سەردێڕ:

‎چەند پەیڤێک دەربارەی ژنۆلۆژی

1/12/2021 10:26:48 PM
5802 جار خوێندراوەتەوە
هاوژین زیبا
+ -

ژنۆلۆژی زانستی ژن و هاوژیانی ئازادە، زانستێکە کنە و پشکنین بۆ ژیان و مێژووی ژن دەکات و لە هەموو ئەو زانیاریانە دەکۆڵێتەوە کە لەو بارەیەوە هەن و بە چاوێکی رەخنەییشەوە تەماشای ئەو پێناسانە دەکات کە لە دەرەوەی ژن بۆی دیاریکراوە. بە واتنێکیکە ژنۆلۆژی سازیی بوونی ناسنامەی ژنە.

ژن، لە کۆمەڵگای کوردی و جیهانیدا، هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتێکی ترەوە (دەسەڵاتی ئایین، خێڵ، دەوڵەت و سەرمایەداری کە سەرجەمیان بەگشتی کۆمەڵێک دەسەڵاتی پیاوسالارانەن) ناسنامەی دیاریکراوە، هەمیشە لەلایەن قەڵمڕەوییەک لە دەرەوەی خۆیەوە ئەرک و مافەکانی دیاریکراوە و تێگەیشتنێک بۆ ژن بەسەر ژندا سەپێنراوە لە دەرەوەی سروشت و بوونی خۆیەوە بووە، بۆیە هەمیشە نامۆ بووە پێی، هەر ئەمەشە وایکردوە ژن خۆی نەناسێت، لە سروشت و بونیادی خۆی تێنەگات و نەتوانێت وزەی خۆی بەگەڕبخات و بەو جۆرە وێنای خۆی بکات کە هەیە. ژنۆلۆژی وەڵامە بەو دۆخە، هەوڵێکە بۆ ناسینی ژن لەناو خۆیدا، تێکۆشینی ژنانەیە بۆ دۆزینەوە و بەیانکردنی ناسنامەی ڕاستەقینەی ژن و فڕێدانی ئەو ناسنامە نامۆ و دەرەکییەی بەسەریدا سەپێنراوە.

بۆچی ئەمە بۆ ژن پێویستە؟

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تا ئێستا بە شێوازێكی دسپلین و فەرمی ژن و دنیای ژن تۆمارنەکراوە. لە بواری زانستیدا ژن بە تەنها لە ژێر ناوی ژنەكۆلێژیدا باسكراوە، پاشان بزوتنەوەی فیمینیزم بە پێشەنگایەتی کلارا زیتکن، ئیما گۆڵدمان، جێرماین گرییر، سیمۆن دیبۆڤوار و زۆر ژنانی دیکە هەوڵیاندا كە دنیای ژن، دەنگ و رەنگی ژن، ناسنامەی ژن سەربەخۆ بكەن، بەڵام بەهۆی دابشبوون و پارچە بوونی بزوتنەوەی فیمینیستی لە جیهاندا ئەم هەوڵە تاکو ئەمرۆش سەركەوتوو نەبووە. ئەم دابەشبوونە لە وشەسازی سیاسیشدا دەبینرێت ئەوەتا فیمینیزم بەسەر فیمینیزمی سۆسیالیست، فیمینیزمی لیبراڵ، فیمینیزمی رادیکاڵدا دابەشبووە.

گەر چاوێک بە مێژوو بخشێنینەوە، رەنگ و هێزی ژن لە هەر جێیەكی ژیاندا دەبینینەوە:  لە ئەدەبیات و ئابووری و سیاسەت و دیبلۆماسییەوە تا دەگات بە بەرێوەبردنی وڵات ژن بە هەوڵ وتێکۆشانی خۆی بەردەوام بووە بەڵام دەسەڵاتی پیاوسالاری نەیهێشتووە  ئەم رەنجە بە شێوازێكی زانستی تۆمار بکرێت.

‎هەر دەوڵەتێک دروستبووبێت، لە هەرجێیەک شوڕشێك بەرپا بووبێت، ژن رۆڵی هەبووە و بەشدار بووە، بەڵام نەبیندراوە و هەمیشە  لە پشتی پەردەوە ماوەتەوە؛ بۆ نموونە ئیلیانور رۆزڤێلێت یەکەم کەسبوو کە جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و قبوڵکرا، ئەمرۆ هەموو وڵاتان ئەو پەیماننامەیە دەناسن، بەڵام کەم کەس ئیلیانور رۆزڤێڵێت وەک داڕێژەری جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ دەناسێت، پتر وەک خانمی یەکەمی ئەمریکا و لە سێبەری سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا فرانکلین رۆزڤێڵت دەناسرێت.

