سەردێڕ:

یەکگرتووی ئیسلامی، حیزبی ئیجباریی!

12/8/2019 8:27:33 PM
7983 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدولەتیف
+ -

کۆنگرەی ھەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، دەرگای لەسەر چیرۆکێکی تازە بۆ ریفۆرم و ئیێلاح لەناو کادران و لایەنگرانی ئەم حیزبە کردۆتەوەو دیسان ریفۆرم و ناوگۆڕین و کێشمەکێشی ئەمیندارو ئەوانی دیکە و پرسی جیاکردنەوەی سیاسەت و بانگەواز بۆتەوە رۆژەڤێکی گەرم.
رەنگە ئیتر دواخستنی تەلەبی ئیسلاح و خواستی گۆرانکاری جددی و نەھێنانە پێشەوەی وزەی گەنج و گوتاری کلاسیکیانە بۆ سیاسەت و بانگەواز، ئینتیحاری سیاسی بێت بۆ ئەم پارتە ئیسلامیە، مۆدێلی نوێی کارکردن و نەخشەرێگای سیاسی و دیدی نوێ و تەتەڵەکردنی کادران بەتەواوی کاتی ھاتوە، بەجۆرێک کۆنگرەی ئایندە دەبێت بە تۆپزیی ئەم پرسانە یەکلایی بکاتەوە، ئەگەرچی سەختە دەستکاریی روانگەی کلاسیکیانەی ئەمینداری گشتی بکرێت، لە کەوانەیەکدا "ھەموو کێشەکان نابێت بە عەلاگەی ئەمیندارەوە ھەڵبواسرێت"  ئەوەش راستەو باوەرم وایە ئەم حیزبە ھێشتا ئیلھام لە ئەمیندارەکەیەوە وەردەگرێت و بریاردان بە دەرەجەی یەک کۆکراوەتەوە لە یەک کەسداو ئەو کەسەش بەو ئاسانییە کە قوڵاییەکی فیکریی و رێکخراوەیی و ئیخوانی و کاریزماتیکی ھەیە، دەستبەرداریی کایەی سیاسی و کورسیەکەی نابێت، بەتایبەتی پرسی جیاکردنەوەی بانگەواز لە سیاسەت کە یەکێکە لە نەشتەرگەریە سەختەکان و وەک لە بێژنگدانی ئاو وایە ئاسان نییە، ئەمەش سروشتی تەواوی حیزبە رۆژھەڵاتیەکانەو بە ئاسانی مرۆڤ ناتوانێت ھاتوچۆی تێدابکات و دەستکاری و چاکسازیی جومگە ھەستیارەکانی بکات بەبێ لوتکەی ھەرەمەکە، لە دامێنی ھەرەمەکەشدا کەسانی ھەلپەرست و حیزبکوژو گەندەڵ بەو دەسەڵات و تەمەنە زۆرەی خۆیانەوە ماونەتەوە لەدەرەوەی ھەموو رێکارو یاساو دیسپلین و لێپرسینەوەیەکی حیزبی، ئەمانیش ھێندەی تر بازنەکەی دەوری ئەمینداریان توندترو تۆختر کردۆتەوە و رێگاکە سەختر دەکەن بۆ گۆرانکاریی و شەفافیەت و ریفۆرم، بۆیە پێش ئەمیندار پێویستە کۆنگرە دەستکاری ئەم ھێڵەی پێشەوەو ئەم بازنە حیزبکوژە بکات، ئەم خڵتەو پڵتەیە لابەرێت، ھەڵەیە لە جوڵەی یەکەم دەستبەریت بۆ جوڵاندنی مەلیک و لوتکەی ھەرەمەکە، سەرەتا دامێنەکە دەبێت پاک بکەنەوە لەو کەسانە و چیتر بەسەری پیرۆزیان سوێندی تەنزیمی و رێکخراوەیی و پاکیزەیی نەخۆن!
