سەردێڕ:

تەوافوقی_نەوتیی ھەڵبژاردنی ئایندە دەباتەوە ؟

4/12/2021 11:09:11 PM
4393 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدولەتیف
+ -

بە مەفھومە سیاسیەکەی عێراق بەتەواوی دابەشبوە بۆ ھێزو بلۆکە گەورەکانی نەوت و سەرباز، ھەر ئەوەش زامنی ھەڵبژاردنی ئایندە دەکات ئیتر مانایەک بۆ چەمکەکانی دوای رێنیسانسی ئەوروپی و شۆڕشی ڕۆشنگەریی فەرەنسی و دیموکراسیەت نامێنێتەوە، ئەوەش کە باسی ئەو خەون و چەمکانە دەکات لەناو ئەو جەنگەڵە پڕفاشیزمە ئاینییەی عێراق سەرکێشی و شەڕێکی دۆڕاو دەکات بۆیە یان لەگەڵ بلۆکی گەورە خۆت تەیارو ڕێک بخە یان ئۆپۆزسیۆنێکی جددی بە، بەڵام پیاوبەو بەدەنگی بەرز ! 
 عێراق چیتر وەک دەوڵەتێکی دیموکرات و خاوەن سەروەریی و دەستوریی و بریاردەر کۆتایی ھاتوە، ئەوەی ئێستا کاری پێ نەکرێت دەستورو یاسا مەدەنیەکان و تۆلێرانسە. ئەوەش کاری پێ دەکرێت شەرعیەتی شۆرشگێریی و ھەژموونی حیزبی و مەزھەبییە. ئەوە ئیتر کۆتاییش دەھێنێت بە ریسکی موزایەداتی سیاسی و پروپاگەندەی حیزبی و پەرلەمانی و پرسی لامەرکەزیەت و بەھەرێمکردن و قاژکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و پرسی موچە کە ھەندێک حیزب و مەندوب بۆ مەرامی ھەڵبژاردن جارناجار دەیکەنە سلۆگان و دروشمی خۆیان و کوللی جارێکیش شکست دەھێنن و دیسان قەوانەکەمان بۆ لێئەدەنەوە. 
رێککەوتن لەسەر بودجە بەتەنھا ڕێککەوتن نەبوو لەسەر داھات و نەوت و رەقەمەکان بەڵکو ڕێککەوتن بوو لەسەر دەسەڵاتەکانی مەرجەعیەتی دینی و نەتەوەیی کوردیی و عێراقی و مانەوەی پێشمەرگەو میلیشیاکانی حەشدو لیواکان وەک خۆی. بەواتایەکی تر تێپەڕاندنی موازەنەی ئەمساڵ داننان بوو بە قەوارە ئەمنی و عەسکەریی و ھەژموونە جوگرافیەکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ئیتر ھەندێک گروپی بچوک نیگەرانن ئەوە ھیچ لە گەمەو تەونەکانی سیاسەت نەگەشتوون.
ئێستا ئیتر شتێک نییە لە ئێستادا ناوی پەیمانی کۆمەڵایەتی و دینی و شەراکەت و تەوافوقی پۆلەتیکی سروشتی بێت. ئەوەی ھەیە تەوافوقی فرۆشتنی نەوت و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داھات و ھەبوونی ھەژمونگەریی سەربازو خاک و پارەیە. وەک بینیمان پرسی ژینگەو کارەباو ڕێگاوبان و کەرتی تەندروستی و ئەنفال و جینۆساید بەتەواوی لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ وون بوو ھیچ ئۆپۆزسیۆن و مەندوبێکیشی نەجوڵاند. ئەوەی ھەبوو لە رابردوو جەنگێک بوو بۆ دەستخستنی زۆرترین بەرژەوەندی حیزبی و کورسی ئایندەی پەرلەمانی و دەبێ لەو ھاوکێشە تێبگەین.
 بۆیە فۆرمی سیاسەتکردن و مۆدێلی حوکمرانی بەتەواوی گۆڕاوەو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی کە نییە دەبێ لەوە تێبگات. مەرج نییە ئەو فۆرمەی عێراق دیموکراسی بێت دەرکەوت دیموکراسیەتی ساختە عێراق بەرێوە دەبات ئیتر لات وانەبێ کوردستان پاریس و لاسفیگاسە. بۆیە باشترە ھەندێک ھاوپەیمانی و بەرەی تازە ئەندێش و خەیاڵاویی، ئەوەندە ئیش لەسەر میزاجی شەقام و ختوکەدانی رای گشتی کوردیی نەکەن بەمەبەستی لێدان لە قەوارەی ھەرێم، سیاسەتکردن بریتی نییە لە دەنگە دەنگ و زاھیرەی سەوتی بەتەنھا بەڵکو ھەندێک جار خۆگونجاندنە لەگەڵ واقیع و خۆنەرمکردنە لەگەڵ سێبەرە گەورەکاندا.