سەردێڕ:

بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، تکایە قانونی چاکسازی ئیمزا مەکە

1/17/2020 10:01:48 PM
21009 جار خوێندراوەتەوە
پەیمان عیزەدین
+ -

دوای دەنگدانی پەرلەمان لەسەر قانونی چاکسازی، بە ئیمزاکردنی بە ڕێزتان یان ئیمزا نەکردنی لە ماوەی یاسایی دیاریکراودا دەبێتە قانونێکی بەرکار، بۆ ئیمزانەکردنی ئەم قانونە و گێڕانەوەی بۆ پەرلەمان زیاتر لە هۆکارێکی قانونی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی هەیە کە لەم نوسینەدا ئەیخەمە بەرچاوی بەڕێزتان.

یەکەم:

ناوی قانونەکە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ناوەڕۆکی یەکناگرێتەوە و ئەمەش یەکێکە لە عەیبە قانونیەکانی یاساکە، هیچ ماددەیەکی ناو یاساکە بە دوور و نزیک پەیوەندی بە چاکسازیەوە نییە و ماددەکان تایبەتن بە ڕێکخستنەوەی خانەنشینی و دەرماڵە لە هەرێمدا، کە لە بنچینەدا بۆ زۆرینەی ئەو ڕێکخستنەوانە قانونی نەدەویست و چۆن حکومەت ئەو دەرماڵە و خانەنشینیە ناقانونیانەی دروستکردوە بەهەمان شێوە دەیتوانی بیانبڕێت یان کەمیان بکاتەوە.

دووەم: هەر قانونێک بەناوی چاکسازییەوە پەسەندبکرێت، ئەسڵ وایە ئەو قانونە کاری لەسەر هێنانەدی دادپەروەری کردبێ، کە ئەمەش لە هیچ ماددەیەکی قانونەکەدا بە ڕوونی و بە زەمانەتەوە لانی کەمی دادپەروەری ناهێنێتەدی.

دادپەروەری ئەوەیە هەموو پلەکانی وەزیفی لەسەر یەک بنەما خانەنشین ببن و لەسەر یەک بنەما دابمەزرێن و دەرماڵەیان بۆ زیاد بکرێت، کە بە هۆی ئەم قانونەوە ئەو نادادپەروەریانە زیاتر ئەچەسپێن و دووبارە دەستکاریکردنیان زەحمەت ئەبێت.

ناکرێت و نابێت لە یەک حکومەت و سیستمی حکومڕانیدا کەمینەیەک ڕێژەی خانەنشینکردنیان لەسەر کۆی موچە بۆ هەژمار بکرێ و زۆرینەیەکیش ئەو ڕێژەیەیان لەسەر موچەی بنەڕەتی بۆ هەژمار بکرێت، بۆیە ئەرک و ئەمانەتێکی مێژویی لەسەر شانی بەڕێزتانە ئەگەر تەنیا لەبەر ئەم خاڵەش بێت قانونەکە بگێڕنەوە پەڕلەمان، ئەو خاڵە بەو جۆرەی لێبێت کە بۆ خانەنشینی موچە باڵاکانیش رێژەی ٪٢٥ و ٪٥٠ لەسەر موچەی بنەڕەتیان هەژمار بکرێت لەبەر ئەم هۆیانە:

هۆی یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازە یاسای خانەنشینی یەکگرتو لە داهاتوودا بنێرێتە پەرلەمان، چۆن دەکرێ لە ئێستادا قانونێک بەو جیاوازیە گەورەیە لە خانەنشینیدا پەسەندبکرێ کە چەند مانگێکی تر و لە پێشنیازی قانونێکی تردا باس لە خانەنشینیی یەکگرتوو بکرێت، بۆیە لە ئێستاوە بایەکخستنی بنەماکانی خانەنشینی لە خزمەتی موچەخۆران و قانونی خانەنشینی یەکگرتوودابێت.

هۆی دووەم: هەموو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لە بەرزترین پلەی وەزیفیەوە تا نزمترینی هاوڵاتی ئەم هەرێمەن، مافی هاوڵاتیبوون و بنەماکانی دادپەروەری و بەڵێنەکانی بەڕێزتان ئەوە دەخوازێ کە هەمان بنەما بۆ هەژمارکردنی خانەنشینی ڕەچاو بکرێت.

هۆی سێیەم: ئەم هەنگاوە ڕق و یەکتر ناشرین کردن کاڵ دەکاتەوە، چونکە ئەوە ئەو ناعەدالەتیەی ئەم چەندین ساڵەیە ئەو هەموو ڕق و کینەیەی لە یەکتر دروستکردوە، دڵنیام بەڕێزتان و هەر کەسێکی تر بچینە شوێنی فەرمانبەرێکی بەتەمەن کە بە هۆی کەمی خانەنشینیەوە خواخوای کاری زیاتر و ماندوبوونی زیاترێتی، بە دڵنیاییەوە ڕقی لەو پەرلەمانتار و وەزیرە دەبێتەوە کە تەنیا بۆ چوار ساڵ ١٥ هێندەی ئەو وەربگرن، ئێوە ئەگەر ئاشتی کۆمەڵایەتیاتان ئەوێ ئیمزا لەسەر ئەم قانونە مەکەن.

سێیەم: ئەوەی لەم قانونەدا وەک کڕۆکی چاکسازی باسدەکرێت، هەڵوەشاندنەوەی هەزاران پلەی وەزیفی و خانەنشینی نایاساییە کە زۆربەیان نە بڕوانامەیان هەبووە و نە تەمەنی خانەنشینی و نە پلەی وەزیفی، لەگەڵ ئەوەشدا هەم دامەزراون و هەم خانەنشین کراون، کە ئەمانەش هەمویان ئەندام و بەرپرس و دەنگدەری یەکێتی و پارتین بە پلەی یەکەم و پارتەکانی تر بە پلەی دووەم، کە زۆر دڵنیام لە هیچ حاڵەتێکدا ئەو کارە ناقانونیانە هەڵناوەشێنرێتەوە و لە باشترین حاڵەتیشیدا دەخرێنە ژێر ناونیشان و ناو چوارچێوەیەکی قانونی نوێ، کە ئەمەش زۆرتر ناوەڕۆکی قانونەکە لە بابەتی چاکسازی دور دەخاتەوە.

بۆیە و لەبەر ئەو هۆکارانە تکایە قانونەکە ئیمزا مەکە.