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان حیزبێکی ئاینی ئایدۆلۆژیی مەزھەبگەرای نەرمرەوی ھێمنە، لە سەروەختی ئیعلانی ئەم حیزبەوە لە ساڵی ١٩٩٤ تا ئێستا، تاکە پێناسەیەک بۆ ئەم حیزبەی بکەین لەدەرەوەی عاتیفەو موجامەلەی سەرکردەکانی، ئەوەیە حیزبێکی ئیجبارییە بۆ کوردستان، بەدەرەجەی ئیرشادو پەروەردەو زەرورەتی فیکریی و سیاسی و مرۆیی، ھەم لە بواری پەروەردەو ئیسڵاح، ھەم لە بواری ئیتیکی سیاسی و مۆدێل و زیھنیەتی حیزبایەتی، ناکرێت گروپێکی دەسترۆشتووی خاوەن ئیمتیازو بەڵاو حەرەج بۆ سەر ئەم حیزبە، ئەم توراس و سەرمایە رەمزیە لە ئیجبارییەوە بۆ خەڵکی بگۆڕن بە ئیخیتیاری و شکۆی حیزب بکەن بە قوربانی پۆست و ئیمتیازو خوێندنی  راقی مناڵ و کۆشکی شاھانەی کەس و کاریان؟
 ئێستا کە یەکگرتوو بەتەواوی ھێزی جەماوەریی و بیرو ئایدۆلۆژیی و رێکخراوەیی خۆیەوە خەریکی ریسک و دەستکاریکردنی ریشەیی و پەیرەوی ناوخۆیی کلاسیکیانەی خۆیەتی، گرنگە بە جورئەتەوە دەستبخاتە سەر برینە گەورەکەو گوێ بە ھیچ کاردانەوەو خاترجەمییەکی ئەو تایپە نەدات کە قوڕکی حیزبیان توند گرتوەو ئۆباڵەکەشیان خستۆتە سەر گەردنی ئەمیندار و لای ئەمیندار قسەیەک و لە بازنە و ئوسرەکانیشدا قسەیەک، ئەگەرچی ھەر بۆخۆی باسکردنی ئەم جۆرە لە برین و کێشەو بێشە لە حیزبدا ھەنگاوی ئەرێنیە بەرەو دۆزینەوەی رێگا راستەکە، ئەو رێگایەی چیتر نابێت ئەکتەرە کۆنەکان بەتەنھا پاڵەوانی سەرەکی بن تیایدا، ئەوانەی زەمەنێکە لەگەڵ کاروانەکەدا ھەم وەک کاروانچی و ھەم وەک رێبەرو سەرکاری رەھا، ھاوکارو پشتیوان بوون و رەنگە ئیتر کاتی ھاتبێت یەکگرتوو بە عەینەکەوە رێنەکات، چاوی گەنج و بیری تیژوو سیاسەتی ھاوسەنگ بەبێ عەینەک گەشە پێبدات تاوەکو بتوانێت گوتاری سیاسی خۆی بگونجێنێت و ژینگەی سیاسی خۆشی بپارێزێت.
لە راستیدا دروستکردنی فۆرمێک بۆ ئیشکردنی دونیەویی "پەرلەمانی و حکومیی" لە دەرەوەی یەکگرتووی ئیسلامی، بەمانایەکی تر ئیئتیلافێکی سیاسی و ھەیکەلێکی نوێ بەپێ پاشگریی ئیسلامی، ھاوتەریبی مەرجەعیەتێکی حیزبی مەرکەزیی خاوەن دیسپلین بۆ پەروەردەو بانگەوازو شەریعەت و مزگەوت، دەرەنجامێکی پۆزەتیف ئەدات بەدەستەوە، وەک چۆن موقتەداو عامیریی لە بەغداد لە رێگای"سائیرون و فەتح" کردیان و سەرکەوتووش بوون، بەڵام پرۆسەکە بۆ پاکتاوی نەیاران و کێبرکێکارانی ناو حیزب و بازنەی مونافیسی ئەمینداریەت و کردەو گەمەیەکی تەکتیکی سیاسی نەبێت بۆ کپکردنەوەی دەنگە نارازیەکانی ناو کۆنگرەو کۆنفرانسکاران، رێک ھەنگاوی عەمەلی بێت بە دەنگی بەرز بۆ دروستکردنەوەی گوتار و دیسکۆرس و بڕیاردانی دروست لەم حیزبەدا، نەک باسکردنی پرۆسەکە بە تەدەروج و قۆناغبەندیی، ئەمە وەک ئەوەیە ھیچ نەکرابێت، ئەم ھەنگاوە چەند پێویستی بە جورئەتی سیاسی و مرونەتی رێکخراوەیی ھەیە، ئەوەندەش پێویستی بە دروستکردنی کەشی لەبار ھەیە بەرەو کەلتوریی پێکەوەیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و وەلانانی رق و بیرکردنەوەی ستالینیانە بۆ ئەوانی تر، ئەم سەردەمە ئەگەر سەردەمی دیموکراسی و گەشەی فیکرو کرانەوەو بیزنس و کۆنتراکتە.