سەردێڕ:

زایەندپەرستی شێرپەنجەی کۆمەڵگایە

3/5/2021 9:23:52 AM
2727 جار خوێندراوەتەوە
هاوژین زیبا
+ -

لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژی ٨ی مارس و بینینی چالاکییەکانی رێکخراوەکانی ژنان، یان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، وسەرجەمی ئەوچالاکیانە سەبارەت بە بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە ونیشاندانی جۆرەھا ھاوسۆزی و ھاوپشتی بۆ نەھێشتنی جیاکاری زایەندی؛ بەڵام- بەداخەوە- گۆرانکارییەکی ئەوتۆ یان بنەرەتی لە دۆخی ژنان و ژیاندا بەدی ناکرێت بەبڕوای من ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ خولانەوە لەناو ھەمان سیستەمی جیھانی پیاوسالارانەی کە تیایدا دەژیین زایەندپەرستی بەرھەم دێنینەوە.

لەم  سیستەمە جیھانیەدا مرۆڤ چۆن گەورە دەبێت یان چۆن کەسایەتی دروست دەبێت؟ ژن چی رۆڵێک دەبینێت و کاریگەریەکانی زایەندپەرستی چیین؟

سیستەمی کۆمڵگا بیری کۆمەڵگایە، واتا ھەرشتێکی وەک چاند، ھونەر، داھێنان یاخود بەرھەم کاتێک دروست دەبێت ئیتر دەبێت بە بەشێک لە بیری کۆمەڵایەتی، بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین ھەموو چالاکییەکی کۆمەڵگا لە ژێر کاریگەری ئەو بیرەدایە. خۆشەویستی، کار، جنێو، گەشەکردن؛ ھەرچی ھەبێت لە ناو ژیاندا لەناو بیری کۆمەڵگادا کۆدبێتەوە. مرۆڤیش لە منداڵییەوە تا گەورەبوونی لەو بیرە کۆمەڵایەتییەدا فۆرم وەردەگرێت.

سیستەمی کۆمەڵایەتی  بە دوو شێواز رێک دەخرێت کە بریتین لە: سیستەمی کۆمەڵایەتیی سروشتی و سیستەمی کۆمەڵگای دەوڵەتی. 

سیستەمی کۆمەڵگای سروشتی زیندوبوون وھاوسەنگی سروشت بەببنەمادەگرێت لێرە ژن وەک خاک داھێنەرە بە دروستکردنی منداڵ وەک بەردەوامی و فراوانکردنی کۆمەڵگاو ژیان قبوڵدەکرێت.  کاتێک وەک وشە بە ئیتمۆلۆژیش سەیربکەین  خوا- خودێ- خودا و دایک ئەو راستییە نیشان دەدەن خو-دا(خۆدەدا)  دایکش وەک مرۆڤ خۆی دەدات بە ژیان چۆن خاک خواردن دەدات بە مرۆڤ، ژنیش بە دووگیان بوونی مرۆڤ دەبەخشێت. ژیانیش بە ھاتنی مرۆڤ دەستپێدەکات لەبەر ئەوە خودا و دایک لە ژیاندا ھەمان رۆڵ دەگێرن ئەگەر دایک نەبێت مرۆڤیش نابێت. لێرە گرنگر بڵێین دایک بەتەنھا مرۆڤ دروست ناکات لە ھەمانکاتدا ئەو مرۆڤ گەورەدەکات بۆیە لە کۆمەڵگای سروشتیدا ژن ئەوەندە گرنگە یان ھێندە پیرۆزە کۆمەڵگا بەرامبەر بەو گرنگییەی ژن رۆڵی بەرێوەبردنی ژیان و کۆمەڵگای داوەتێ بۆیە لێرە ژن سەنتەرە.

