سەردێڕ:

لۆبیی لەبری لامەرکەزیی

5/7/2020 12:08:55 AM
4714 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدولەتیف
+ -

ئێمە دەوڵەت و شکۆی دەوڵەتدارییمان نەبێت، لامەرکەزیی ھیچ مانای نابێت، تەنانەت فیدراڵیەتی ھەرێم لەژێر جەبری ئەو گوتارە فاشیزم و قاسی و ناسیۆنالیزمە نوێیەی شیعەی سەردەستی عێراق، سادە بووەتەوە بۆ لامەرکەزیەتێکی لاواز و خەریکن لە دیدی حکومڕانانی عێراقدا دەیکەنە پرەنسیپ و عەقیدە.

کاتێک دەوڵەتی عێراق خاوەنی مەرکەزێکی مەترسیداری مەزھەبی و تائیفی و نادیموکراسیی بێڕەحم بێت، کەواتە، لامەرکەزیەتی پارێزگاکان دەڕواتە خزمەتی ئەو ئەجێندایە و جۆرێکە لە بێسەنگکردنی ھەرێم و بە کانتۆنکردنی کوردستان.

گەر قورسایی نەتەوەیی و نشتیمانیتان دەوێت، بچن گوتاری نەتەوەیی یەکخەن، کوردان بکەنەوە بە یەک، رێکخستنی کوردانی پەرتەوازە بکەن و لۆبی بۆ بکەن، تاکە نەتەوەی بێدەوڵەت و بێ دەستور، تا ئێستا لۆبی نەکەن و لۆبیستیان نەبێت کوردەکانن، کوردیش ئەوە دۆخەکەیەتی، کە گروپی فشار و بڕیار و کارتی بەھێزی لەبەردەست نییە و ئەوەی ھەیە، زاھیرەی سەوتی حیزبی و ئایدۆلۆژییە بۆ دەستکەوتی حیزبی.
لۆبیکردن.

لە سەدەی بیستەم لۆبیی جولەکە لە جیھان ھێندە بەھێزبوون، کەچی ھەر خەریکی بەھێزکردنەوەی ناوەندی بڕیار و سێنتراڵی خۆیان بوون و داوای بەھێزکردنی کوتلە بچوکەکانیان نەکرد لە جیھان، گەرەکی جولەکان لە ھەڵەبجە ‌و سلێمانی و ھەزاران ماڵباتیان بارگە ‌و بنەیان پێچایەوە و چونە ناو چوارچێوە دەستورییەکەی ئیسرائیل لە پێناو مانەوە ‌و بەرگریی و ئینتیمای دەوڵەتدارییدا، کەچی ئێمە ئەزمونێک دروستبووە لە باشوری کوردستان خەریکین بەو بچوکییە پوازی لێدەدەین و بچوکتری دەکەینەوە بەناوی لامەرکەزیی سیاسیی و ئیدارییەوە، لۆبیی جولەکە ھەتا ئەم ساتەوەختە درێژەی ھەیە لە وڵاتە زیندوەکانی جیھان بۆ گەورەکردنی ئەم خەون و سێنتراڵ و مەرکەزیەتە، لۆبی نەتەوەکانی وەک ئەرمەنی و ئەفغانی و ھیندۆسی و تورکی و عەرەبی و بیانییشیان خستۆتە ناو ئەو ستراتیجەوە، تاکە میللەت و نەتەوەی بێ دەوڵەت تا ئێستا لۆبی نەکات و لۆبیستی نەبێ و پەرتەوازە و بێ گوتار بێت کوردە، کورد لە دەرەوەی حیزب ئەکادیمیایەکی نەتەوەیی و جڤاکیشی نییە تاوەکو لۆبیەکی پێ دروست بکات، تەنانەت کورد لە بەغداد ملیۆنێک زیاترە، لۆبی نییە بۆ داواکاری مافی سروشتی و ھیچ نەبێت بۆ رێگرییکردن لەو چیرۆکی سوکایەتیانەی رۆژانە بە مرۆڤی کوردەوە دەکرێت، تەنانەت پەرلەمانتارەکانیش نەیانتوانیوە ئەم رۆڵە وازی بکەن و وەک پرسێک کاری لەسەر بکەن و ھەر خەریکی ململانێی حیزبی و ئایدۆلۆژی و گەیاندنی خەبەری ناخۆشن بۆ ئەم ھەرێمە ‌و کەوتوونەتە لێدان لە سەنگ و پێگەی ھەرێمەکەی خۆیان.