوڵ بدەین بە بێ سوکایەتی ئایدیای خۆمان بخەینەڕوو، ئەمەی دەگوزەرێت چاڵە ڕەشەکانی ناو سیستمی کۆمەلایەتی و خێزانیمان تاریکتر دەکات، ئەمەی دەگوزەرێت چاڵە ڕەشەکانی ناو سیستمی کۆمەلایەتی و خێزانیمان تاریکتر دەکات.

ئێمە بە ئاشکرا بە نەوەکانمان دەڵێین یان دەبێ جنێو فرۆش بیت، یان دەبێ خەنجەر لەوانە ھەڵگری جنێوت پێ دەدەن، بەڵام لەم نێوەندەدا شتێک ھەیە پێی دەوترێت مرۆڤ کە سەرچاوەی ھەموو پیرۆزیەکانە. 

تکام وایە رێکخراوەکان کاری گەورەبکەن بۆ ئەوەی مرۆڤ خاوەنی کەرامەتی خۆی بێت و مامۆستایانیش لە بری پەیامی جنێو و تەشھیر، ڕێگا ڕاستەکە بۆ خەڵک ڕونکەنەوە و وازبێنن لە بەڕێکردنی قافڵەی دۆزەخی و بەھەشتیەکان و لانیکەم ئەو کارە بۆ (خودا) خۆی بەجێبھێڵن.