سیستەمی دەوڵەت سیستەمێکی پیاوسالارانەیە. ھەزاران ساڵە بە ئەقڵی پیاوسالاری کۆمەڵگا شێوەی گرتووە رەنگی ژیان سەنتەربوونی پیاوە. بۆیە لە ھەر جێیەکی ژیان و دەزگایەکدا ژن ھەبێت، لەبەر ئەو راستییە، ژن ناتوانێت بە ناسنامەی ژنبوونی خۆی بوونی ھەبێت. ژن بە وتەی سمۆن دی بۆڤوار لە ئاستی مرۆڤبووندا لە دوای پیاوەوەدێت. سیمۆندۆ بۆڤوار لە کتێبی (رەگەزی دووەم)دا ئەم رەوشە بەوشێوەیە پێناسە دەکات "ھیچ خوێندنەوەیەکی زانستی و، تیگەشتنێکی بیۆلۆژی و شیکاریەکی پسیکۆلۆژیمان نیە کە لە ڕێگای ئارگیومۆنت و تیزە زانستیەکانیانەوە پێمان بڵێن کە ژن لەبەر لاوازی و کەم ھۆشییە سروشتیەکەی، دەبێت وەک رەگەزی دووەمی ژێرەوە تەماشا بکرێت، بەڵکە مێژویەکی بەربەریمان ھەیە کە بە وردی ئیشی کردووە لەسەر بە کەم زانین و چاوپۆشی کردن لەسەر توانا عەقڵی و جەسەدیەکانی ژن، لە سەرو ھەمویانەوە مێژویی شارستانیەتەکان کە بە تۆخی ئیشی لەسەر دەستەمۆکردن و زەلیل کردنی ژن کردووە. لە لایەکی دیکەوە ژیانی ژن کە لە ھەمان کاتدا لەو ئاراستە کلتوری و مێژوییەوە دێتە دەرەوە دەبێتە ئەو جێگایەی کە دەبێت ژن بەم شێوەیە بێت"  لەناو ئەم سیستەمە جیھانییەدا ژن وەک کۆیلە، رۆبۆت، غەنیمە یاخود وەک ئۆبژەیەکی بازار دەژی.

 بە تێروانینێکی گشتی ھەر چالاکییەکی مەزنکردنی زایەندێک بەسەر ئەویدیکەدا زایەندپەرستیە. زایەند پەرستی ئایدۆلۆژیایە  و لەژیاندا بەشێوەیەکی زۆر لەسەر پیاو پێشدەکەوێت، لە منداڵییەوە دەستپێدەکات.

پیاوبوون لە منداڵییەوە دەستپێدەکات:

پێنج ساڵی تەمەنی کوڕان لە خێزانەکاندا قۆناغی دروستکردنی پیاوەتی و پیاھەڵدانە بە ئەندامی نێرینەیدا و دڵخۆشیی خێزان و دەوروبەر بە بینیی ئەو بەشەی لەشی کوڕەکەیان. لێرە بەدواوە ھەنگاوەکانی بەرەو پیاوبوون دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت. پاشان قۆناغی ھەستیاری ھەرزەکاریی مرۆڤ دوو جار بۆ کوڕان سەخت دەبێت، چونکە ئەو پرسیارانەی رووبەرووی دەکرێنەوە لەبارەی ژنەوەن، لەکاتێکدا ئەو قۆناغە پێویستی بە وەڵامە نەک پرسیار؛ بۆ نموونە دەپرسن خۆشەویستت ھەیە، لەگەڵ چەند کچدایت، حەزت لە کێیە... پێی دەڵێن ھەتا لەگەڵ ژنێک نەخەویت نابیت بە پیاو. کاتێک گەنجەکان لە نێوان خۆیاندا یاری دەکەن کەسێک بێتاقەت بێت یان لاواز بێت پێی دەڵێن تۆ لە ژن دەچی یان وەک ژنیت. منداڵ و گەنج لە کۆڵاندا لە ژێر سێبەری جنێودا گەورەدەبن، لە کۆمەڵگەدا جنێو لە سەدا نەوەت و ھەشتی لەسەر بچوککردنەوە و پیسکردنی کەسایەتی و جەستەی ژن دروست بووە، بۆیە ھەمیشە لە مێشک و خەیاڵی کوڕێکی گەنجدا ژن  پیس و بچوکە.