ئەمرۆ ژنۆلۆژی ئەو كەمتەرخەمییە چارەسەر دەكات، ‎ئیدی ژن بە شێوازێكی زانستی لە ژێر ناوی ژنۆلۆژیدا گفتوگۆ دەكرێت. لە بەرەبەیانی مێژووە تا ئێستا، لە هەر جێیەكی جیهاندا و لە هەر پێشكەوتنێكدا ژن هێز بووبێت و رەنجی دابێت، هەمووی لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا زیندوو دەبێتەوە و ژنۆلۆژی دەبێتە ئاوێنەی جیهانی ژن. لەلایەکی دیکەوە ژنۆلۆژی پارادیگمای لێگەڕینی ژنانی ئازادە.

لە ساڵی 1785 بەدواوە تا ئێستا زۆر جار سمینار، پانێڵ، کۆنفرانس و زۆر چالاکیی تر وەک پلاتفۆرمی فیمینستی دروستبووە، بەڵام بەداخەوە ئەو پلاتفۆرمانە بەشێوازێکی فەرمی نەبوون بە دیکۆمێنتی پەروەردەیی  لە زانکۆکاندا جێنەکەوتوون. ئەمرۆ هەوڵدەدرێت ژنۆلۆژی لە سەرجەم زانکۆکاندا بە فەرمی بناسرێت و وانەی ژنۆلۆژی بخوێندرێت هەر بۆیە بۆ جاری یەکەم بە شۆرشی رۆژئاڤا لە رۆژئاوای کوردستان فاکڵتە، ئینستوتی ئاندریا ۆڵڤ و گوندی ژنوار دامەزرا. لەسەر ئەو بنەمایە لە باکوری کوردستان و ئەروپا ئەکادیمیای ژنان دروستکران، لە ئێستادا زۆرێک لە ئەکادیمیەکان، پرۆفیسۆر و مامۆستاکان دەیانەوێت ژنۆلۆژی لە زانکۆکانی جیهاندا بوترێتەوە و بناسرێت، بەڵام تا ئێستا ئەم خواستە لە لایەن لیژنەی زانکۆکانەوە نابیندرێت.

ژنۆلۆژی بە تایبەتمەندییەکانیەوە، رۆڵی زانکۆیەکی سەربەخۆ دەبینێت. بە پانێڵ، سمینار، گۆڤار، ماڵپەر، ناوەندی پەروەردەیی و زۆر شێوازی دیکە  پێشدەکەوێت، لە زۆر وڵاتان بە سەدان ژن دێن بۆ ئەو زانکۆیە و ژن و ئابووری، ژن و مێژوو، ژن و خۆشەویستی، ژن و سیاسەت، ژن و زانست و زۆر لایەنی دیکەی ژیان و ناسنامەی ژن دەناسن. دەتوانین بڵێین ئەو ژنەی کە بەشداری ئەو زانکۆیە دەبێت سەرلەنوێ خۆی دەناسێت و هێزی خۆی دەبینێت و ئاشکرا دەکات. ئەو زانکۆیە گرنگی نادات بە بینای بەرز و گەورەی سەردەم، بەڵکو هاوشێوەی پلیکانەکانی سوکراتە، وەک باخچەکانی ئەریستۆیە، تەنانەت ئەگەر لە چادرێکی پەنابەریشدا بێت خۆی پێشدەخات.

وەک دەزاندرێت لەناو کۆمەڵگادا و لە سایەی سیستەمی دەوڵەتدا مرۆڤەکان بەسەر زاناو نەزان، بە ئاگاو بێ ئاگا، خوێندەوار و نەخوێندەوار، پارەدار وبێپارەدا دابەشکراون. ژنۆلۆژی ئەم دابەشبوونە ڕەتدەکاتەوە و خۆی بە هی هەموو ژنان دەزانێت، بۆیە ژن لەناو سیستەمی دەوڵەتدا خوێندەوار بێت یان نەخوێندەوار ئەو لەخۆی دەگرێت و هەتا ئەو ژنە خۆی پێش نەخات دەستبەرداری نابێت. بۆیە دەتوانین بڵێین دەرگای ئەو زانکۆیە بۆ هەموو ژنان کراوەیە.

لە کورستانیش هەر ژنێک دەیەوێت خۆی بناسێت، دەیەوێت لە هەر بوارێکی ژیاندا هێزی خۆی ببینێت، پێویستە سەردانی ئەو زانکۆیە بکات. ئەگەر ئەو ژنە ئەکادیمی بێت یاخود کارمەند یان لە ناوماڵ، لە هەر تەمەنێک و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و حزبیدا بێت، پێویستە هەوڵبدات لەو زانکۆیەدا وانەی ژنۆلۆژی بخوێنێت. بێگومان زوو یان درەنگ ڕاستیی ژنۆلۆژی لە لایەن  دونیاوە قبوڵدەکرێت، لێ ئەگەر ژن لەم بوارەدا بەشداری زیاتر بێت، زووتر ئەو ڕاستییە دەناسرێت و قبوڵدەکرێت، ئەگەریش ژنان کەمتەرخەم و خەمساردبن بەرامبەری، بێگومان ئەو رۆژە دوادەکەوێت.