سەردێڕ:

هێلی لۆڤ لە دۆخی ئەو کەوەدایە لە قەفەزدا دەخوێنێت بۆ ڕاوکردنی هاوڕێکانی!

12/16/2019 8:03:33 AM
15809 جار خوێندراوەتەوە
هاوژین زیبا
+ -

ھێلی لۆڤ دەڵێت کاتێک تاج لەسەر دەکەم؛ پیاوان کڕنووشم بۆ دەبەن. دەکرێت بپرسین: کام پیاوانەن کە کڕنووش دەبەن؟ ئاخۆ ئەم قسەیە چەندە ڕاستە؟ ئەو زەمینەی تێیدا کڕنووش بۆ ھێلی لۆڤ دەبرێت بەرھەمی فکر و دەسەڵاتی کێیە؟ بەرھەمی ھێلی لۆڤە یان بەرھەمی ئەو پیاوانەیە؟ ئەگەریش ڕاست بێت چی پەیوەندیی بە ئازایەتییەوە ھەیە؟ ئایا کڕنووش بۆ خۆی گوزارشت لە کۆیلەبوونی کەس یان گرووپێک ناکات؟ ئایا باسی کام تاج دەکات؟ ھەروەکو ئەوەی کاتێک باسی یەکسانبوونی ژنان لەگەڵ پیاوان دەکرێت؛ دەپرسین: ئایا ژنان لەگەڵ کام پیاوانە دەیانەوێت یەکسان بن؟ ئایا زیھنیەتی پیاوسالاری پیاوان تێیدا چەندە وەک مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن کەسایەتی پەروەردە دەکات؟ ئایا پیاوانیش قوربانیی ناو ھەمان سیستەم نین؟ 
دەرکەوتنی ھێلی لۆڤ لە دوایین کاریدا، سەرجەم شێوازەکانی فریودانی ژن و کۆیلەکردنی لە قەفەزی زێڕیندایە. جەستە و فۆرمێکی دیکەی سێکسیتربوونی ژنانە و ھێلی ڕۆڵی ئەو کەوەی ناو قەفەزی پێ دراوە کە بەندکراوی ڕاوکەرەکەیەتی و دەخوێنێت بۆ ڕاوکردنی ھاوڕێ کەوەکانی دیکەی.
لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی ھێلی لۆڤ دەیکات و دەیڵێت؛ گوزارشتکردنە لە کۆت‌و‌بەندبوونی ژنێک لەناو سیستەمێکی کۆیلایەتی و سەرمایەداریی پیاوانەدا کە ژن تێیدا کاڵایەکی خۆشی کەم بەھایە. ئەم تێگەشتنەش بۆ بارودۆخی ژن؛ بێ گومان پێویستی بە تێپەڕکردنی ھەندێک بنچینەی سەرەتایی وابەستە بە پیاوان، واتە بنەماڵە، چین، نەژاد، یان کولتوور، لە لایەن ژنان خۆیانەوە، دەبێت.
لەبری سوکایەتی پێ کردن و دژایەتی کردن، یاخود بە گەورە زانینی ژنانی دیکە؛ دەبێت وەک قوربانییەکی سیستەم تەماشا بکرێت و ھەوڵەکانی ئەم ڕەگەزەی مرۆڤ کە ژنانن کار  بۆ ڕزگارکردن و ھۆشیارکردنەوەی بکەن. بێ گومان ئەمەش کارێکی ئاسان نییە و خەباتێکی بێ ‌وچان و نەبڕاوەی پێویستە.
بەشێک لە فیمێنیستەکان دەڵێن، "ژنان لە جیھاندا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەر بە چ چین و نەژاد و تەمەن و ئەتنیک یان نەتەوەیەک بێت؛ لایەنی ھاوبەشی زیاتری لەگەڵ ژنانی دیکەدا ھەیە بەراورد بە پیاوان".