لە کۆمەڵگای سروشتیدا خوێندنگە لەسەر کۆمەڵگاو ژیان کاریگەری ھەیە، لە سیسەمی کۆمەڵگای دەوڵەتیدا چاندی کۆڵان کاریگەری لەسەر خوێندنگە دەکات لەبەر ئەوە ژن بۆ گەنج لە کۆڵان چۆنبێت لە خوێندنگەش بەھەمان شێوەیە. لەدوای خوێندن ئەو کورە گەنجە لە ھەر پیشەیەکدا بێت لەوێ ژن بەو شێوەیە بەکار دەھێنێت. ئەمرۆش سینەما، میدیا، ھونەر، سیاسەت و خێزان بەوشیوەیە دروستدەبن. بۆئەوەی باشتر تێبگەین، لە خوارەوە چەند نمونەیەک وەردەگرین.

لە سیستەمی پەروەردەدا ژن چۆن  دروست دەکرێت؟

خوێندنگا بۆ ئامادەکردنی منداڵ و گەنجە بۆ ژیان،  چونکە ئەو ئامادەکارییەی کۆمەڵگا دروستی دەکات فراوانی دەکات.  منداڵان و گەنجان میراتی دارستانێکی رابردوون. کۆمەڵگا ھەوڵدەدات ئەو دارستانە بگوازێتەوە بۆ داھاتوو. لە سیستمی کۆمەڵگای سروشتدا خوێندنگا، بنەما راستی و ئەخلاقە؛ چونکە راستی درۆ دەکوژێت، ئەخلاقیش جنێو ناھێڵێت. باڵام –بەداخەوە- لە سەردەمی پیاوسالاریدا بەوشێوەیە نییە، بەڵکو لە راستیدا سنوردارکردن و کۆنترۆڵکردنی ژنە؛ بۆ نموونە  پیاو ھەر کات لەدەرەوەیە ژنیش لەمالەوەیە، بەڵام پیاو وەک گەورەی ماڵ  و خاوەن بڕیار قبوڵکراوە. ماڵ یان خانوو بۆ ژن دەبێت بە قەفەز، لەناو ئەم قەفەزەدا رێساکانی ژن، خواردندروستکردن و ئاگاداربوونی منداڵە. ئەو راستییە لە قوتابخانەی ئیلاھیات و قوتابخانەی کۆماریشدا ھەمان شتە. ئەم جۆرە لە تێگەیشتن و زیھنیەت لە وانەکانی خوێندنگادا دەخوێندرێن.  پیاو ھێزە و ژن لاوازە، بۆیە کاتێک ھێز پێویست بێت دەبێت ژن چاوەڕوانی دەستی پیاو بێت. ژن بە گوێرەی ئەو زیھنیەتە خۆی ئامادە دەکات. خێزان وەک دەزگایەکی سیستەم بە پاڵپشتیی قوتابخانە منداڵ دروستدەکات. لە قوتابخانەی ئلاھیاتدا؛ ژن نیوە مرۆڤە کاتێک میرات دابەشدەکرێت ئەو راستیە زۆر باش دەردەکەوێت.  کاتێک ژن لە ماڵ دەچێتە دەرەوە دەبێت رەزامەندی باوک، برا یان مێرد وەربگرێت لەکاتێکدا پیاو پێویستی بە رەزامەندیی ژن نییە بۆ چوونە دەرەوە. .لەبەرامبەر رەخنەی باوی کۆمەڵگا بۆ دایکان و ژنان کە پەروەردەکاری منداڵانن  دەڵێن بۆچی ژنان جیاوازی لە نێوان کوران و کچاندەکەن لە پەروەردەکردنیاندا و دووبارە سیستەم بەرھەمدەھێننەوە سیمۆندۆ بۆڤوار بەو شێوەیە وەڵام دەداتەوە "  ژنان ئەو ماشینە کلتورییە پاسیڤەن کە دروست کراون بۆ چاپ کردن و دروست کردنەوەی ژن لەسەر ھەمان ڕیتم و نۆرم، ژنان لەوەدا گویڕایەڵ نین کە دایکن ، بەڵکە لەوەدا گوێرایەڵن ئەو شتەبن کە کلتورو مێژویی شارستانیەتەکان دروستی کردون."  

