سەردێڕ:

حکومڕانییەک لێوان لێو لە خیانەت!

10/18/2020 5:34:57 PM
5340 جار خوێندراوەتەوە
تەها ئەحمەد
+ -

حکومەت بەمەبەست ئەیەوێت کەرتی گشتی وێران بکات تا بیانکاتە کەرتی بازرگانی سەربە کۆمپانیاکانی بنەماڵە و حزبە دەسەڵاتدارەکان.
تا کەرتی کارەبا رێگەی بۆ خۆشنەکرا و بڕیاری بەخشینی بە کەرتی تایبەت نەدرا، وێستگەکان لە نەوتەوە نەکران بە غاز!
بەمەرجێ غاز زۆرتر و ھەرزانتر بوو ئەتوانرا کارەبای پێباش بکرێت!

ئێستا بۆیە کارەبا باش ئەکەن لەبەرئەوەی داھاتەکەی ئەچێتەوە گیرفانی خۆیان.
وەک چۆن کەرتی ئاوی ماڵان، کە ژێرخانەکەی بە پارەی حکومەت دامەزراوە، ئیستا بە درۆی دانانی پێوەری ساختە داھاتی ئەو کەرتە گشتییەش لەلایەن کۆپانیایەکی سەر بە دەسەڵات ئەدزرێت و ناگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت!
کەرتی تەندروستی ھیچی بەسەر ھیچەوە نەماوە، وەک ئەیبینن، ئێستا زۆربەی خەستەخانە و دەرمانخانەکان لە چنگی بەرپرسە برسییە چاوچنۆکەکانیاندایە و ھەموو تەندروستی بۆتە بازرگانییەکی ناشرین.

بەھەمان مەبەست، ئێستا دەسەڵاتی دوو بنەماڵە و شەریکەکانیان، کار لەسەر وێرانکردنی کەرتی پەروەردە دەکەن، بەمەبەست و بە ئەنقەست. 
لەڕێگەی نەدان و کەمکردنەوەی موچە و بڕیاری بە ئۆنلاین کردنی خوێندن و ھێشتنەوەی قوتابخانەکان بەداخراوی و کردنەوەی قوتابخانە ئەھلییەکان، ئەیانەوێت کەرتی پەروەردە لە رەگ و ریشەوە دەربێنن، رێگە خۆشبکەن بۆ ئەوەی بیکەنە کەرتێکی بازرگانی تایبەت بە پیاوە ناشرین و بازرگانە سیاسییەکانی سەربەخۆیان.
ھەموو ئەم بازرگانییەش بەسەر گیرفانی بەتاڵی خەڵکەوە دەکرێت.
گومانیشی تیانییە، یەکێتی مامۆستایانیش ھاوکارە لەم سیناریۆ ناشرینەی دەسەڵاتی بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی ئەم ھەرێمە بێخاوەنە.