سەردێڕ:

بەڵێنەکانی کازمی شکستی لەدوایە!

5/9/2020 3:49:15 PM
6966 جار خوێندراوەتەوە
هێرش عەبدولڕەحمان
+ -

تا دوا ساتەکانی دەنگدانیش بەھەڕەشە و داواکاری کوتلەی شیعەکان لەکابینەکەی کازمی، چەند جارێک ناوی کاندیدەکانیان پێ گۆڕی و کەوتە بەردەم ھەڕەشەی دەنگنەدان و ھەڵوەشاندنەوە، ئەو کابینەیە وا بە پینەوپەرۆ پێکھێنراوە دەبێت بۆ ھەر کارێکی پرسی ھەموو لایەنەکان بکات! تا سەنگەری لێنەگرن و ھەڕشەی کشانەوەی لێبکەن، بەھەرحاڵ لەناو ئەو ھەموو کەش و ھەوا بارگاویەدا، دواجار کابینەکەی دەنگی ھێنا و لایەنەکان و ئەمریکا و ئێران و کورد لە چاوەڕوانی بەڵێنەکانی کازمیدان، کە تا چەند دەتوانێت داواکاریەکانیان بۆ جێبەجێ بکات.

بەڵێنە گرنگەکان:

- کار بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە و بێگەرد دەکات، کە یەکێک لەبەڵێنە گرنگەکانە، ئەوەش بە ئامادەکاری باشدەکرێت، کە ڕێگری بکات لە تەزویر و ساختەکاری، چونکە عێراقیەکان و ڕۆژئاواش چاویان لەو ھەڵبژاردنەی داھاتووی عێراقە، کە بتوانێت گۆڕانکاری دروستبکات و چارەسەرێکی باشتری پێبێت بۆ ئایندەی عێراق.

- کێشەی نێوان ھەرێم و بەغداد چارەسەردەکات، ئەوەیان کەوتووەتە سەر ھەرێم، تا چەند ڕاستگۆ دەبێت لەگەڵ ئەو کەیسەدا و، بتوانێت ڕێکەوتنێکی کۆنکرێتی بک ات.

- بکوژانی خۆپیشاندەران دێنێتە بەردەم دادگا، بەدواخستنی ئەو کەیسە جارێکیتر خۆپیشاندەران شەقامەکانی بەغدادی لێ دەگرن و کارتی سور بەرزدەکەنەوە بەڕویدا، ئەوەش مەترسییە بۆ کۆتایھێنان بەکابینەکەی.

- کۆتایی بە دەستێوەردان و ھەژمونی وڵاتان بەسەر عێراقدا دێنێت.

- بەڵێنی بە شیعەکان داوە تەواوی ھێزە بیانییەکان دەردەکات، کە مەبەستی ناتۆ و ئەمریکایە!

- بەڵێنی دنیای بەو حزبانە داوە کە دەنگیان پێداوە، دوو ھەفتەیە تا چەند کاتژمێرێک پێش دەنگدان لەسەر کابینەکەی لێی پەشیمان بوونەتەوە و بە پۆست و چاوپۆشی لێیان، ڕازیکردوون!

- ئەمریکاش دەیەوێت کازمی دەستی ئێرانی بۆ ببڕێت لەعێرقدا و کۆتایی بە میلیشیاکان بێنیت، بەو مەرجە پشتگیری دەکەن، ئەمریکا ئەنجامی دەوێت، لە ڕابردوودا زۆربەیان ئەو بەڵێنەیان داوە و جێبەجێ نەکراوە.

ئەو ھەموو بەڵێن و پەیمانە بۆ کەسێکی وەک کازمی کە بێ حزب و کوتلەیە، چۆن جێبەجێ دەکرێت و دەتوانێت ھەموویان رازیبکات؟ بۆ ئەوەی ئەو ھەگبە بەڵێنانە جێبەجێ بکات، کازمی دەبێت خاوەنی دارعەساکەی حەزرەتی موسا بێت و بتوانێت لە چاوتروکانێکدا حەزی ھەموویان بەدیبێنێت. ئەو بە ھەگبەیەکی پڕ بەڵێنەوە ھاتووە، زەحمەتە لە مەیدانێکی پڕ کێشەی وەک عێراقدا، بتوانێت بیکاتەوە و بەڵێن بە بەڵێن جێبەجێبکات. ئەوانەی پێش خۆی چیانکردووە ئەویش ھەر ئەوەی پێدەکرێت!