کاریگەری میدیا لەسەر دروستبوونی ژن:

کۆمپانیاکان لە تەلەڤیزیۆن و میدیاکاندا ریکلام  لە سەر ھەستیاری مرۆڤ دروستدەکەن.  یاری بە ھەستی مرۆڤ دەکەن سەرنجی مرۆڤ رادەکێشن بۆسەر کاڵاکان و ھەڵوێستێکی ئەرێنی دروست دەکەن و بازار بۆ بەرھەمەکانیان پەیدا دەکەن. لەھەر جێیەکی مۆڤ لاوزی ھەبێت بۆ کڕیار لەوێ بانگەوازی دەکەن. بەتایبەتی لە ریکلامدا کاریگەری زایەند پەرستی دەبیندرێت  ژن وەک کارکەری ماڵ، مەتبەخ، خزمەتکاری مێرد نیشاندەدرێت لە سیستەمی کۆمەڵگای دەوڵەتدا لە بەرامبەر ژن  بەوشێوەیە بە دروستکردنی ھەستێکی ناسروشتی لەلای تاکەکانی کۆمەڵگا بازار دروست دەکرێت بۆ نمووونە دەتوانین ریکلامی بۆن نیشان بدەین. بەپێی ئەو ریکلامە  ژن و پیاو بۆ جوانبوونیان خۆیان قەرزداری ئەو بۆنە دەبیننن وەھای نیشاندەدەن  کە کاتێک ژن ئەو بۆنە لەخۆی دەدات لەبەر چاوی پیاوە جوان دەبێت، لە راستیدا ئەو بۆنە پیاو مەستدەکات بەڵام،  ژن وادەزانێت ئەو خۆیەتی کە پیاوەی مەستکردووە. لێرەدا راستی ژن وەک شوشەی بۆنەکەیە چونکە،  پیاو بۆ بۆنەکە مەستبووە کاتێک بۆن تەواوبێت  ئەوکات شوشە دەبێت چیبێت!  نموونەیەکیکە ریکلامی ئۆتۆمۆبێل، لەپێشی ئۆتۆمۆبێلەکاندا ژنی جوان دادەنێن، بۆچی؟  دەیانەوێت بە پیاوبڵێن بڵێن مرۆڤ بوون بەس نییە ، ئەگەر ژنێکی وات دەوێت پێویستە ئۆتۆمبێلێکی بەو شێوەیەت ھەبێت! بۆ ھەموو ئەو جۆرانەی ریکلام کە لەسەرەوە باسکران ھێمای زایەندی لە ناویاندایە. ژن جوانن، سادەن، لاوازن پیاو جووانن، سەرنج راکێشن، بەھێزن بە گشتی جلی نوستن دەپۆشن. ئەوە سیاسەتی کاپیتالیزمی کۆمپانیاکانە بە ریکلام مرۆڤەکان لەسەر چێژی زایەندی سەرخۆشدەکەن و بازار بۆخۆیان پەیدادەکەن.

