سەردێڕ:

تۆ بۆ ئەتەوێت ژیانی من خۆش بکەیت؟

12/3/2019 11:05:55 PM
7797 جار خوێندراوەتەوە
تەها ئەحمەد
+ -

گەنجێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک لەسەر بابەتی کەسێکی سیاسی کۆمێنتێک لەشێوەی پرسیار ئاڕاستەی نووسەری بابەتەکە دەکات و ئەپرسێت: "تۆ بۆ ئەتەوێ ژیانی من خۆشبکەی؟"

ھەندێک وەڵامی ئەم پرسیارەیان زۆر بەلاوە قورس و ئەستەم بوو.

بۆ ئەو گەنجەی ئەم پرسیارەی کرد و ھەر کەسێکیتر کە وەڵامی ئەم پرسیارەی ئەوێت ئەمە وەڵامی پرسیارەکەیە: 

 پرسیارێکی زۆر ئاسانە: بۆیە دەمانەوێت ژیانی تۆ خۆشبێت تا ژیانی ھەموومان خۆشبێت.

چۆن؟

ئەگەر بەتەنیا "من" ژیانم باشبێت، مەرج نییە ژیانم خۆشبێت، کاتێک خەڵکێکی زۆر ژیانیان "باشنییە" خۆشنییە،  خۆشی لەھەموان ئەشێوێت.

ئەمەش کرۆکی مانای دادپەروەرییە، بەشێوەی ژیان لەناو کەشتییەک، کاتێک لە نھۆمی ژێرەوە کۆمەڵێک ھیچ ئاوێکیان دەستناکەوێت، ھەروەھا چینی باڵادەستی سەرەوە ڕێنادەن ئەمانیش بێنە ژیانێکی بەرزتر وەک ئەمان بتوانن ژیانێکی باشتر بژین، لانی کەم ئاوی خواردنیان دەستبکەوێت بۆ ئەوەی نەخنکێن و نەمرن ناچار دەبن بە کونکردنی کەشتییەکە، ئەگەر کەسانێکی عاقڵ لەچینی سەرەوە دەنگ بەرزکەنەوە بڵێن ئەوانیش پێویستە وەک مرۆڤ بژین ئەوا لەناچاری کونکردنی ژێرەوەی کەشتییەکە ھەموو تیا ئەچن بەوانەی خۆش ئەژین و بەوانەشی نان و ئاویان نییە تا پێی بژین.

بەڵام کەسە ئەنانی و خۆپەرست و کەم ئەقڵ و کورتبینەکان ئەو کەمە ژیانە خۆشەی کە نایانەوێ کەسیتر بەشداربێت لەگەڵیان بییرکردنەوەی دروست و دنیابینی فراوانیان کوێردەکات و کاتێک بەھۆش خۆیانا دێنەوە ئەوانەی ژیانیان بووە بە مەرگەسات دێنە سەریان لە فشاری ئەو ئاوەی داخڵی کەشتییەکە بووە بەھۆی کونکردنیەوە، قیادەی کەشتیەکەیان لێوەردەگرنەوە.

جا کەسی عاقڵ لەم نێوەندە ئەو کەسەیە کە پێش ئەوەی بگاتە ئەوەی ھەندێک لەتینوێتیدا بمرن و ھەندێکیتر لە پڕبوونی کەشتییەکەدا بمرن و ھەندێکیش کە لەژێر فشاری مەرگ زۆر بۆ ھێنان دێنە سەرەوە و ئەوکەسانەی لەسەرەوە ئەمە قبوڵناکەن و خوێنیان ئەڕژن، مردنی ژمارەیەکی زۆریش بەھۆی نوقمبوونی کەشتییەکەوە و دەربازبوونی ژمارەیەکی کەم و ھاتنە سەر کەشتیەکی کاولبوو، ھەست بەم مەترسیە ئەکەن داوائەکەن زۆرینەی زۆری سەرنشینی کەشتیەکە پشتیوانیان بن بەمەبەستی ئەوەی ئاستی ھەموو سەرنشینی کەشتییەکە ئەگەر وەک یەکیش نەبێت لانیکەمی دادپەروەری بچەسپێنن بۆ ئەوەی ناچارنەبن بەکونکردنی کەشتییەکە. لەبەر ئائەمەیە کە ئەمانەوێت تۆ ژیانت خۆشبێت.

ئێستا تێگەیشتی بۆ ئەمانەوێت تۆی ھاوڵاتی ژیانت خۆشبێت.

ئەمە وەک تیۆریی شتێکی جوان و ڕاستە و ھەموو کەسێک ئەوەی کەمێک خوا نیعمەتی ژیری پێدابێت بڕوا بەم بەڵگەیە ئەکات.

بەڵام ئەوەی جێی مشتومڕە و ناحەقی زۆرێک ناگرم کە لە گۆڕەپانی جێبەجێکردندا ئەمە بە کارێکی ئەستەم بزانێت بەھۆی ئەوەی زۆر کەسیتر و سیاسیتر ئەم بانگەشەیان کردووە، بەڵام لەبەرامبەر دەسکەوتە تایبەت و کەسییەکاندا خۆیان نەگرت و بەسەر پشتی خەڵکە ڕەشووڕوتی بنی کەشتیەکە دزەیانکردووە، خۆشگوزەرانیەکانی سەرەوەی کەشتیەکە و  دەستبەرداری داوای ھاوڕێکانیان بوون کە بەسەرپشتی ئەواندا چوونە ئەو جێگەیە و کە کەوتنە فەرەحیەوە کەوتنە پاساوھێنانەوە و شەریکەبەش لەگەڵ تاقمە بەرژەوەندی خوازەکانی سەرەوەی کەشتییەکە.

ھیچ کەس بۆ ئەمەیان ناتوانێت گرنتی ئەوە بدات کە مرۆڤەکان ھەموو بەپاکی بمێننەوە و خۆیاننەفرۆشن، ئەوەی گرنتییە بڕوای ھاووڵاتیانە بەو کەسانەی تا ئێستا خۆڕاگر ماونەتەوە و خۆیان نەفرۆشتووە و لەخەمی بەرژەوەندی گشتیدان و بەرژەوەندییە تایبەتەکانییەکانی خۆیان پشتگوێ خستووە، بۆ ئەمەش کارێکی زۆر سەخت نییە ئەگەر بڕوانین لە دەور و پشتمان ئەوھێزە ئەبیننین کە لە گۆڕەپانی سیاسی ئەم ڕۆڵە دەبینێت.

بەڵام کەسە نەخۆش و دڵ مردووەکان تەنیا لەخەمی خۆیانن و ئەنانیەت زاڵە تێیاندا حەزدەکەن ھەموو خەڵک ژیانی ناخۆشبێ تەنیا لەپێناو ئەوەی ژیانی خۆیان خۆشبێت، لەزەت لەنەبوونی دەورو بەرەکەیان ئەبینن. ئەمانەش ھەمیشە لەمێژوودا ڕسوای دنیاو دواڕۆژیش بوون.