سەردێڕ:

وەڵامێک بۆ سەرۆکی حکومەت

7/11/2020 10:24:33 PM
10537 جار خوێندراوەتەوە
نەجات ئەحمەد
+ -

لە پەراوێزی دووبارە دانانەوەی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی کاتێ دەیەوێ راستییەکان چەواشە بکات ووتی، لە کابینەی نۆ هەستم بە حیزبایەتی نەکردووە و فاشیلبوونی کابینەکەشی بۆ دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گەڕاندەوە.

بۆیە  من دەڵێم؛ ئێوە نەک هەر وەزیرەکانتان حزبین خەریکی گیرفانیانن، بەڵکو حکومەتێکی پۆلیسی و  ئەمنیتان درووستکردووە بۆ سەرکوتکردنی هەموو دەنگێکی ئازاد و ئازا، پێویستە دەست لەکار بکێشنەوە تا حکومەتێکی نیشتمانی لە خەڵکی پسپۆر و تەکنۆکرات پێکبهێنرێت بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە قەیرانیاوییەی کە ئێوە بە حکومڕانی ٢٩ ساڵەتان دروستان کردوە، تاکە بەرپرسیاریش دەسەڵاتی فاسید و فاشلی پارتی و یەکێتییە، تەمەنی کابینەی نۆ ساڵێکە و تەنیا ٤ مانگی کەوتووەتە نێو ئەو دۆخەی باستکرد، ئەی هەشت مانگەکەی دیکەی چیتان کردووە؟ کە بە دەیان ملیار دینارتان دەستکەوتووە لە فرۆشتنی نەوت بە زیاتر لە ٦٣ دۆلار و خاڵە سنووریەکان و گومرگەکان و داهاتی نێوخۆ،  ئەمە جگە لەهاتنی پارەی مووچەخۆران لە بەغداوە بە بڕی ٤٥٣ ملیار مانگانە، کەس نازانێ چیتان لێکردوە، جگە لەوەی لە ماوەی هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە هەمدیس دەیان ملیارتان دەستکەوتووە لە کۆکردنەوەی پارە لە دەوڵەمەندەکان و هاتنی یارمەتی رێکخراوە ناحکومیەکان و NGO کان بۆ یارمەتی هەرێم، جگە لە پێدانێ یارمەتیەکانی حکومەتی ولایەتە یەکگرتووکان بۆ هێزی پێشمەرگە.

سەڕەڕای دەست کەوتنی ئەو دەیان ملیارە، کەچی لەماوەی حەوت مانگی رابردووی ساڵی ٢٠٢٠ تەنیا یەک مووچەتان داوە و دواى ٥٧ رۆژیش موچەیەکی دیکەتان بە لێبڕینی لە ٢١% داوە بە مووچەخۆران. ئیتر باسی حکوم و حکومڕانی چیمان بۆ دەکەن جگە لەفەشەلی هەر سێ حیزبی حکومڕانی ئێستا و کابینەی نۆتان هیچ تەفسیرێکی دیکە هەڵناگرێت.