لە بەرنامەکانی تەلەفیزیۆندا  لە سەدا ھەشتاو پێنج ژن پێشکەشکارن . بێگومان ژنانیش وەک پیاوان دەتوانن بەرنامە پێشکەش بکەن، بەڵام لەبەرنامەکاندا ئەستاتیکی ژن نیشاندەدرێت راستی کۆمەڵگای دەوڵەتی بەوشێوەیەیە ئەقڵی پیاوسالارییە، ژن بەرنامە پێشکەش ناکەت بەڵکو، بەرنامە ژن پێشکەشدەکات.! بۆیە بۆ بینەری زیاتر ژنی جوان دادەنێن لەبەر شاشە. ئەو راستییە بۆ بەرنامەی نوچە، ھونەر و مەگەزینیش وەھایە. بۆ نموونە بەرنامەی خواردن دروستکردن ببینن وەک ئەوەی خواردن دروستکردن تەنھا کاری ژن بێت، ھەرئەوەندەنا شتێکی سەیر ئەوەیە کاتێک مرۆڤ تەماشادەکات گەلێک سەوزە لە بەرنامەدا وەک ئۆبژەیەکی سێکسی نیشاندەدرێت. وەک ئەوەی سێکس و خوارن یەک بێت. لەو بەرنامانەدا ژنیش وەک خوارن پێشکەش دەکرێت.

لە سیستەمی کۆمەڵگای دەوڵەتیدا ئەقڵی پیاوساللاری لەسەر بەرنامەی مەگەزین کاریگەری زۆرتری ھەیە. لەم سەردەمەدا ژن کەوتۆتە ئاستی تەماشاکردن. تەماشاکردنی پیاو بۆ ژن زۆر گرنگە.  بێگومان پیاویش دەکەوێتە ھەمان ئاستەوە بۆیە دەتوانین بلێین ئەو بەرنامانە لە ناو پیاودا ژن لەناو ژندا پیاو دروستدەکات. کاتێک ژن جلوبەرگێک لەبەردەکات، بە چاوی پیاوی دەوروبەری لەخۆی دەڕوانێت. کاتێک سەیردەکات بەخۆی دەڵێت  ئایا پیاو چۆن دەیبینیت جوانی خۆی لە چاوی پیاوی ناوخۆیەوە دەبینیت، بەگوێرەی ئەوە خۆی دەگۆرێت. بەتایبەتی ئەو راستییە لە بەرنامەی مەگەزیندا دەبینرێت بەرنامەی مەگەزین ھەوڵدەدەن ژنی مۆدەو مۆدێل دروستبکەن ئەم کاریگەرییەیەش وەک مۆدێل و شارەزابوون نیساندەدەن بۆیە رۆژانە چەندەھا جار ریکلام پێشکەشدەکەن.  بە ھەزاران ژن ھەتا لەو ئاستەی مۆدێلبوونەدابن زۆر جار نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن. لێرە سروشتی بوون ون دەبێت لە جەستەی ژندا.  ژن کچانی گەنج مۆدێل ومۆدە دەبێت بە نموونە بۆیان بۆیە زۆرێک لە ژنان راستی جەستەی خۆیان قبوڵناکەن بەڵکو، ھەوڵدەدەن خۆیان وەک وەک ژنێکی ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتاڵی لێبکەن بێگومان ئەمە راست نییە چونکە، ھەر گوڵێک  لە باخچەی خۆیدا جوانە.

ئەو لێکۆڵینەوە مێژووییانەی لەبارەی کۆمەڵگای سروشتیەوە تا ئێستا کراون ئەوەی دەرخستووە کە خۆ جوانکردنی ژن تەنھا بۆ پیاو نەبووە بەڵکو،  ژن خۆیەتی خۆی خۆشدەوێت وە بۆ خۆی خۆی جوان دەکات لەناو ئەو ژنەدا پیاوێک نەبووە جوانی ئەو ھەڵسەنگێنێت پێویستە ژنانی سەردەمی ئێستا خۆیان لە ڕوانینی پیاوی ناو خۆیان رزگاربکەن. کاتێک ژن پیاوی ناوخۆی فرێدا ئەوکات خۆی دەبێت خۆبوونی ژن ئەوەیە.