کاتێک ئاستی ھۆشیاریی ژنێک بەرز دەبێتەوە؛ خۆی و ژنانی دیکە وەک کەسانێکی سەر بە گرووپێکی سوکایەتی پێکراو دەبینێت و خۆی بە بەرپرس دەبینێت بەرامبەر بە گۆڕینی بارودۆخەکە.
لەژێر سایەی پیاوسالاریدا ھەموو ژنان ئەزموونی ھاوبەشیان ھەیە. ژنانی سیاسی لە ناوەندی بڕیاردا نین. ژنانی ناو پارت و حزبە سیاسیەکان ڕێگەیان پێ نادرێت لە دەرەوەی ئەجێندای حزبەکەیان بۆچونێکی جیاوازیان ھەبێت بۆ ڕووداوەکان و بۆ کۆمەڵگا و ـ بەتایبەت ـ بۆ پرسەکانی ژن. لەناو ڕێکخراوەکاندا ژنان بە ھۆی دەسەڵاتی حزبەکانەوە ناتوانن لە یەکدی نزیک ببنەوە و کاری ڕێکخستنی ژنانە و ھاوبەش ئەنجام بدەن. لە ماڵەوە و لە فەرمانگە و ناوەندەکانی کارکردندا بە ڕێگە و شێوازی جیاواز لە لایەن زیھنیەتی پیاوسالارییەوە دەچەوسێنرێنەوە. جیاواز لە سەرجەم بوارەکانیش؛ ھونەر بووەتە شوێنی نمایشی جەستەی ڕوتی ژن و، بەردەوام سیستەم لە ڕێگەی ھونەرەوە فۆڕم و شێوازی جیاواز-جیاواز بۆ جوانی و سێکسیتربوونی جەستەی ژن دەخاتە بازاڕ و بەرچاوی کۆمەڵگا.
ئەم دۆخە کە لە کۆمەڵگای باشووری کوردستاندا زۆر بەڕوونی بەردەوامە؛ بەشێک لە پیاوان و ھەندێک لە ژنانیش بە کەمتەرخەمیی ژنان خۆیانی دەبینن تا ئەو ڕادەیەی دەوترێت ژن بۆ خۆی کۆیلەبوون و ئەو شێوازە لە ژنبوونی پێ خۆشە! بەڵام ئەمە ھیچ لە ڕاستیی جەوھەری ژن ناگۆرێت، کاتێک بە ئیرادەی ژن‌بوون و توانا و لێھاتوییەکانی خۆی ڕێکدەخات و دەبێتە پێشەنگی شۆڕشی ئازادیی مرۆڤ. نموونەی ژنانی ڕۆژئاوا و شەڕڤانان کە ئێستا لە بەرەکانی جەنگدان دژ بە داگیرکاری و ئەقڵیەتی فاشیزم؛ نموونەیەکی جێی شانازییە کە لە ھەموو جیھاندا نکۆڵیی لێ ناکرێت.  
ژنبوون لە جیھاندا و لەناو سیستەمی سەرمایەداری و بەکاڵابوونی ژندا؛ مێژوویەکی دورودرێژی ھەیە و، بە جۆرێک بەردەوامیی بە خۆی داوە کە ـ وەکو بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان لە تێزەکانی "ژنۆلۆژی"ـدا بۆ ڕزگاریی ژن ئاماژەی پێ دەکات ـ ژنان نایەتەوە بیریان کە چییان لە دەستداوە، لە کوێ و چۆن لە دەستیانداوە، ھەر بۆیە ژنێتییەکی دەستەمۆ و ملکەچ بە دۆخێکی سروشتی لە قەڵەم دەدات!
بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگا دەکرێت گەڕانەوە بۆ مێژوو و دۆزینەوەی سەرەداو و ڕەگ‌و‌ریشەی کێشەکان لە مێژووی پێنج ھەزار ساڵەی زیھنیەتی پیاوسالاریدا و تێکۆشان بۆ ڕزگاربوون لێی لە لایەن ژنان و پیاوانەوە؛ ڕێبازێکی دروست بێت.