سەردێڕ:

کولتوورێکی ژنانە دەبێت چۆن بێت؟

3/17/2020 2:03:06 PM
8807 جار خوێندراوەتەوە
هاوژین زیبا
+ -

کولتوورێکی ژنانە، سەربەخۆ لە پێوەرە پیاوانەکان، دەبێت چۆن بێت؟

گەر لە پێناسەی گشتیی کولتووردا بگەین بەو ئەنجامەی کولتوور "بریتییە لە کۆی ئەو مەعریفە و بڕوا و ھونەر و ڕەوشت و یاسا و داب ونەریت  و ھەر توانا و خوویەکی تر کە تاکی مرۆڤ وەکو ئەندامێکی کۆمەڵگا بووەتە ھەڵگری"(١) و لەسەری پەروردە بووە، یاخود "کولتوور بریتییە لە شێوازی ژیان بە ھەموو بوارەکانیەوە و تێروانین بۆ بونەوەر و سروشت و کۆمەڵگا و مرۆڤ و مێژوو، سەرەتا و ئێستا وسەرەنجامی ئەمانە"(٢)، بەکورتی کولتوور واتە "ڕۆحی کۆمەڵگا". 

گەر لێرەوە بڕوانین دەبێت کۆمەڵگایەکی پیاوانەی دەسەڵاتخوازی بە دەزگابووی مێژوی چەند ھەزار ساڵی ڕابردوو چیی پێ بێت و چۆن بڕوانێت بۆ پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، لە کاتێکدا بە درێژایی ھەبوونی لە ھەوڵی پەراوێزخستن و نەبینین و لاوازکردنی ڕەگەزێکیدا کاری کردووە کە ڕەگەزی (ژن) ە، ئەو ڕەگەزەی کە لە ھەموو بوارەکانی وەکو مەعریفە و بڕوا و ھونەر و ڕەوشت و یاسا و داب‌ونەریت، یان بەگشتی ھەموو شێوازەکانی ژیان بە ھەموو بوارەکانیەوە، بێبەش کراوە یاخود پەراوێز خراوە، لەگەڵ ئەو ڕاستیەدا کە ژن ئەو بوونەیە وزە و تایبەتمەندییەکی جیاوازی ھەیە، و لێوەشاوەیی و تواناکانی ئەوە نیشان دەدەن کە ژیان بەبێ ژن واتایەکی نیە و نەدەبوو. 

گەر بتوانم شوبھاندنێک لە نێوان دۆخی ئێستای ژنبوون و شرۆڤەیەکی بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)دا بکەم بۆ کولتووری کۆمەڵگا کاتێک دەڵێت: "دوای پەرتەوازەبوونی کۆمەڵگایەک لە بواری دامەزراوەییەوە چیتر ناکرێت باس لە واتا و کولتوورە بەرتەسکەکەی بکرێت، لەو دۆخەدا دامەزراوە وەک جامێکی پڕ ئاو وایە، ئاشکرایە دوای شکانی جامەکە ناشێت باس لە ھەبوونی ئاوەکە بکرێت، تەنانەت ئەگەر باسیش بکرێت؛ ئیتر بۆ خاوەنی جامەکە ئاو نییە، بەڵکو توخمێکی ژیانە کە بۆ خاکێکی دیکە یاخود جامی کەسانی تر ڕژاوە"(٣)، کە ئەم شرۆڤەیە تا ڕادەیەکی زۆر لە دۆخی شکاویی کەسایەتی و کولتووری ژنانەوە نزیکە ، و ئەگەر لەم شرۆڤەیەوە لە دۆخی ئێستای ژنان بڕوانین کە بەرھەم یاخود ئەنجامی ھەزاران ساڵەی کولتووری پیاوسالارییە.

ئایا ئەو ڕاستییە نابینینەوە کە کەسایەتیی ژن بەردەوام شکێنراوە و وزە و تیبەتمەندیی بوونەکەی وەکو مرۆڤێک لێ ڕژاوە و لێی شێوێندراوە؟ کەسایەتیی ژن، دنیابینیی ژن، خۆشەویستی و ھونەر و ڕوانینەکانی لە ناو چوارچێوەی ژنبووندا، بە چەندین شێوە لە لایەن دەزگاکانی کۆمەڵگای باوی چەند ھەزار ساڵەوە تێک شێکنراوە، بێجگە لە خۆی بۆ ھەر مەبەستێکی دیکەی کۆمەڵگا و دەزگاکانی کۆمەڵگا سودی لێ بینراوە، لەم شێوازانە: لۆمەکردنی کەسایەتی و کارەکتەری ئێستای ژن و ڕەخنەلێگرتنی  و بەرپرسیار بینینی ژن خۆی بەرامبەر بە پەلاماردان و توندو‌تیژییەکان (لەگەڵ ئەو ڕاستیەی کە ژن بەڕاستی کەمتەرخەمبووە لە کاری پێویستدا بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتیەکان)، سەپاندنی کۆمەڵێک تێڕوانینی نادروست بەسەریدا (بە نموونە: "ژن لە پەراسووی ئادەمەوە دروستبووە، و پەراسوش لار و خوارە و ڕاست ناکرێتەوە و ھەر بە خواری دەمێنێتەوە"، "پیاو سەردار و سەرپەرشتیارە بەسەر ژنەوە: الرجال قوامون علی النساء"، بۆیە دەبێت ژن ملکەجی پیاو بێت  و "ژن زەعیفەیە" و "ماڵەوە بۆ ژن و دەرەوەیش بۆ پیاو" و "ژن ناقس عەقڵە"، و...ھتد).

