سەردێڕ:

چما شەنگال ناپارێزن

8/3/2020 10:08:44 PM
6497 جار خوێندراوەتەوە
نەجات ئەحمەد
+ -

ھەڵدانەوەی پەڕەکانی تاوانی جینۆسایدکردنی شەنگال لەنێو چیرۆکی گەلێکی ھەراجکراودا، ھەمیشە ئەو تابلۆیەیە کە ھەمووان ھەوڵی خوێندنەوەی دێرە وونبووەکانی دەدەین و رۆژێک دێت ئەو تاوانە وەک سەرجەم تاوانەکانی دیکەیان کە دەرھەق بە گەلێکی ستەم لێکراو ئەنجامدراوە رۆژێک دابێت ھۆکارەکانی رووداوەکە ئاشکرا بکرێن.

تائێستا ئەو پرسیارە جدییەی کە ھەمووان بەدوایدا دەگەڕێین شەنگال چۆن کەوت؟ بۆچی ھاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە تووشی ئەو مەرگەساتە کرانەوە؟ کێ بەرپرسە؟ چی گوزەرا؟ بۆچی وایان بەسەر ھێندرا؟ لەپێناو چی بوو؟ ئەمە پرسیاری ھەموو مرۆڤ دۆستێکە چ لەنێو خۆ و چ لە دەرەوە کە شەنگال بۆچی وای بەسەر ھێندرا؟ بەڵام دڵنیام رۆژێک ھەموو وەڵامەکان دەزانین و وا بەئاسانی تێناپەڕێت.

مێژووی رووداوەکان ھەمووی لەنێو لاپەرەکانی پەرتووکە وونبوەکان نووسراوەتەوە و رۆژێکیش دێ بەڵگەکان بەھەزاران دانەیان لێ کۆپی دەکرێت و کەسیش ناتوانێ لەژێر چنگی عەدالەتی ژیان و روبەڕوبوونەوەی مرۆڤایەتی رزگاریان بکات، دوای شەش ساڵ ھێشتا ئێزیدیەکان بەدوای مەرھەمی برینە سارێژ نەکراوەکانیان وێڵن کە بەھەزاران چیرۆکی لەبیرنەکراویان ھێشتا کەس نەیتوانیووە بیان نووسێتەوە و ئەوان لەنێو تابووتی مەرگدا بەدوای ژیاندا دەگەڕێن و لاپەرە سپیەکانی ژیانیان لێ وون بووە.