سەردێڕ:

رەھەندە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دۆخە ئاڵۆزەکەی بەغدا

9/30/2020 10:51:56 AM
5280 جار خوێندراوەتەوە
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
+ -

پێش کابینەکەی مستەفا کازمی، دۆخی سیاسی و ئەمنی بەغدا بە چەشنێک ئاڵۆز بوو، بەشی زۆری گوشار و ھێرشەکان راستەوخۆ ھاووڵاتییانیان دەکردە ئامانج، بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسە شەخسییەکانی سەرکردەکان، ئێستا گوشار و ھێرشەکان فراوانتر بوونە و وەک خودی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئاماژەی بۆ دەکات ھێرشە موشەکییەکان وێڕای بەردەوامیان، تەنانەت بوونەتەھۆی ئەوەی کارمەند و نێردەی وڵاتان و دیپلۆماتکاران بەغدا بەجێبھێڵن، بەدیاریکراویش باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەردەم ناڕوونییەکدایە، بووەتە رۆژەڤی میدیای جیھانی! 

رۆیشتنی دیپلۆمات و داخستنی باڵیۆزخانەکان لە بەغدا، وێڕای شوورەییە گەورەکە بۆ حکومەتی عێراق لە بواری سیاسی و ئەمنیدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەروازەیەکی تری مەترسیداریش بەڕووی بەغدادا دەکاتەوە بەوەی کاریگەرییەکانی بە خراپی لەسەر ئابووری و جوڵەی بازاڕ و ھاوکاری وڵاتان و لایەنی فەرھەنگی و تێکەڵاوی کولتووری، دەبێت، بەھۆیەوە بەغدا باوەش بە خراپترین دۆخی ھەمەجۆری ناسەقامگیردا دەکات تا ئاستی دابڕانی بەغدا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و لە بەرانبەردا رەنگە دەیان رێوشوێن لە دژی عێراق بگیرێنەبەر بەوەی ناتوانێت ئەمنییەت دابین بکات.

تێکچوونی دۆخی سیاسیی بەغدا، بۆ کورد دوو رەھەندی ھەن، ئەرێنی و نەرێنی، ئەرێنییەکەی ئەوکاتە زیاتر دەبێت دیپلۆماتەکان بێنە ھەولێر و بەھۆی دۆخە ئاڵۆزەکەیەوە بەغدا نەپڕژێتە سەر دژایەتیکردنی ھەولێر و لە بەرانبەریشدا ھەولێر بتوانێت چەشنە وێنایەکی جوان و دیپلۆماسییانە نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات، بەوەی کاتێک ھەرێمی کوردستان لە سیاسەتی بەغدا نیگەرانە، ھۆکارەکەی ئەو بێسەروبەری و دۆخە خراپەی بەغدایە کە کەس بە کەس نییە و مافەکانی کورد لە سایەی ئەو گەڕەلاوژەیە نەک بەدەست نایەن، ئەوەی بە چەک و قوربانی و شۆڕشەکانیش بەدەستھاتوون، ئەگەری نەمانیان ھەیە، بۆ نموونە سیاسەتی بەغدا ئیشکردنە بۆ پەشمانبوونەوە لە فیدراڵییەت و لەژێرەوە ھەم لە بەغدا و ھەمیش ناوخۆی کوردستان کار بۆ ئەو بابەتە دەکات، بەمەبەستی بچووککردنەوەی پێگەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و بەتایبەتی ناوچەکەدا، تەنانەت پێش ماوەیەک بەغدا ژێربەژێر ھەوڵی دەدا رێگری لە ھاتنی شاندی وڵاتان بۆ ھەولێر بکات و دەرگا لەسەر ھەولێر و پرسی کورد دابخات.

لایەنی نەرێنیش ئەوەیە، ئەو ھێزە میلیشیا و سەرکردە دژە کوردانە لە غیابی دیپلۆمات و باڵیۆزخانەی وڵاتان لە بەغدا بە تایبەتی ئەمەریکا، بتوانن ئاستی دژایەتییەکان لە بەرانبەر ھەولێردا فراوانتر بکەن و بڕیاری تاکلایەنانەش لە دژی ھەرێمی کوردستان بدەن، بەدیاریکراویش ھەوڵی ھەموارکردنەوەی دەستوور و پەشیمانبوونەوە لە ھەندێ رێککەوتنی تەوافوقی نێوان ھەولێر و بەغدا بێتە ئاراوە، بە خودی قەوارەی ھەرێمی کوردستانیشەوە، بەگشتی دۆخە ئاڵۆزەکە ببێتەھۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو ھێزە دژە کوردانە کە لەژێر کاریگەری ئێران و ھەندێ ھێزی میلیشیای بەغدا بەردەوام بۆ کردنە ئامانجی ھەولێر، ئامادەسازی دەکەن.

وێرای رەھەندە نەرێنییەکەی، بەڵام بەشێوە گشتییەکەی ئەو دۆخەی بەغدا لە قازانجی کورد دایە، بەو مانایەی ھەتا بەغدا بە ئاراستەی سەقامگیریی زیاتر و ئابووری بەھێزدا بچێت، کاتی بۆ دژایەتیکردنی کورد زۆرتر دەبێت، ئەگەرچی ناسەقامیگریی خۆی لە خۆیدا زیانی بۆ ھەردوو پایتەختەکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، بەڵام بە نیسبەت کوردەوە دۆخەکە جیاوازە، بەو مەرجەی کورد بتوانێت لە بەرمەبنای ئاڵۆزییەکانی بەغدا، سوودی سیاسی وەربگرێت و دۆخەکە لە یارییەکی سیاسیدا بە قازانجی خۆیدا بکەوێنێتەوە.