ھەموو ئەم تێڕوانینانە ئەگەرچی لێکدانەوەی جۆراوجۆریان بۆ کراوە، بەڵام ئەگەر بەوردی لێیان ورد ببینەوە و تێیاندا قووڵ ببینەوە، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمانە ھەموویان خزمەتکردنن بە ڕەوتی ماشێنی پیاوسالاری و زیاتر وێنەی ژن وەکو کارەکتەری لاوەکی و پەراوێزی لە کۆمەڵگادا دەچەسپێنن و ژن وەکو بونەوەرێک دەخەنەڕوو کە پێویستە بۆ تەواوکاریی ژیانی پیاو، بەڵام ھەڵگری کۆمەڵێک کەم وکووڕیی سروشتیە کە چارەسەریان نیە و ژن دەکەن بە پاشکۆی ژیانی پیاو و بەشێک لەو خێزان و "ماڵ و مناڵ"ەی کە پیاو سەرپەرشتییان دەکات، ڕەنگە ھەندێک جار ئەم تێڕوانینە نادروستانە ئاگاداریشیان نەبین و بەبێ مەبەست ڕۆژانە و بەردەوام لە کردار و ڕەفتارماندا دووبارەیان بکەینەوە.
 لێرەدا دیارە ئەوە مەبەست نییە پیاو و ژن بخەینە نێوان دوو بەرداشەوە، یاخود دوالیزمی نێر و مێیەتییەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە بۆ خۆی خزمەت بە پرسەکە ناکات و بگرە ناکۆکییەکانیشیان قوڵتر دەکاتەوە. بەڵکوو مەبەستمانە سەرلەبەری ئەو تێڕوانین و تێگەیشتنە ھەڵانەی سەبارەت بە ژن ھەن؛ دەستکاری بکرێن و بگۆڕرێن، و ڕاستیەکانی ژیان وەکوو خۆیان مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت.

ئێمە بەڕوونی دەبینین ئەم تێڕوانینانە تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامن، ھەروەک لە بەردەوامیی شرۆڤەکانی بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربارەی کۆمەڵگا و کولتور لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا ھاتووە و دەڵێت " تەنھا دەتوانین باسی پەلەقاژەی ئەو بوونە بکەین کە وەک زیندەوەرێک سەری پەڕێنراوە،  بوونێک دونیای زیھنیەت و جوانیی خۆی لە دەست دابێت بە لاشەیەک دەچێت کە بۆ ڕزین و پارچە پارچەکردن و خواردن فڕێدراوە"(٤)، لەم گۆشەنیگایەوە ئەوەی ئێستا دەیبینین ژیانێکە، کولتوورێکە، بەبێ ئامادەبوونی ڕاستەقینەی ژن، ئەو ژنەی ئامادەیە پارچە پارچە بووە، سەری پەڕێندراوە و خاوەنی وزەی تایبەتی ژنانەی خۆی نیە.

لە زۆر کات و بواری جیاوازدا پرسیار کراوە و دەکرێت "ژنان چییان دەوێت؟"، یاخود "مافی ژن چییە". 

ئەگەر بە دیدێکی ورد بڕوانینە ئەم ڕستانە، دەبینین وەکو ئەوە وایە بوونی ژن لە دۆخێکی تەنگەژە و کێشەداردا بێت و پێویستیی بە فریادڕەسێکی وەکو پیاو ھەبێت بە ھانایەوە بچێت تا پێداویستییەکانی بۆ دابین بکات، چونکە کاتێک دەوترێت "ژن چیی گەرەکە" ڕاستەوخۆ بوونی ژن  دەبێتە پاسیڤ و قسەکەر خۆی دەبێتە سەردار و کوێخا بەسەر پرسی ژنەوە، ئا لێرەدا ئەو تێڕوانینە باوانەی بەسەر ژندا چەسپاون پشتڕاست دەبنەوە کە " ژن زەعیفەیە و ناقس عەقڵە"، و "پیاو سەرگەورە و سەردارە بەسەر ژنەوە" وەک لەو دەقەی قورئاندا ھاتووە دەربارەی خێزان و پێگەی پیاو و ژن لە خێزاندا " الرجال قوامون علی النساء" (النساء: ٣٤)، ھەروەھا کێشەی ڕستەی "مافی ژن چیە" ئەمەیە کەسێک (قسەکەرێک و بکەرێکی کولتوور کە عادەتەن پیاوە) دێت خۆی لە جێی ژن مافی ژن دیاری دەکات، ڕۆڵی قسەکردن و داواکردن لە ژن دەسەنێتەوە، و ھەر لێرەوە مافگەلێکی بۆ دادەنێت کە لەژێر سایە و دەسەڵاتی پیاودا بیھێڵێتەوە، بە دیدێکی کۆنەپارێزی کە وەک کۆیلە مامەڵە لەگەڵ ژندا دەکات و تەنھا وەک بابەتی ئارەزوو و ئامڕازێک بۆ خۆبەرھەمھێنانەوە و خزمەتکردن دەیبینێت، ئیتر مافی ژن ھەر ئەوە دەبێت کە لە ماڵدا بێت و کارێکی دیاریکراوی لە ماڵەوە ھەبێت و دڵی پیاو ڕازی بکات لە خۆی، سەرباری سەرمایەدارییش کە وەک کاڵا و بووکەڵەی سێکسی مامەڵە بە ژنەوە دەکات و تەنھا وەک جەستە و ھێزی کار لێی دەڕوانێت و لە کۆیلایەتییەکی مۆدێرن زیاتر ھیچی تری پێ نەبەخشیووە و مافی ژن لە جەستە و پەیوەندی زایەندی ئازاددا دەبینێت.

ژن بەگشتی و لە بنەڕەتەوە بونیادێکی کێشەداری لە ڕووی بایەلۆژی و عەقڵییەوە نییە تا کەسایەتی پیاو خاوەندارێتیی پرسی ژن بکات، کە دەڵێن " ژن چی دەوێت " واتا نەفی وزە و توانای خودی ژن کراوە، ژن کراوتە بەرکار، و پرسیارکەریش بووەتە کارا، ئەمەیش بۆ خۆی ھەیمەنەی عەقڵییەتی نێرسالارانەی پیاوە بەسەر ژنەوە و ھێنانەوەی ئەوە بۆ ژێر سایە و سێبەر و دەسەڵاتی خۆی، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە پرسی ژن و داواکارییەکانی ژنان، پێویستە بڕوانینە  ئەو وزە و لێھاتوییەی ژن وەکو ڕەگەزێکی مرۆڤ کە لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە لێی ڕژێنراوە و خراوەتە ئەم دۆخەوە کە ئەنجامی ھەموو ئەو کارانەی ھەزاران ساڵی ئەم کولتوورەیە کە بەردەوامی بە خۆی دەدات بە شێوازی جیاوازجیاواز، بۆ ئەمەش کار و تێکۆشان پێویستە تاکو وزە ڕژاوی ژن، توانای تایبەت و تێڕوانین و زیھنیەتی ژن لە کەسایەتیی ژندا، بە خەباتی ھاوبەشی ژنان، کۆنەبێتەوە، رەنگە باسکردن لە چارەسەرکردن و وەڵامدانەوەی پرسیاری " ژن چی دەوێت " یاخود "مافی ژن چییە" بەرەو شێواوی و ڕێگەی ھەڵە و دادوەریی نادروستمان بەرێت، بۆیە دەکرێت پرسیارەکان بگۆرین بەوەی "ئێمەی ژنان دەبێت چی بکەین" و "دەمانەوێت چی بونیاد بنێین؟". بۆیە دروستکردن و نوسینەوەی سەرلەنوێی مێژووی پێویستە لە لایەن ژنان خۆیانەوە، بە کارکردن و خەباتی نەبڕاوەی بێ‌ماندوو‌بوونی ھاوبەش، بە ڕێگا و شێوازی ھەمەجۆر و ھەمەلایەن لە سەرجەم دام ودەزگاکانی کولتووری کۆمەڵگای پیاوسالاریدا." کولتووری ژنانە" چەمکێکی گەورەیە کە دەبێت چەند جاری تر بگەڕێمەوە بۆ زیاتر پەرەپێدانی، و لەم وتارەدا بەم کورتەیە دەست ھەڵدەگرم.

١-( بۆ پێناسەکەی زانای کولتوورناس و مرۆڤناسی گەورەی ئینگلیزی (ئیدوارد تایلۆر) بۆ کولتوور بڕوانە:
Tylor, Edward Burnett, Primitive Culture: Researches into the Development of Mythology, Philosophy, Religion, Art, and Custom. New York: J. P. Putnam's Son. ١٨٧١. Vol. ١, p. ١.

٢ -( پێنجوێنی، سەروەر، ئایین چیە؟ بلۆگی نووسەر٢٠١٢).
https://sarwar-penjweni.blogspot.com/٢٠١٢/٠٥/blog-post_١٩.html
٣ -( عەبدوڵا ئۆجالان، دۆزی کورد و ڕێگەچارەی نەتەوەی دیموکرات  لا٢١). 
٤-( عەبدوڵا ئۆجالان، ھەمان سەرچاوە. لا٢١).

 

‌بەپەلە